سەردێڕ:

لێبوردنی نێودەوڵەتی: پێویستە بەرپرسانی هەرێم هێرشەکانیان بۆ سەر رۆژنامەنووسان رابگرن

PM:05:49:02/05/2024

2928 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، پێویستە دەستبەجێ بەرپرسانی هەرێم کۆتایی بە هێرشەکانیان بۆ سەر ئازادی رۆژنامەگەریی و ئازادی رادەربڕین و دەستگیرکردن و لێدان و دادگایکردنی نادادپەروەرانەی رۆژنامەنووسان بهێنن. دەشڵێت، " سەرەڕای چەندین هۆشداری بەڵام بەرپرسانی هەرێم هێشتا بەردەوامن لە رێگەگرتن لە رۆژنامەنووسان و ئەشکەنجەدانیان کە ئەوەش پێچەوانەی یاساکانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووسانە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبارەی ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەرپرسانی هەرێم بەردەوامن لە پێشێلکارییەکانیان بەرامبەر بە ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین و دەستگیرکردن و دادگایکردنی رۆژنامەنووسان بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە و بە تەنها لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا ١٠ رۆژنامەنووس بە تۆمەتی جیاواز دەستگیرکراون.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە هەرێم ئازادی رۆژنامەگەری بەجۆرێک بەرتەسک کراوەتەوە کە هیچ رۆژنامەنووسێک ئازادی تەواوی نییە لە بەرامبەر ئەنجامدانی کارەکانی کە ئەوەش خواستی رێکخراوەکانی جیهان نییە و داواش دەکەن کە دەسەڵاتدارانی هەرێم رێز لە ئازادی رۆژنامەنووسان بگرن. وتیشی، " ساڵانە چەندین رۆژنامەنووس بە تۆمەتی جیاواز و بێ بنەما دەستگیر دەکرێن و پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت".

ئەوەش خراوەتە روو، بە گوێرەی راپۆرتەکانی سەنتەری میترۆ ساڵی رابردوو ٣٧ رۆژنامەنوس دەستگیرکراون و ٢٧ پێشلێشکاریش بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان کراوە.

باس لەوەش کراوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم شانازی بەوە دەکەن کە ئازادیی رۆژنامەگەریی لە هەرێم هەیە، بەڵام ئەوە بانگەشەیەکی گاڵتەجاڕانەیە بە لەبەرچاوگرتنی سەرکوتکردنی ئازادی رۆژنامەگەری و هەراسانکردن و تۆقاندن و دادگاییکردنی رۆژنامەنووسان، بەتایبەتی ئەوانەی کە راپۆرتیان لەسەر دۆسیەکانى گەندەڵی نوسیوە یان ڕەخنەیان لە مامەڵەکردنی دەسەڵاتداران لەگەڵ پرسە کۆمەڵایەتییەکان گرتووە.













گەلەری