سەردێڕ:

هەولێر؛ بەهۆی لافاوەوە ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بووە و ئاو چووەتە ناو چەند دوکانێک

PM:05:01:02/05/2024

8296 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی بارانبارینەوە لە بەشێکی زۆری شەقامەکانی هەولێر لافاو دروست بووە و بەهۆیەوە ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بووە و لەبازاڕی سورچیان لە پشت بینای پارێزگای هەولێر ئاو چووەتە نێو بەشێک لە دوکانەکان.


پەیامنێری ئێن ئا ڕ تی لە هەولێر رایگەیاند، لە ئەنجامی زۆری بڕی بارانبارینەوە لە گەڕەکی تەیراوا، بازاڕی سورچیان کە دەکەوێتە پشت بینای پارێزگای هەولێر، لە بەردەم قەڵای هەولێر، لە بنەسڵاوە، گەڕەکی فەرمانبەران، دارەتوو، شەقامی بەردەم پەروەردەی هەولێر و بەشێکی شەقامی ٦٠ مەتری لافاو دروست بووە و ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ هاوڵاتیان و شۆفێران دروست کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو لە بازاڕی سورچیان ئاو چووەتە ناو بەشێک لە دوکانەکان و لە گەڕەکی تەیراوا ئاستی ئاو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و لافاو دروست بووە، زیانێکی زۆری ماددی هەبووە.

هاوکات، هەر لەمڕۆدا بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو لەسەر رێگای نێوان کەرکوک- هەولێر لە ئەنجامی زۆری بڕی بارانبارین، ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ شۆفێران دروستبوو.

ئەوەش لەکاتێکدایە، کەشناسی هەرێم رایگەیاندبوو، لە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێکی لێزمەباران و هەورەبروسکە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەگرێتەوە و ئەگەری دروستبوونی لافاو دەبێت. وتیشی، شەپۆلەکە لە رۆژی هەینیشدا بەردەوام دەبێت.
ئومێد چۆمانی - هەولێر 














گەلەری