سەردێڕ:

بەهۆی بارانبارینەوە ئاستەنگی هاتوچۆ لەسەر رێگای نێوان کەرکوک -هەولێر دروستبووە

PM:04:30:02/05/2024

1892 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە لەسەر رێگای نێوان کەرکوک -هەولێر ئاوێکی زۆر کۆبووەتەوە و ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ شۆفێران دروست بووە.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی نیو کاتژمێرە قەرەباڵغییەکی زۆر لەسەر رێگای نێوان کەرکوک – هەولێر دروستبووە بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو لە رێگاکەدا لە ئەنجامی زۆری بڕی بارانبارین.

باسی لەوەش کرد، تا ئێستا تیمەکانی بەرگری شارستانی نەچوونەتە شوێنەکە بۆ هاوکاریکردنی هاوڵاتیان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر کەشناسی هەرێم هۆشداری ئەوەی دابوو شەپۆلێکی لێزمە باران و هەورەتریشقە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەگرێتەوە و ئاستى دابارین لەسەر بەشێک لە پارێزگاکانى سلێمانى و ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت، هاوکات ئەگەری دروست بوونی لافاو لە چەند ناوچەیەک دەبێت.

لەو بارەیەشەوە، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، داوا لە هاوڵاتییان دەکەن لەکاتی دروستبوونی لافاو لە ئەنجامی بارانبارینەوە، بڕۆنە بەرزترین شوێنی ماڵەکانیان و بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت رێگا گشتییەکان بەکارنەهێنن.

هاوکات، بەهۆی دۆخی کەشوهەوا و شەپۆلی بارانبارینەوە پارێزگای هەولێر راگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و داوا دەکات لەبەر سەلامەتی گیانی خۆیان و خێزانەکانیان، هاوڵاتییان لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی بۆ گەشت و سەیران سەردانی سەیرانگا و ناوچە شاخاوییەکان نەکەن.













گەلەری