سەردێڕ:

شانەی ئاسایشی عێراق: سودانی گرێبەستی کڕینی ٢١ فڕۆکەی لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کردووە

PM:11:20:29/04/2024

2736 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئاسایشی عێراق رایگەیاند، سودانی لە سەردانەکەی بۆ واشنتن گرێبەستێکی سەربازی بۆ کڕینی ٢١ فرۆکە واژۆکردوە.


تەحیسن خوفاجی سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئاسایشی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، واژۆی وەرگرتنی ١٢ فڕۆکەی بیڵ ٤١٢ و نۆ فڕۆکەی بیڵ ٤٠٧ـی کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، گرێبەستەکان لەچوارچێوەیەکدا کراون کە حکومەتی عێراق بە شێوەی قیست پارەی فڕۆکەکان بدات.

ئەوەشی خستەڕو، ئەمریکا ١٥ فڕۆکەی بیڵ ٥٠٥ـی دیکەی بۆ راهێنانی سوپا لە ئەرکی تایبەت بە ئۆپراسیۆنی زەمینی بەخشیوە بە عێراق.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا بەرهەمدار بووە بەتایبەت لە رووی ئابووری و وەبەرهێنانەوە و بەم زوانە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ئەو سەردانە دەردەکەون.

باسی لەوەش کردووە، حکومەتی عێراق بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە لە کۆنترۆڵکردنی نرخی دۆلار و یاریکردن بە دراوە بیانییەکان بۆیە نرخی دۆلار لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئابوورییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا کاتی پێویستە، بەڵام دەبنە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار.

لە هەفتەی رابردوودا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکای کرد و چەند رێککەوتنێکی لەبوارەکانی ئابووری و سەربازی وەبەرهێنان واژۆکرد.













گەلەری