سەردێڕ:

چاوگێک لە کارەبای هەرێم: تەنها ئەو وێستگانە کاریان پێکراوە کە کارەبا بۆ موسڵ دابین دەکەن

PM:09:37:02/12/2023

2312 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە کۆنتڕۆڵى کارەباى هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا کوژێندراونەتەوە و تەنها ئەو وێستگانە کاریان پێکراوە کە کارەبایان بۆ موسڵ و شارەکانى دیکەى عێراق بەرهەمهێناوە.


ئەمڕۆ شەممە، چاوگێک لە کۆنتڕۆڵى کارەباى هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تەنها ئەو وێستگانە کاریان پێکراوە کە کارەبایان بۆ موسڵ و شارەکانى دیکەى عێراق بەرهەمهێناوە و وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا کوژێندراونەتەوە.

دواى تێپەڕبوونى نزیکەى ٤٨ کاتژمێر لە کوژانەوەى گشتى کارەبا هێشتا دۆخى کارەباى نیشتیمانى ئاسایی نەبووەتەوە و تا ئێستا لە بەشێکى ناوچەکانى هەرێم کەمتر لە چوار کاتژمێر کارەبا دەدرێت بە خەڵک.

کوژانەوەى کارەباى گشتى لە دوو رۆژى رابردوودا لە کاتێکدایە، هەرێم نزیکەى یەک لەسەر سێى کارەباکەى دەفرۆشێت بە موسڵ و چەند ناوچەیەکى دیکەى عێراق و لە پلانیدایە ئاستی فرۆشتن بەرزبکاتەوە بۆ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات هەر مێگاواتێکیش بە ٣٢ دۆلار دەفرۆشێت بە بەغدا.

لای خۆشییەوە، سەلام قەزاز، سەرۆکی پێشووی دەزگای کارەبای هەرێم رایگەیاند، کێشەی کارەبا هی حکومەتە و بەتەنها وەزارەتی کارەبا لێی بەرپرس نییە. وتیشی، " کێشەی کارەبا واتای شکستهێنانی حکومەتە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ئێستادا دۆخی کارەبای نیشتیمانیی لە هەرێم لەوپەڕی خراپیدایە و لە چەند رۆژی رابردوودا، بەهۆی فرۆشتنی کارەباوە بە موسڵ لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە، چەند کاتژمێرێک لە ناوەندی دهۆک و ئامێدی و زاخۆ و ئاکرێ و بەردەڕەش و ناحیە و گوندەکان کارەبا کوژایەوە.

ساڵانە لەگەڵ گەیشتنی وەرزی سەرما و گەرما، پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتییان کەمدەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە وەرزە ساردەکاندا هاوڵاتییان گرفتی نەبوونی نەوتیان هەیە و حکومەتی کاربەڕێکەر نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا دابەشناکات و ئەمساڵ نەوتی ساڵانی رابردوویان پێدەفرۆشێتەوە.

لە وەرزی گەرماشدا گرفتی کەمئاوی دروستدەبێت، بۆیەش هاوڵاتییان سەرەڕای نەبوونی سوتەمەنی بۆ گەرمکەرەوەکان و ئاو بۆ فێنککەرەوەکان، کارەبای نیشتیمانیشیان پێنادرێت تاوەکو سوودی لێوەربگرن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەى ٣٢ ساڵە دەسەڵاتى هەرێم کێشەى کارەباى بۆ چارەسەر ناکرێت و ئێستاش یەکێتى و پارتى کارەبا بەرهەم دەهێنن، بەڵام نایدەن بە هاوڵاتیانى هەرێم و دەیفرۆشن بە عێراق.













گەلەری