سەردێڕ:

لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە بەسڕە ١٤ کەس گیانیان لەدەستدا

AM:10:39:21/11/2023

5220 جار خوێندراوەتەوە

میدیا عەرەبییەکان رایانگەیاند، لەسەر رێگەی سەرەکی سەفوان – ئوم قەسڕ لە بەسڕە پاسێک و بارهەڵگرێک بەیەکیاندا کێشاوە و بەهۆیەوە ١٤ کەس گیانیان لەدەستداوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، شایەتحاڵێک بە ئاژانسی بەغداد ئەلیەومی راگەیاندووە، لەسەر رێگای سەرەکی سەفوان – ئوم قەسڕ لە پارێزگای بەسڕە بارهەڵگرێک بەهۆی خێراییەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە پاسێکدا و لە ئەنجامدا ١٤ سەرنشین گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە ١٠ مامۆستا و ٤ منداڵ بوون کە دەچوون بۆ قوتابخانە و تەرمەکانیان رەوانەی پزیشک دادی بەسڕە کراوە بۆ توێکاری، ئەوەش هاتووە، شۆفێری بارهەڵگرەکەش بریندارە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

لە ئێستاشدا، تیمەکانی هاتوچۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیان لە چۆنییەتی و شێوازی رووداوەکە دەستپێکردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە پارێزگاکانی عێراق لە ماوەی ١٠ مانگی رابردوودا زیاتر لە حەوت هەزار و ٣٢٣ رووداوی هاتوچۆ تۆمارکراون، کە بەپێی وتەی هاتوچۆ، رێژەی ٪٧٠ـی رووداوەکان بەهۆی تیژڕەوی و بەکارهێنانی مۆبایلەوە بووە.













گەلەری