AM:12:08:24/09/2023
7100 جار خوێندراوەتەوە
لیژنەی دارای پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کۆبونەوەیەک سەبارەت بە دابینکردنی نەوت و بەنزین بەنرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێمی کوردستان کرا و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتودا نەوتی سپی و بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو بگاتە هەرێم.
رۆژی شەممە، چاوگێک لە لیژنەی دارای پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، چەند بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى نەوتی عێراق کۆبوونەتەوە و لەسەر چەند پرسێکی تایبەت گفتوگۆیان کردووە، لە نێویاندا بابەتى دابینکردنى نەوتى سپى بۆ هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە پلاندایە بەنزین و نەوتى سپى بۆ هەرێمى
کوردستان دابین بکەن بە نرخى پاڵپشتیکراو بە پشتبەستن بە پاڵاوگەی بێجی کە ئاستی وەبەرهێنانی
بۆ ١٤٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرزکردوەتەوە .
لە چەند رۆژی رابردودا ، نرخی بەنزین لە سلێمانی ١٠٠دینار تاوەکو ٢٠٠ دینار دابەزیوە و لە ئێستادا لە بەشێک لە بەنزینخانەکان یەک لیتر
بەنزین بە ٨٥٠ دینارە.