سەردێڕ:

روسیا هۆشداری دەدات لە ئەندام بوونى ئۆکرانیا لە هاوپەیمانى ناتۆ

AM:11:06:03/06/2023

2776 جار خوێندراوەتەوە

روسیا هۆشداری دا لە ئەندام بوونى ئۆکرانیا لە ناتۆ و رایگەیاند، لە ئەگەری پەیوەست بوونیدا دەبێتە هۆی قوڵکردنەوەی کێشەکان.


ئەمڕۆ شەممە، دیمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا "کرملین" رایگەیاند، بە ئەندام بوونی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانى ناتۆ هۆکاری سەرەکی دروست بوونی نا ئارامی و کێشەکانە و دەبێتە هۆی قوڵ بوونەوەی کێشەکان بۆ ساڵانێکی زۆر.

وتیشی، ئەو هەوڵانەی ئۆکرانیا دەریدەخات کە ئامادە نیە بێتە سەر مێزی دانوستاندن بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان.

لە لایەکی دیکەوە پیسکۆڤ باسی لەوەکرد، واشنتۆن رێڕەوی ناتۆ دیاری دەکات و ئەندامەکانی دیکەی ناوی وەک ئامڕازێکی گوێڕایەڵی بەشدارن لە ناو هاوپەیمانییەکەدا.

ئەوە لە کاتێکدایە، قسەکانی دیمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی کرملین دوای ئەوە دێت، دوێنێ وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیری لە ئەندام بوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ دەکات و ئاماژەی بەوەشدا، رێگەی بەرەو پێشەوەچونیش بەردەوامبونە لە هاوکاری کردن و پڕ چەک کردنی ئۆکرانیا بۆ ئاسایشی وڵاتەکەی لە کورتخایەن و درێژخایەندا.

هاوکات، دوێنێ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا رایگەیاند، ئاگربەستی شەڕی ئۆکرانیا ئەو کاتە بەدی دێت کە رێککەوتنێکی ئاشتی دادپەروەرانە بێت و کشانەوەی هێزەکانی روسیا لە ئۆکرانیا دەستبەر بکات.

لە شوباتی ٢٠٢٢وە بە فەرمانی ڤلادمێر پوتین سەرۆکی روسیا هێرشکرایە سەر وڵاتی ئۆکرانیا و ئێستا ماوەی زیاتر لە ساڵێک و سێ مانگە جەنگەکە بەردەوامە.













گەلەری