سەرلە بەیانى ئەمڕۆ شەممە، تاقیکردنەوەکانى خوێندکارانى پۆلى ١٢ى ئامادەیى لە هەرێمى کوردستان دەستى پێکرد.
ئالان حمەسەعید وەزیرى پەروەردەى حکومەتى کار بەڕێکەرى هەرێم لە کۆنفڕانسێکى رۆژنامەوانى رایگەیاند، کۆی ئەو خوێندکارانەى مافی تاقیکردنەوەیان هەیە لە هەرێمى کوردستان ١١٧ هەزار و ٣٦٤ خوێندکارن، لەو ژمارەیەش ٧٥ هەزار و ٢٣٩ لە بەشی زانستی ٣٩ هەزار و ١١٣ لە بەشی وێژەیی و ٣ هەزار و ١٢ خوێندکار لە بەشی پیشەیین.
هاوکات دڵشاد عومەر بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى پارێزگاى
سلێمانى، لە کۆنفڕانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێستا گەیشتینە قۆناغى کۆتایى
لە ناوەندەکانى خوێندن بۆ ساڵى ٢٠٢٢-٢٠٢٣، وتیشى، ئەمساڵ لە سنورى پارێزگاى
سلێمانى، بە هەریەک لە بەشەکانى زانستى و وێژەیى و پیشەیى، ٤٣٩ هۆڵى
تاقیکردنەوەیان هەیە و ٢٦ هەزار و ٣٨٤ خوێندکار داخڵى تاقیکردنەوەکان دەبن.
وتیشی، پێش دەستپێکی تاقیکردنەوەکان چوار باندی فرۆشتنەوەی پرسیارەکان دەستگیرکراون و یەکێک
لەوانە هەفتەی رابردوو سێ ساڵ زیندانی کراوە، لە سۆران و پشدەریش باندی فرۆشتنەوەی
پرسیار دەستگیرکراون.
بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى راشیگەیاند، ١٨ هەزار و ٢٣٦
خوێندکارى بەشى زانستیە و شەش هەزار و ٨٣٨ خوێندکاریش بەشى وێژەییە و هەزار و ٣١٠
خوێندکاریش هى پیشەییە.
هاوکات ئاشکرای کرد، چوار هەزار و دوو مامۆستا وەک
بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێرى هۆڵەکانى تاقیکردنەوە لە سنورى پارێزگاى سلێمانى تەرخان
کراون.
ساڵی رابردوو ٢٧ـی حوزەیران، تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ـی
ئامادەیی خولی یەکەم دەستیپێکرد؛ لە سنوری پارێزگای هەولێر ٤٢ هەزار و ١١٢ خوێندکار،
لە سلێمانی ٢٨ هەزار و ٧٢٨ خوێندکار، لە دهۆک ٢٩ هەزار و ٨٤٥ خوێندکار و لە سنوری
پارێزگای هەڵەبجەش هەزار و ٧٢٩ خوێندکار، مافی بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوەکاندا
هەبوو.