سەردێڕ:

هەڵوێستێکى شازادەى جێنشینى سعودیە لە بەرامبەر عێراق مشتومڕى لێدەکەوێتەوە

محەمەد سەلمان شازادەى جێنشینى عەرەبستانى سعودیە
AM:09:05:26/05/2023

6200 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسى سی ئێن ئێنى عەرەبى ئەمڕۆ هەینى لە هەواڵێکدا، ئاماژەى بەوەکردوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەک بڵاوبووەتەوە، تیایدا محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق باس لە هەڵوێستێکى محەمەد سەلمان شازادەى جێنشینى سعودیە دەکات، ئەمەش مشتومڕى زۆرى لێکەوتوەتەوە.


سودانى لەو ڤیدیۆیەدا کە کەناڵى جەزیرەى قەتەرى بڵاویکردوەتەوە تیایدا ئاماژە بەودەکات، بە شازادەى جێنشینم وت بیرمە لە ساڵى ٢٠١٧ کاتێک چەند جارێک سەردانى سعودیەمان کرد، ئەوکاتە من وەزیر بوم و حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیران بوو، بە سەرۆک وەزیرانى عێراقت وت، "بەڕێز دکتۆر حەیدەر من و وەزیرەکانم لە سعودیە هەمومان راوێژکارین لە بەردەستى تۆدا".

سەرۆک وەزیرانى عێراق لە ڤیدیۆکەدا زیاتر لەسەر ئەو بابەتە دەدوێت و دەڵێت، لەم رۆژانەدا کە لە کۆڕبەندى کۆبوونەوەى وڵاتانى عەرەبى بوین لە جەددە، محمد سەلمان شازادەى جێنشین، هەمان قسەى بەمنیش وتەوە و رایگەیاند، "براکەم سودانى من و وەزیرەکانم راوێژکارین لەبەردەستى تۆدا، ئامادەییم تێدایە لە یەک ملیار دۆلار هەتاکو ١٠٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنان بکەین لە عێراقدا".

محەمەد شیاع سودانى لە مانگى تشرینى یەکەمى ساڵى ٢٠٢٢ەوە لەلایەن سەرۆکایەتى کۆمارى عێراقەوە راسپێردرا بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى عێراق.

محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق، لە دایک بووى ساڵى ١٩٧٠ى سەدەى رابردووە لە پارێزگاى میسان، بڕوانامەى بەکالۆریۆسى لە زانستى کشتوکاڵدا بەدەستهێناوە، لە چەندین پۆست و بواردا بەرپرسیارێتى پێسپێردراوە لەوانە لە بوارەکانى کشتوکاڵ و کۆچ و کۆچبەران و دارایی و بازرگانى و پیشەسازى.














گەلەری