سەردێڕ:

وەزارەتی نەوتی عێراق: داهاتی نەوتی مانگی حوزەیران ١١ ملیار دۆلار بووە

AM:11:35:25/07/2022

1596 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی رابردووی نەوتی ئاشکردکرد و بەپێی وەزارەتەکە، داهاتی مانگی رابردووی نەوت ١١ ملیار دۆلار بووە.


وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە مانگی رابردوودا تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ١١٢ دۆلار پۆینت ٢٠٥ دانراوە.

بەپێی راپۆرتی مانگانەی وەزارەتی نەوتی عێراق، داهاتی نەوت بۆ مانگی حوزەیرانی رابردوو ١١ ملیار دۆلار و ٣٥٤ ملیۆن و ٥٤٤ هەزار دۆلار بووە، وەزارەتەکە دەڵێت بەپێی ئامارەکانی کۆتایی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق، هەناردەکردنی نەوتی خاو ١٠١ ملیۆن و ١٩١ هەزار و ٢٣٦ بەرمیل بووە.

هەر بەپێی راپۆرتەکە، کۆی هەناردەکراو لە نەوتی خاوی کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ٩٧ ملیۆن و ٩٨٠ هەزار و ٥٨٩ بەرمیل بووە و نەوتی هەناردەی کەرکوکیش دوو ملیۆن و ٩١٠ هەزار و ٨٨٧ بەرمیل بووە.

بەپێی راپۆرتەکانی ئەم دوواییانەی وەزارەتی نەوتی عێراق، داهاتی نەوتی عێراقی رووی لە زیادبوون کردووە و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاریش کاریگەریی زیاتری هەبووە لەسەر ئەو بەرزبوونەوەیە.

بەرزبوونەوەی داهاتی نەوتی بەدەر لە عێراق هەرمێی کوردستانیشی گرتووەتەوە، چونکە داهاتی سەرەکی هەرێمی کوردستانیش نەوتییە، بەڵام سەرەڕای زیادبوونی داهات، گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێم ناجێگیرە و نرخی شت و مەک و سوتەمەنی گرانە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی پێدانی موچەکانیان دوادەکەوێت.














گەلەری