سەردێڕ:

وردەکاری رووداوی کوشتنی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین

PM:09:00:28/06/2022

23772 جار خوێندراوەتەوە

کاتژمێر ٨ و ٣٠ خولەکی بەیانی کە هێشتا بەشێک لە هاوڵاتیان نەچوبونە سەر ئەرک و کاری خۆیان، رووداوی تەقەکردن لە راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەڵاحەدین میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی هەژاند.


دوای کەمتر لە کاتژمێرێکیش تەرمی مامۆستایەکی دیکەی هەمان زانکۆ لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە و ئاشکرابوو هەردوو رووداوەکە پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە و تۆمەتبارەکەش پێشتر خوێندکاری زانکۆ بووە و فەسڵ کراوە.

کێشەکە لەو کاتەوە سەری هەڵداوە خوێندکارەکە لە زانکۆی سۆران کاتی قۆپیەکردن لەگەڵ مامۆستا نیشتیمان دەبێت بە کێشەی و دواتر کێشەکە سەردەکێشێت بۆ دادگا و خوێندکارەکەش دەگیرێت و دواتر بە کەفالەت ئازاد دەکرێت.

دواتریش، تۆمەتبارەکە هەوڵی گواستنەوەی لە زانکۆی سۆرانەوە بۆ زانکۆی سەڵاحەدین دەدات بەڵام بەهۆی رێنماییەکانەوە کاوان ئیسماعیل راگری کۆلێژەکە رەزامەندی نادات و بەوهۆیەوە خویندکارەکە لەگەڵی دەبێتە کێشە.

هاوکات ٢٨ی ئەم مانگە واتە ئەمڕۆ رۆژی دادگاییکردنی بوو بەڵام وەک شایەتحاڵەکان دەڵێن تۆمەتبارەکە دەچێتە بەردەم کۆلێژی یاسا و کاتی هاتنی دکتۆر کاوان بۆ دەوام تەقەی لێدەکات و پێنج گولـلەی پێوەدەنێت کە یەکێکیان بەر سەری دەکەوێت و هاوکات پاسەوانێکش برینداردەبێت و دوای ئەوەش تۆمەتبارەکە دەچێتە سەر ماڵی مامۆستا نیشتیمان و تەقە لە ئیدریس حەمەخانی هاوسەری دەکات و دەیکوژێت کە مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەدینە و دکتۆر کاوانیش لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا.

تەرمی دکتۆر کاوان لە هەولێر و تەرمیئیدریس حەمەخانیش لە سلێمانی بەخاک سپێردران

هەرچەندە دەزگا ئەمنیەکان دەڵێن تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە بەڵام بەپێی زانیارییەکان تۆمەتبارەکە کوڕی بەرپرسێکی سەربازی باڵای پارتییە و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردووشدا لە هەرێم چوار کەس کوژراون کە بکوژەکان کوڕ و خزمی بەرپرسانی باڵای حزبین.













گەلەری