سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی سکاڵای ئەو مامۆستایەی زانکۆ بڵاودەکاتەوە کە لەسەر بکوژەکەی ئەمڕۆی هەولێر تۆماری کردبوو

PM:02:01:28/06/2022

84080 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی ئەو نوسراوەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، مامۆستایەکی کۆلێژی یاسای زانکۆی سۆران ساکاڵایەکی لەسەر ئەو خوێندکارەی بەیانی ئەمڕۆ لە هەولێر دوو مامۆستای زانکۆی کوشت، تۆمارکردووە بە مەبەستی پێداچوونەوەی کەیسێکی پێشووتری.


بەگوێرەی بەڵگەنامەکە، نیشتیمان عوسمان محەمەد، سکاڵای لەسەر "ئاراس مەهدی قاسم" تۆمارکردووە و داوای لە لیژنەی پێداچوونەوەی دەروونی لە دادگای سۆران کردووە پێداچوونەوە بۆ راپۆرتی پزیشکی ناوبراوبکەن بە بیانوی ئەوەی نەخۆشی دەروونی لەگەڵە.

هەر بەگوێرەی نوسراوەکە، سکاڵاکار دەڵێت، لەکاتی پێشکەشکردنی بۆ زانکۆی سۆران، هیچ پێشینەیەکی نەخۆشی لەو جۆرە و هیچ جۆرە نەخۆشییەکی تری نەبووە و تۆمار نەکراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەبەشی گرتن و گواستنەوەی سۆران لە ژێر هیچ جۆرە چارەسەرێکی دروونی نەبووە.

دەشڵێت، تەنانەت پارێزەرەکەشی کاتێک داواکاری پێشکەش بە دادگای لێکۆڵینەوەی سۆران کردووە باسی لەوە نەکردووە کە هیچ نەخۆشییەکی دەروونی هەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، کاتژمێر ٨ و ٣٠ خولەکی ئەمڕۆ، ئاراس مەهدی، لە کۆلیژی یاسای زانکۆی سەڵاحەدین چووە سەر کاوان ئیسماعیل راگری کۆلێژەکە و پێنج گوللەی پێوەدەنێت و بەسختی برینداری دەکات، دوای ئەوەی پێشتر پاسەوانێکی کۆلێژەکەی بریندارکردبوو. دوای گەیاندنی راگری کۆلێژی یاسا بە نەخۆشخانەی ئێمرجینسی هەولێر لەبەر سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا.

هەر ئەمڕۆ، پێشتر ئاراس مەهدی، دەچێتە سەر ماڵی نیشتیمان عوسمان، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی لەماڵ نابێت بە گولـلە ئیدریس عیزەتی مێردی، کە مامۆستابووە لە کۆلێژی ئەندازیاری لە زانکۆی سەڵاحەدین دەکوژێت.

دوا بەدوای رووداوەکە، چاوگێک لە ئاسایشی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، توانیویانە لە نزیک گوندی کانی بزرە و مورتکە دەستگیر بکەن کە هەوڵیداوە لەسنوری هەولێر بچێتە دەرەوە.


 
کەریم کەیفی -سۆران












گەلەری