سەردێڕ:

بەرگری و فریاکەوتن و کەسوکاری کوژراوەکان لێدوانی جیاواز دەدەن

PM:03:15:02/05/2022

22948 جار خوێندراوەتەوە

دوابەدوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ کەسێک هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی خەزوری و دەستڕێژی گولـلەی کردوو و چوار کەسی کوشت و کەسێکی بریندارکرد، و کەسوکاری کوژراوەکە رایانگەیاند بکوژەکە ئەندامی هێزە ئەمنییەکانە، بەرگری و فریاکەوتن دەڵێت، "ئێمە فەرمانگەی یاساییمان ئاگادار کردووەتەوە بۆ کاری پێویست"، هاوکات کەسوکاری کوژراوەکان دەڵێن، "ئەم مانگەش موچەی لە وەزارەتی پێشمەرگە وەرگرتووە."


کەسوکارێکی کوژراوەکان ئاماژەی بەوەکرد، بکوژەکە داڵدەدراوە لەلایەن بەرپرسی لیوای سێی بەرگری فریاکەوتن و پێشتر بە سێ کوشتنی دیکە تۆمەتبارکراوە.

لای خۆشیانەوە بەرگری فریاکەوتن و لیوای سێ وەزارەتی پێشمەرگە رایانگەیاند، ئەوان تۆمه‌تبار نه‌قیب حسین احمد صالح-یان به‌پێی ماددەی پێنجی یاسای سزادانی ھێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ئەنجومەنی لێكۆڵینەوەی لەسەر پێكھێنراوە لە بەشی یاسای لیواکەیان بەهۆی ئەوەی لە بەرواری ٢٥/٣/٢٠٢٢ چووەتە ریزی ھەڵھاتوانەوە.

دەشڵێت، "ئێمه‌ وه‌ک ئه‌ركی یاسایی خۆمان به‌ڕێزان له‌ فه‌رمانده‌یی پێشمه‌رگه‌ی به‌رگری و فریاكه‌وتن / فه‌رمانگه‌ی یاسایی ئاگاداركردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌م تۆمه‌تباره‌ شوێنی ئه‌ركه‌كه‌ی جێ هێشتووه‌ و ئاماده‌ نییه‌ خۆی راده‌ست بكات و تكایه‌ بفه‌رموون به‌ رێككاری یاسایی له‌ دژی تۆمه‌تبار."

هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، کە لە دەست مامی کوژراوەکانەوە دەستی کەوتووە بکوژەکە لەلایەن ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانییەوە لە نزیک ناوچەی هەنجیرەی ناحیەی تاسڵوجە دەستگیکراوە.

بەیانی ئەمڕۆ، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە گەڕەکی سەنگاوییەکانی ناحیەی شۆرشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ چوار کەس کوژراون و کەسێک بریندارە کە ژنێکی تەمەن ٦٨ ساڵانە.

بەگوێرەی وتەی شەریف رەحیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ، بە فیشەک تەقەیان لێکراوە و چوار کەسەکە برایەک و دوو خوشک و یەکێکیشیان تەمەنی چواردە ساڵە کە پێ دەچێت خوشکەزایان بێت و کاتژمێر حەوت و سی خولەکی ئەم بەیانییە تەرمەکان گەیەندراونەتە تەندروستی.

کەسێک لە خانەوادەی کوژراوەکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ زاواکەیان چووەتە سەر ماڵی باوکیان و خێزانەکەی خۆی و خوشکی ژنەکەی و برازایەکی و برایەکی ژنەکەی کوشتووە و دایکی ژنەکەشی بریندار کردووە.

 

شاڵاو عەلی، سلێمانی












گەلەری