سەردێڕ:

وەزارەتی پێشمەرگە لە بارەی هێرشە موشەکییەکانەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

PM:11:10:01/05/2022

5084 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، جارێکی تر گروپەکانی دەرچوو لە یاسا، لە ناحیەی بەرتلەی قەزای حەمدانییەی پارێزگای نەینەواوە، شەش موشەکیان ئاراستەی سنوری قەزای خەبات کرد. دەشڵێت، " بەپێی زانیارییەکان، هیچ زیانێکی گیانی بەدوادا نەهاتووە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە راگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئێوارەی ئەمڕۆ ١ی ئایاری ٢٠٢٢، جارێکی تر گروپەکانی دەرچوو لە یاسا، لە ناحیەی بەرتلەی قەزای حەمدانییەی پارێزگای نەینەواوە، شەش موشەکیان ئاراستەی سنوری قەزای خەبات کرد.

ئاماژەی بەوەشداوە، موشەکەکان لەنێوان زێی گەورە و قەزای خەبات کەوتوونەتە خوارەوە.

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، بەپێی زانیارییەکان، هیچ زیانێکی گیانی بەدوادا نەهاتووە.

دەشڵێت، لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکان لەمبارەیەوە دەستیان پێکردووە.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمە چەندین جارە لەو ناوچەیەوە، موشەکی کاتیۆشا ئاراستەی قەزای خەبات دەکرێن.

هاوکات، دژە تیرۆری کوردستان لە فەیسبووکی فەرمی خۆی لەبارەی هێرشە موشەکییەکانی سەر ناحیەی رزگاری راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، شەش مووشەک لە نزیک زێی بادینان لە قەزای خەبات کەوتنە خوارەوە.

دەشڵێت، بە گوێرەی زانیارییەکان، موشەکەکان لە سنوری ناحیەی بەرتلەی سەر بە قەزای حەمدانییەی پارێزگای نەینەوا ئاراستە کراون.













گەلەری