سەردێڕ:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق: مافی هەموو جۆرە وەڵامدانەوەیەکمان دژی تورکیا هەیە

AM:08:53:21/04/2022

7088 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەیان مافی خۆیەتی هەموو سەرچاوەکانی هێز بەکاربێنێت بۆ وەڵامدانەوەی تورکیا لە ئاستی دووقۆڵی و هەمەلایەنیدا و دەشڵێت، "قسەکانی ئەنقەرە بێ بنەمان و هیچ هەماهەنگییەک نییە لەبارەی هێرشەکانەوە."


ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی عێراق هێرشە سەربازییەکانی تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق بە پێشێلکاریەکی زەقی سەروەریی عێراق و مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی خاکەکەی دەبینێت و دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، "وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی تورکیای بانگ کردووە و یاداشتێکی ناڕەزایی توندی پێداوە و هێرشە سەربازییەکانی لە یاداشتەکەدا بە کردارێکی یەکلایەنەی دوژمنکارانە ناوبردوە."

دەشڵێت، " داوامان لە حکومەتی عێراق کردووە، بۆ کشانەوەی تەواوی سوپای تورکیا لە خاکی عێراق بە شێوەیەکی رێکخراو بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و پاراستنی وڵاتەکە لە هەر جۆرە دەستدرێژییەک."

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دەستپێکردنی ئۆپەڕاسیۆنەکانیان بە هاوکاری هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانە و سوپاسی کردن.

جێگەی ئاماژەیە، تا ئێستا سێ سەرۆکایەتییەکەی حکومەتی هەرێم هیچ راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە نەبووە و بێدەنگی هەڵبژاردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی ١٨ی ئەم مانگە، وەزارەتی بەرگری تورکیا ئۆپەڕاسیۆنێکی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان راگەیاند و ناوی لێناوە "کلیل چنگ" و تێیدا ناوچەکانی مەتینا و زاپ و ئاڤاشینی بە چڕی بۆردوومان کرد.

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر هێرشەکانی تورکیا بەردەوامییان هەبێت ئەوا شەڕ بە هەموو ناوچەیەکدا بڵاودەکەنەوە و دەیبەنە ناو گەورە شارەکانی تورکیاش.

جێگەی ئاماژەیە، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان لەدوای تەنها دوو رۆژ لە سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی ئەو وڵاتە و هاکان فیدانی سەرۆکی دەزگای میت.













گەلەری