سەردێڕ:

حکومەتێکی خۆکوژ

8/9/2020 2:45:14 PM
3585 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

ئەم حکومەتە بەھۆی ئەوەی کە ھەستی بە ئەو بەرپرسیارێتیە نەکرد کە لە ئەستۆی دابوو. لەلایەکی تریش پشتی کردە ئەو پڕۆژەیەی کە بۆ حکومەتەکەی خستبوویەڕوو. بەم ھۆیەوە حکومەت رووی لە سەرەو لێژبوونەوە کردوە و نازانرێت بەرەو چ ئاڕاستەیەکی مەترسیدار دەڕوات.

لە ئێستادا دەتوانین سەرۆک و ئەنجومەنی وەزیرانی ئەم حکومەتە بە گروپێکی خۆکوژ وەسف بکەین، چونکە لە لایەک ھەست بە ئەو بەرپرسیارێتیە گەورەیە ناکەن کە لەسەر شانیانە. لەلایەکی تریش بەم شێوازە مامەڵەیان لەگەڵ حوکمڕانیدا، نازانن کە چ ئایندەیەکی مەترسیدار روبەڕوی حکومەتەکەیان و ئایندەی سیاسی ھەرێمی کوردستان دەکەنەوە .

ئەو گروپەی ئێستا لە حکومەتدان بەو مامەڵە و ھەڵسوکەوتەی کە ئەنجامیان داوە وێنەیەکیان لەبەر چاوی ھاوڵاتیان دروست کردووە، کە ئەوان گروپێکی بەرژەوەندیخوازی حیزبی و بنەماڵەیی و تاکە کەسین. لای ئەوان شتێک نییە بەناوی خەمی خەڵک و نیشتیمان و رۆژبەڕۆژیش ئەو دوو فەزایە وێرانتر دەکەن، چونکە لەڕێگەی ئەم حوکمڕانیەوە ھاوڵاتی کوردستانیان بە تەواوی ریسواکرد و کوردستانیان کردۆتە مانگایەکی شیردەر تەنھا خۆشەویستیان بۆی لەبەر شیرەکەیەتی نەک شتی تر و بەم ھەڵوێستەشیان رۆژێک دێت منداری دەکەنەوە .

ئەم گروپە حوکمڕانە کاتێک کە پڕۆژەیەکی چاکسازیی دەخەنەڕوو لە سەر گیرفانی موچەخۆرانە و نایانەوێت دەستبەرن بۆ نەھێشتنی ئەو ھەموو گەندەڵیەی کە ھەیە لە کەرتی نەوت و گاز و خاڵە سنورییەکان و داھاتی ناوخۆ یان ئەو ھەموو بندیوارەی کە دایانمەزراندوە .

لێرەوە دەتوانین ئەم گروپە حکومڕانە بە گروپێکی خۆکوژ وەسف بکەین، کە حکومەت و گەل و ئایندەی سیاسی ھەرێمەکە بەرەو تونێلێکی تاریک و داخراو دەبەن و دوور نییە دووچاری تەقینەوەیەکی بکەن کە دواجار ھەمووی تیابچێت.

ئەو ئاڕاستە خۆکوژیەی کە حوکمڕانانی ھەرێم گرتویانەتەبەر، بەرئەنجامی ھێشتنەوەی کۆمەڵێک قەیرانە  بەکراوەیی بەبێ ئەوەی پڕۆژەیەکیان ھەبێت بۆ چاکسازی لەوانەش:
یەکەم..ئەو دابەشبوونەی کە ئێستا لە ھەرێمداھەیە بۆ زۆنی سەوز و زەرد، رۆژبەڕۆژ قوڵتر دەکرێتەوە. یەکێتی و پارتی ئاستی ململانێکانیان گەیاندۆتە ئەوەندە ئاستێکی نزم، بەمەش ھاوڵاتیانیان تەواو بێ ھیواکردوە کە ئەمانە توانای بنیاتنانی نیشتیمانێکی یەکگرتووی خاوەن سەروەری و گەشەسەندوویان ھەبێت.

دووەم..ھەژاری ئەم حکومەتە و کابینەی وزاریەکەی لە چارەسەری قەیرانەکان و بەدەمەوە چوونی کێشەکانی خەڵک. ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ نەشارەزایی و ناپسپۆڕی بەشێکی زۆر لە ئەندامانی کابینەکە کە پێشتر کەسانی ناسراو و خاوەن ئەزموون نەبوون، لەلایەکیتر زاڵبوونی فەزایەکی حیزبی بەسەر حکومەتەکەوە ئەندامانی تەواو دەستە پاچەکردوە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان.

سێھەم..زۆرینەی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ناڕازین لەم حکومەتە بە سەرۆک و ئەندامانی کابینەکەوە. چونکە نەیانتوانیوە ببنە جێگەی ھیوا و لە ئاست خواست و داواکانیاندا بن و کەسانێک بن کە ھەندێک لە کورسیەکانیان دابەزن و بزانن خەڵک لە چ دۆخێکدا دەژین .

چوارەم..بوونی حکومەتێکی بەسیاسیکراو، کە بەشێوەیەکی گشتی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دابەشکراوە و ئەوانیش کردوویانە بە فەزایەک بۆ دەستخستنی بەرژەوەندی بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان. چونکە لەخەیاڵدانی ئەم دوو حیزبەدا شتێک نییە بەناوی حکومەتی ھاوڵاتیان یان حکومەتی چاک.

پێنجەم..لە ئێستادا گەندەڵی زۆر بە خێرایی گەشەدەکات و تەواوی جومگەکانی حکومەتی گرتۆتەوە. ئەم حکومەتەش پەل و پۆ شکاوە لە چارەسەریدا لە راستیدا ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی حکومەتێکی سێبەر  کە رابەرایەتی پلانی گەندەڵی دەکات. ئەمانە گروپێکی بەھێزن خاوەنی ھێز و میلیشیا و دەسەڵاتی تایبەتن لەناو حکومەت و پەرلەمان و دادگاکان و میدیاشدا. لەبەرئەوە ئەو حکومەتەی لە واجیھەدا دەیبینی ھیچ دەسەڵاتێکی نییە و تەنھا ئەجێندای حکومەتە سێبەرەکە جێبەجێ دەکات .

لەبەرئەوەی ئەم حکومەتە توانای دەستبردنی نییە بۆ دۆسیە ھەستیاریەکان لە چارەسەری گەندەڵیدا، کەواتە لە ئێستادا ئاڕاستەیەکی خۆکوژی وەرگرتووە و دواجار ھەمووان بەرەو ئاڕاستەیەکی نادیار دەبات.