سەردێڕ:

نەوەی نوێ و پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی و ئەوانیتر

5/16/2020 11:40:02 AM
6302 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

نەوەی نۆێ ئەو ھێزە سیاسیە تازەیە کە توانی لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چوار کورسی و لە پەڕلەمانی کوردوستانیشدا ھەشت کورسی بەدەست بھێنێت، کە ئەمەش دەکاتە نزیکەی ٢٠٠ھەزار دەنگی ھاوڵاتیانی کوردوستان، ئەمە سەرەڕای ئەو تەزویرە زۆرەش کە کراوە و تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە دەنگەکانی نەوەی نوێ بۆ لایەنی تر حساب کراوە، ھاتنە پێشەوەی نەوەی نوێ بەم شێوەیە بەوە ھۆی نیگەرانی زۆر لایەنی سیاسی و ھەر یەکە لەلای خۆیەوە تۆمەتێکی بۆ دروست دەکرد، چونکە دەیانزانی وەک ھێزی چوارەمی سیاسی دەبێتە فاکتەرێکی گرنگ لە بزواندنی ڕوداوە سیاسیەکان و جەماوەر، بەتایبەتیش ئەگەر لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندا بێت.

نەوەی نوێ ھەر لە سەرەتاوە وەک ستراتیجیەتیی کاری سیاسی خۆی شێوازی ئۆپۆزسیۆنی ھەڵبژاردوە و بڕیاریداوە کە لە بەرەی گەل و داکۆکیکردندا بێت لە بەرژەوەندیەکانی ھاوڵاتیان و شێلگیرانە ڕوبەڕوی گەندەڵی ببێتەوە و داوای چاکسازیەکی ڕاستەقینە بکات، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەی ھەمو قوربانیدانێک بوە بە بەرژەوەندیەکانی خۆی لەسەر ئاستی تاک و حیزب، ئەم دیدە سیاسیە ھەر بە شێوەیەکی تیۆری نە بوو، بەڵکو لە واقیعدا چەسپاندی، بەشداریکردنی لە حکومەت ڕەتکردەوە، فراکسیۆنە پەڕلەمانیەکەی بەردەوام بەرگری لە مافەکانی گەل دەکات، جوڵانەوەکە لە ڕێگەی سەرۆک و ئەندامانەوە لە ھەمو ڕوداوە گەرمەکاندا لە ھێڵی پێشەوەی بەرگریدا بون لە مافەکانی ھاوڵاتیان، میدیا بەشێوەیەکی بەرنامەیی کاردەکات بۆ ھۆشیارکردنەوەی خەڵک و بەرگری لە مافەکانیان .

لەسەر ئەم شێوازی کارکردنە لە لایەن ھەردوو پارتی دەسەڵاتدارەوە کەوتونە ژێر فشار و گرتن و ڕاوەدونان و زیندانیکردنی خۆبەخشەکانی نەوەی نوێ و دەستگیرکردنی پەیامنێرە میدیاییەکانی و سوتاندنی نوسینگەکانی، بەتایبەت لە دەڤەری سلێمانی چەندان جار ھەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی سەرۆکی جوڵانەوەکە و دەستگیرراوە و چۆتە بەردەم دادگا، ئەمە لە کاتێکدایە کە نەوەی نوێ جوڵانەوەیەکی سیاسی کوردوستانیە و بەشێوازی مەدەنی کاردەکات و ھیچ کارێکی نەکردوە لە دەرەوەی یاسا .

لە ئێستادا و پاش بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، دەستیان داوەتە کۆمەڵە سەردانێک بۆ لای لایەنەکان کە لە نێویاندا جوڵانەوەی نەوەی نوێ بوو، مەرجی نەوەی نوێ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان و ھەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ بریتی بوو لە داوای لێبوردنکردن ،کە بە ڕای یٔێمە باشترە یەکێتی و سەرکردایەتییە نوێیەکەی ئەو حیزبە وەک نیازپاکییەک ئەو ھەنگاوە بنێت، بە تایبەت بەرامبەر سەرۆکی جوڵانەوەکە و ئەوانەی کە لە ساڵی رابردودا زیانبەخشبوون، چونکە بەھۆی ئەو پەلاماردان و کارە نایاساییانەی دەسەڵات لەم دەڤەرە کردویەتی کە سایەتی مەعنەوی جوڵانەوەکەمان لەکەدارکراوە و بۆ گێڕانەوەی یٔیعتیبار پێویستە یەکێتی ئەو ھەنگاوە بنێت، ئەمەش مەرجی یەکەمی جوڵانەوەکەمانە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکان.

بەڵام حەقیش وایە ھەمو لایەک بزانن کە لە لایەکی تریشەوە ئێمە خوازیاری ئەوەنین کە لەڕێگەی ئەم پەیوەندیانەوە ھیچ ئیمتیازێک وەربگرین یان وامان لێ بکات بێدەنگ بین لە ئاست گەندەڵیەکانی دەسەڵات یان واز لە پشتگری خەڵک بھێنین بۆ داواکاری مافەکانیان، ئێمە لە ڕاستیدا گرفتمان لەگەڵ ھیچ ھێزێکی سیاسیدا نیە بەوانەش کە لە دەسەڵاتدان، بەڵکو ئێمە گرفتمان لەگەڵ ئەو ئەخلاقە سیاسیە و قەیران و کێشانەدا ھەیە کە بوتە مایەی ئەوەی ئەم گەلە توشی ھەژاری و پێنەدانی موچە و بەفیڕۆدان و قۆرغکردنی سامانی نیشتمانی بۆتەوە، بۆیە ھەر پڕۆژەیەک کە ئامانج لێی خزمەتکردنی ھاوڵاتییان و کۆتاییھێنان بێت بە قەیرانی یٔابوری و گێڕانەوەی شکۆ بۆ دامەزراوەکانی ھەرێم، ئەوا ئێمە پشتیوانی لێ دەکەین.

 بەبڕوای ئێمەش نابێت یەکێتی تەنھا ڕەخنە بگرێت و خۆی وەک ھێزێکی ئۆپۆزسیۆن نیشان بدات، بەڵکو پێویستە بەشێوەی پراکتیکی ھەنگاو بنێت بۆ چاکسازی ، لە لایەکیتر دەبێت پشت بە پڕۆژە ببەستێت و جێبەجێی بکات، نەک بەم شێوازە بیەوێت بۆ ماوەیەک بەرپرسیارێتیەکان لە سەرشانی خۆی لاببات یان ھەنگاوەکانی تاکتیکی بن، لە پێناو ئامانجێکی سیاسی تایبەت بەخۆی، بەڵکو پێویستە ھەنگاو و ھەوڵەکانی ستراتیژی بن.

لە لایەکی تر ئێمە خوازیاری دروستکردنی بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن بوین و بۆئەم مەبەستەش چەندان جار داوامان لە حیزبەکانی دەرەوەی حوکمڕانی ھەرێم کردووە کە ھەنگاو بنێین بۆ لە یەکتر نزیک بونەوە و پشتیوانیکردن لە خواستەکانی جەماوەر و لەگەڵ خەڵکە ناڕازییەکەدا بەرەیەکی فشاری گەورە دروست بکەین و واز لە موجامەلەی دەسەڵات بھێنین، چونکە ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن ھەست بە سەنگ و قورسایی خۆی بکات و ھەر لەو ڕێگەیەوەیە پارتە حوکمڕانەکان گوێ بۆ ئۆپۆزسیۆن دەگرن و دەست بە پڕۆژەی چاکسازی دەکەن، ئەگەر ئەوەش نەکەن دەتوان ڕابەرایەتی فراوانی خەڵک بکرێت لەڕێگەی خەباتی مەدەنیەوە حکومەت ناچار بکەیت بۆ چاکسازی و گوێگرتن بۆ داوا ڕەواکانیان، بەڵام سەد مەخابن ئەو حیزبانە ئەوەندەی حەز بەبینینی وەفدەکانی پارتە حوکمڕانەکان دەکەن نیو ئەوەند ئامادە نەبون بەدەم پڕۆژەکەی ئێمەوە بێن، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە ڕابەرایەتی ھاوڵاتیان بکەین و ڕوبەڕوی ئەم حکومەتە گەندەڵە ببینەوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ئێمە ڕاستگۆیانە لە بەرەی خەڵکدا ماوینەوە و ئێستاش  بەڵێنیان پێ دەدەین کە سوربین لە سەر داواکردنی مافەڕەواکانیان و بۆ ئەم مەبەستەش لەبەردەم ھیچ فشارێکی دەسەڵاتدا سازش ناکەین و درێژە بە خەباتی مەدەنی دەدەین بەپشتیوانی گەل و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکارانی ئازاد و بوێر .