سەردێڕ:

کام جەژن و کام جەژنانە !

7/30/2020 9:46:14 PM
6069 جار خوێندراوەتەوە
ناسیح مەلا کەریم
+ -

( بێئابڕویی و بێحورمەتی) سیاسییە تاپی و تەپیوو ھەتیومچەکان لە دێر زەمانەوە، مێژوویەکی کۆنی ھەیە ‌و رۆژ لەدوای رۆژیش لە ھەڵکشاندایە. کلتوری کۆنەپەرستی و ململانیەکانیش زیاتر ئاگری ستەمکاری و خۆسەپاندن و قۆرخکاری ئەو بێئابڕووییە خۆش دەکات . 
میژوونوسان دەڵێن: (فیرعەون) سەرباری ئەوەی کەسێکی دیکتاتۆر و خوێنمژێکی کەم وێنەبوو، بەڵام پیاوێکی نانبدە و خاوەن سەخاوەت و دەستکراوە بوو، نەیدەھێشت گەلەکەی برسی بێت . 

لە قورئانی پیرۆز (کتێبی موسڵمانان) دەیان ئایەت باس لە ستەمکاری و ڕوبەڕوبوونەوەی ستەمکاران دەکات و تەنانەت کار دەگاتە ئەو رادەیەی کە خوای مەزن لە ناخی مەزڵومەکان تێدەگات و رێیان پێدەدات نەفرەت و قسەی ناشیرین و جنێو بدەن بە ستەمکاران ‌و دایان شۆرن . وەک لە سورەتی ( ژنان – نیساء) ئایەتی ١٤٨ دەفەرموێ : (( بێگومان خوا حەز ناکات لە قسەی ناشیرین و نابەجێ و ناوو ناتۆرە وتن و جنێودان، مەگەر کەسێک ستەملێکراو بێت، خوا ھەمیشە بیسەر و زانایە )) . 

لەم سەردەمی مۆدێرنە و بیرکردنەوە لە جەنگی ئەستیرەکان و ھاتنەبوونی (رۆبۆت) وەک جێگرەوەی مرۆڤ لە ھەندێ بواردا، ئا لەم سەردەمەدا ھەندێ سیاسی قرخن و گرگن و ھەڵخەڵەفاو و بێئابڕوو، بەبیری کۆنەپەرستانە و ئانارشیزمیان دەیانەوێ خەڵکی برسی و بەشمەینەت و مافخوراو بگەوجێنن و گیرفانی خاڵییان لەبیر بەرنەوە، بە وتنەوەی چەند قسەیەکی بریقەدار و کاوێژێکی گا و مانگاڕەوشتەکان !!

دەپرسین لەو سیاسیە گرگن و بیئابروانەی ئاگاداری گوزەران و مەینەتی ھاونیشتمانیەکانیان نین مەگەر لە رێی میدیا قرخن و  راپۆرتی جاسوس و کۆیلەکانیانەوە نەبێت، دەپرسین لێیان: ئەرێ کام خودا ؟؟ کام جەژن ؟؟ کام جەژنانە؟؟ 

ئەرێ ھەربەڕاست ئێوە زاتێک دەناسن کە ناوی (خودا) بێت؟؟ دانا و زانا و خولقێنەر و بیسەر و بینەر بێت؟ (وەک ئەوەی لە عەقیدەی موسڵماناندا بوونی ھەیە) ؟ یان مەبەستتان (خودایەکە) لە قوتابخانەی سیکۆلاریزم و ھزری رۆژئاواییەکان ناسیوتانە کە خودایەکی نابیستە،  نابینا، بێھێز، دەستبەسراو، بێئاگا لە کاروباری دروستکراوەکانی؟! خودایەک پەرستگاکان بۆ ئەو و بەڕێوەبردنی کاروباری ژیانیش بۆ ئێوە و خوداکانتان ..؟!

دەپرسین: کوا جەژنانەتان؟ پیرۆزبایی کام جەژن دەکەن! لەکێ ؟ کام پیرۆزیایی ؟ ئەرێ ھەر بەڕاست ئێوە لەماناکانی جەژن شارەزان (تەنانەت ئەگەر ئەو شارەزاییە سەقەتەش بێت کە واعیزەکانی سوڵتان بۆتان راڤە دەکەن)؟ . 

ئایا ئەمە فریودانی خۆتان و جەماوەرەکەتانە یان سیاسەتی گەوجاندنە؟ دەپرسین: ئایا دەوێرن رووی راستەقینەتان بۆ خەڵکی ھەڵماڵن؟ ئایا ھێندە مەردن بە راشکاوانە بێنە سەرشاشە و راستگۆیانە لە میدیاکانتانەوە رای خۆتان لەسەر ئاین و ئاینداری بڵێن وەک ئەوەی خۆتان بڕواتان پێیەتی و خەڵکی خۆتانی لەسەر گۆش دەکەن و دەیان دەزگاتان بۆ تەرخان کردووە و بە پارە ‌و قوتی خەڵکی مەز‌ڵوم بەڕێوەی دەبەن و دژایەتی خوا و پەیامەکەی پێدەکەن؟
ئەگەر ھێندە پەرۆشی ئاینداری و ئیسلامەتی ئەم میللەتە موسڵمانەن، ئەدی بۆچی سوکترین و بێبەھاترین شت لای ئێوە چەمکە ئاینیەکانە! بێزراوترین شت لای ئێوە سروتە ئیسلامیەکانە؟ قەدەغەترین شت لای ئێوە ئاکار و بەھا ئیسلامیەکانە (بەھا سیاسی و ئابوری و پەروەردەیی و تەشریعیەکان).  پەراوێزخستنی ئیسلام، گاڵتەجاری بە ئایەتەکانی قورئان، باشترین شاھیدە کە ئێوە بەم (جەژنانە و نیفاقە سیاسیەتان) ھێندەی تر خۆتان ناشیرین دەکەن و خۆتان دەدەنە بەر نەفرەتی خودا و فریشتەکان و ئیمانداران . 

وازبێنن لە گەوجاندن و بەنجکردنی میللەتی بەشمەینەت و بێناز و بێنانی جەژن، بڕۆن بەڕێی خۆتانەوە.. ئێوە و جەژنی موسڵمانان کوجا مەرحەبا! بڕۆن بەلای کاری خۆتانەوە، بخۆن و بخۆنەوە، ئێمەش – وەک میللەتێکی مەزڵوم و بەشخوراو - دەڕۆین بەلای کاری خۆمانەوە، جا ئەوکات دەزانین داخۆ (خودا)کەی ئێمە راستی فەرموو، یان (خوداکانی) ئێوە؟!