سەردێڕ:

ئەردۆغان دوعایەك ناكات ئەوروپا بڵێ ئامین

7/15/2020 3:40:07 PM
10563 جار خوێندراوەتەوە
دڵزار محەمەد وەیسی
+ -

یەکێتی ئەوروپا نیگەرانە بەو بڕیارەی تورکیا سەبارەت بە گۆڕینی ئایەسۆفیا لە مۆزەخانەوە بۆ مزگەوت.

ئەم گۆڕینە قسە و باس و مشتومڕی زۆری لێکەوتۆتەوە، بەتایبەتی لەم سات و کاتەدا کە ھەموو جیھان سەرقاڵە بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک یان ڤاکسینێک دژ بە پەتای کۆرۆنا.

تورکیا لە قەیرانی پەتای کۆرۆنادا پشکی شێری بەرکەوتووە چونکە لای ھەموومان ئاشکرایە کە تورکیا پشت بەو سامانە دەبەستێ کە داھاتەکەی لەڕێگەی کەرتی گەشت و گوزار و سەردانی گەشتیارەکانی دەستی دەکەوێت.

ئەم کەرتە نەک تەنھا ئابوریەکی بەھێزە بۆ دەسەڵات بەڵکو داھاتێکی بەردەوامە بۆ بژێوی ژیانی زۆرینەی ھاووڵاتیان لە تورکیا، لەم ساتە وەختە و لەم دۆخە ترسناکەدا نە سیاسەتی تورکیا لە پلانەکانی وەستاوە نە ئەردۆغانیش لە بڕیارە بوێرەکانی کەوتووە.

یەکێتی ئەوروپا لە رێگەی وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە حکومەتی ڕەجەب تەیب کردووە کە بە بریارەکەیاندا بچنەوە، چونکە ئەم بریارە کەلێن و کێشە دەخاتە ناو پێکھاتە ئایینیەکان و لە ئایندەدا ناڕەزایی زۆری لێ دەکەوێتەوە.

ئەگەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنینەوە و لاپەرەکانی ھەڵدەینەوە، ھەموومان کەم یا زۆر دەزانین کە ئەستەنبوڵ ناوی ڕاستەقینەکەی قوستەنتینیە و پایتەختی بیزەنتینەکان بووە.

لە ساڵی ١٤٥٣ زاینی دا بۆ حەوت ھەفتە ئەم شارە ئابڵوقە دراوە لەلایەن لەشکری عوسمانی بە ڕابەرایەتی سوڵتان محمدی دووەم دوای توانییان دەستی بەسەرا بگرن و داگیری بکەن.

مۆزەخانەی ئایەسۆفیا شایەدحاڵێکی زیندووە و کە لە چەقی ئەم شارەدا تا ئێستا بە پێوە ماوە و لەناو ئەم ھەموو منارە و قوبانەوە بانگەواز دەکات و دەڵێ من لێرەم و تا ئێستاش بەپێوەم و نەمردم.

ئەردۆغان چی دەکات !ئەردۆغان بەم پەیامە ئەیەوێ چ بدات بە گوێچکەی ئەوروپادا !

تورکیا بە گۆرینی ئایەسۆفیا بۆ مزگەوت دەیەوێ شوێن پەنجە و شوێنەواری خاچ ومەسیح زیندەبەچاڵ بکات و داگیرکردنی قوستەنتینیە وگۆڕینی ناوەکەی تا ھەتایە بن بڕ بکات.

تورکیا دەیەوێ مۆرکی عوسمانی و تاپۆی ڕەش تا ھەتایە لە ئەستەنبوڵ بدات، بەمەش مسۆگەرکردن و دڵنیایی وڵاتە بۆ زامن کردنی داھاتووی نەوەکانی لەدواڕۆژدا.

سەرکردەکانی تورک بەوپەڕی دڵنیابوون بەوپەڕی متمانەوە بوێرانە ئەم بڕیارە دەردەکەن بێ بایەخدان بەوەی ئەم وڵاتە ڕووبەرووی چ گرژیەک و بەرکەوتەیەک دەبێتەوە.

ئەمە زامن کردن و مسۆگەرکردنی شوێنەوار و سامانی وڵاتە بێ بایەخدان بە دەوروبەر، بێ گرنگیدان بە ناڕەزاییەکان، گرنگ نیشتیمانە، مسۆگەرکردنی ئاسوودەیە بۆ ڕۆڵەی داھاتوو بۆ نەوەی دواڕۆژ.

بریا سەد بریا سەرکردە و بەرپرسەکانی ئێمەش تۆزێ زۆر نا وانەی نیشتیمان پەروەری و خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتیمان  لە بەرپرسە تورکەکان و نەوەی عوسمانیەکان فێربوونایە.

پتر لە ٢٠ ساڵە ماددەی ١٤٠ وەک بنێشت لەدەمی بەرپرسەکانمان دەجوێتەوە و دەجوێتەوە.

دڵنیام نیوەی ھاوڵاتی کورد ناوەڕۆکی ئەم بڕگەیە نازانێ و چی دەگرێتەوە !

بەڕاستی دەستخۆشی لە تورکیا دەکەم بۆ ئەو بوێرییەی کە ھەیەتی، گرنگ ئەوەیە بۆ بەرژەوەندی وڵات ئەجەنگن بۆ ڕۆڵەی داھاتوو کۆشش دەکەن و تێدەکۆشن.

ھەر بۆیەش ھەموو سەرکردەکانی تورکیا بەچاوی ئێمە شۆڤێنییە بەڵام بە چاوی ھاوڵاتی خۆیان نیشتیمانپەروەر و دڵسۆزی خاک و وڵاتن.