سەردێڕ:

کۆرۆنا، ئارەزو و خۆشەویستی کاری پزیشکی لا نوێکردمەوە

7/30/2020 5:52:28 PM
3762 جار خوێندراوەتەوە
د. عارف گۆران
+ -

دوای ٣٢ ساڵ لە کاری پزیشکی، خەریک بوو کارەکەمان دەبووە رۆتینێکی رۆژانە ‌و ھەمیشە لەناو بازنەیەکدا دەخولاینەوە، بە دەگمەن روبەڕوی حاڵەتێک دەبووینەوە، پێویستی بە بیرکردنەوە و لێڕامان ھەبێت، رۆژانە کارەکانم بە سەرپەرشتیکردنی پزیشکە گەنجەکان و رێنماییکردنیان دەستپێدەکرد، دواتر سەردانی کلینیکی راوێژکاری نەخۆشخانەم دەکرد و ھەموو کارەکان بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچوو.

لەگەڵ ھاتنی کۆڕۆنا، ھەموو شتێک گۆڕانی بەسەرداھات و رووداوەکان زۆر بەخێرایی تێدەپەڕین، نەک بە تەنیا نەخۆشحانەکەی ئێمە، بەڵکو ھەموو جیھان دوچاری دڵەڕاوکێی و شڵەژان بوو، تەنانەت ئەو وڵاتانەی سیستمێکی تەندروستی پێشکەوتووشیان ھەیە، تا رادەیەک دەستەوەستان بوون و حەپەسان، ئەو پەتایە لە چاوەڕوانی ھیچ کەسێکدا نەبوو، بۆیە گەرموگوڕی زیاتری خستە نەخۆشخانەکان و تاقیگەکان بەگەرمی کەوتنە خۆ، ھۆڵی زانکۆکان کەوتنە پێشبڕکێ لەسەر توێژینەوە ‌و ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری، ئەمە وایکرد، کە سەرباری لایەنە نێگەتیڤەکانی کۆڕۆنا، ئەو پەتایە تەکانێکی گەورەی بەزانستی پزیشکیدا، من وەک پزیشکێک، کە ھەموو تەمەنی خۆم لەم بوارەدا بەخشیوە، ھەستی ئەوەم لادروست بوو، کە بەکردەیی مرۆڤایەتی لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستی پێمە.

نەخۆشخانەکەی ئێمە بووە بنکەیەکی سەرەکی ئەو نەخۆشیە و رۆژانە بە دەیان نەخۆش رووی تێدەکردین، مامەڵەکردنمان گوڕوتێنێکی نوێی بەکاری رۆژانەمان بەخشی، جێگای داخە دوای کەمبوونەوەی رێژەی ئەو پەتایە لە بەریتانیا، ژمارەی توشبووان لە کوردستان ھەڵکشا، لەچەند ھەفتەی رابڕدوو، دوای گەڕانەوەم لە نەخۆشخانە، رۆژانە بۆ چەند کاتژمێرێک لەسەر ھێڵم بۆ پێدانی رێنمایی و چارەسەرکردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە ھاوڕێ و دۆست و ھاوڵاتیانی تر، کە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان پەیوەندیم پێوە دەکەن، ئاگادارم جگە لە من، ژمارەیەکی زۆر لە ھاوکارانم لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بەشێکی زۆری کاتی خۆیان تەرخانکردووە بۆ یارمەتیدانی توشبووانی ئەو پەتایە، دیارە سەرباری خۆشەویستیمان بۆ نیشتیمان، ئەو کارە بە بەشێک لە ئەرکی مرۆڤایەتی خۆمان دەزانین و جۆرە ئارامیەک بە روحمان دەبەخشێت، کە بەھیچ ھەستێکی تر بەراورد ناکرێت.

ئەم پەتایە بووە سۆنگەی ئەوەی خۆشەویستیم بۆ پیشەی پزیشکی نوێبێتەوە و رۆژانە بە دوای دوا لێکەوتەکانیدا بم و دوا لێکۆلینەوەکان دەربارەی ئەو ڤایرۆسە سەرقاڵم بکات، تەنانەت دەتوانم بڵێم کۆڕۆنا بەشێکی گەورەی ژیانمانی داگیرکرد و ھەمیشە بە دەوریدا دەخولێمەوە، کۆڕۆنا بیرەوەریەکانمی ژیاندەوە ‌و ھەمان ئەو ھەستەی لا نوێکردمەوە، کە لە کۆچڕەوە گەورەکەی کوردان ساڵی ١٩٩١ تیایدا دەژیام، لە کاتێک خەڵک بە پێخاوسی و بەسکی برسی سنوورەکانی دەبڕی و ئێمەش رۆژانە خەریکی چارەسەرکردنی نەخۆش و لێقەوماوەکان بووین، ھیچ ھەستێک لەوە خۆشتر نیە، بتوانی یارمەتی کەسانێک بدەیت، کە بە ئاستەنگترین ساتەکانی ژیانیاندا تێدەپەڕن و تۆش دەبیتە فریادڕەس و بە ھانایانەوە دەچیت.
بەو ھیوایەی لە ئایندەیەکی نزیک بتوانین سەردانی کوردستان بکەین، تکایە بەردەوام بن لە خۆپاراستن.