سەردێڕ:

لە ساڵڕۆژی ڕاگواستنی قەڵادزێدا

6/29/2020 11:58:32 PM
4690 جار خوێندراوەتەوە
سابیری سەندیکا
+ -

لەرابردوودا پشدەر بەگشتی و شاری قەڵادزێ، بەتایبەتی لە گشت شۆڕشەکاندا، ھەمیشە ناوەندێکی گرنگی سیاسی و ئابووریی بووە بەپێی ھەڵکەوتەی جوگرافی لە باشووری کوردستان، ھەر ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆیی ھەبووە لەسەر دانیشتووانی ئەم ناوچەیە و زەمینەی کارکردنی لەکایەی سیاسەت و ئەدەب و ھونەر و فەرھەنگدا فراوانتر کردووە و دانیشتوانی ئەم سنوورە بەشێوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پشکی شێریان بەرکەوتووە لە خەبات و خۆڕاگریی و قوربانیدان کە مێژوو تۆماری کردوون، بۆیە ھەمیشە نەیارانی گەلەکەمان ئەم ناوچەیەیان بە ناوەندێکی مەترسیدار زانیووە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان کە بەداخەوە رژێمی بەعس لە ٢٦/٦/١٩٨٩ دەستیکرد بە راگواستنی شاری قەڵادزێ و دەڤەری پشدەر بەگشتی. راگواستن زامێکی ئەوەندە گەورەیە کە ھەرگیز سارێژ نابێت و شوێنەوارەکانیشی بۆ ھەمیشە بەجەستەی ماندوو و شەکەتی ئەم دەڤەرەوە دەمێنێتەوە. 

راگواستن بوو بە ھۆکاری ئەوەی کە بەدەیان نووسەر و ھونەرمەند و سەرمایەدار و کەسایەتی و سیاسیی ئەم شارە پەرتەوازەبن بەسەر شارەکانی ترداو تەنیا جارجار بەشداربن لە بۆنە خۆش و ناخۆشەکانی ئەم سنوورەدا .. جگە لەوەش چەندین کاردانەوەی تری نەرێنی لێکەوتۆتەوە کە چارەسەرکردنیان زۆر ئەستەمە.

حکومەتی عێراق ١٠٠ ھەزار کوردی ئاگادارکردۆتەوە کە شارەکەیان جێبھێڵن 
سوپای عێراق شارێکی کوردی گەمارۆ دەدات کە دانیشتوانەکەی نزیکەی (١٠٠,٠٠٠) کەسن و (١٧) رۆژ مۆڵەتی داوەتە خەڵکەکە تا شارەکە بەجێبھێڵن، چونکە لەگەڵ زەوی تەختی دەکات, حکومەتی عێراق وا لە کوردەکان دەڕوانێت کە کەمینەیەکی یاخیبوون، بۆیە بڕیاری داوە سەرجەم دانیشتووانی باکووری شاری قەڵادزێ بگوازێتەوە بۆ باشووری وڵات. 

سەدام حوسێن دەڵێت: جولەکە رقیان لە من و عەبدوالناسر بوو، ھەروەھا رقێکی تریان لەعێراقە، چونکە لە سەردەمی نەبوخود نەسڕ و بابل لەو سەردەمەدا دیلە جوولەکەکانیان بەرەو بابل برد، مەناحیم بیگن-ی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئیسڕائیل وەک رقێک لە عێراق ساڵی ۱۹۸۱ ھێرشی کردە سەر کورەی ئەتۆمیی عێراق کە ناونرابوو بابل وەک وەبیر ھێنانەوەیەک کە لە عێراقدا نزیکەی پێنج ھەزار ساڵ بەرلە ئێستا بەرامبەر جولەکە کراوە. 

لە رۆژی ھەینی وتاربێژی مزگەوتی گەورەی شارەکە مەلا محەمەد دەڵگەیی چاوی بە سەرۆک کۆمار دەکەوێت، بەڵام سەدام حسێن رەتیکردەوە کە بڕیارەکە ھەڵبووەشێنێتەوە, خەڵکەکە نازانن بۆ چ شوێنێک رادەگوێزرێن, مەترسییەکان لەوەدایە کە لەوانەیە بۆ ناوچە بیابانییەکان دووربخرێنەوە, مەلا دەڵگەیی دەڵێت لەوانەیە لە خێمەدا نیشتەجێ ببن لە نزیک سنووری کوێت, ھەروەھا ھەندێک سەرچاوە رایانگەیاندووە لەو باوەڕەدان راگواستنەکە بۆ دوو کەمپ بێت لە نزیک سلێمانی و ھەولێر و کەمپێک لە نزیک شاری تکریت. 

لەکاتی راگواستنی دانیشتوانی شاری قەڵادزێ و ئاوەدانییەکانی تری دەڤەری پشدەر لە ساڵی ١٩٨٩ دا کە دەبوایە بە تایبەتی خەڵکی شاری قەڵادزێ بە پارەی خۆیان ئۆتۆمبیلی بارھەڵگر بە کرێ بگرن و بە زۆرەملێ رووبکەنە ئۆردوگا زۆرەملێکانی سلێمانی و ھەولێر ! 

لای من بۆ خۆشەویستی شارەکەم قەڵادزێ دەڵێم جوانی شار ئەدەب و ھونەرو وەرزش … لایەنە کوردایەتی و رۆشنبیری و ئەدەبییەکانە سەردەمی بەعس ئەوانە ھەموو لە برەودابوون، ئێستا شارێکی فەرامۆش کراو و بێ ناز، ھەموومان دەزانین ھۆکەی چییە و کێ تاوانبارە، بۆیە دەڵێم با رژێمی بەعسمان بیرنەچێتەوە کە شارەکەمانی کاول کرد. 

نەفرەت لەوانەش بکەین کە دەرگاکانی رۆشنبیریی و ھونەریان لە شاردا داخست . 

ھەڵوێست و ناوبانگی مەلا محەمەد دەڵگەیی 

مەلا دەڵگەیی کە ناوبانگی دەرکردووە بە دژایەتی کردنی کیمیابارانی شارو شارۆچکەکانی کوردستان لە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رایگەیاندووە ئامادەیە بۆ مردن نەوەک رازی بێت بە وێران کردنی شارەکەی. 

ساڵ ھات و ڕۆیشت بەڵام ھێشتا بەشێک لە قەڵادزێ ھەر کەلاوەیە و وەکو خۆی ماوەیەوە، بەڵام لای من کەلاوەکانیش جوانە، چونکە دنیایەک بیرەوەریم لەگەڵ شوێنی کەلاوەکان و قەڵادزێی جاراندا ھەیە، بەڵام نیگەرانم لەوەی وەک پێویست ئاوڕ لە قەڵادزێ نەدراوەتەوە و حکومەتی کوردستان و حزبە کوردییەکان بەگشتی کەمتەرخەم و بێ وەفا بوون بەرامبەر بەو شارە کە لانکەی شۆڕش و خەباتی ھەموو قۆناغەکان بووە و رووخاندنەکەشی باجی ئەو ھەڵوێستانەی بوو