سەردێڕ:

ھێشتا کات ماوە بۆ ڕێگرتن لە کارەسات

11/28/2020 11:06:38 AM
6715 جار خوێندراوەتەوە
جەواد قادر
+ -

خاتوو جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە ھەفتەی ڕابردوودا دوایین ڕاپۆرتی خۆی لەسەر دۆخی عێراق و ئاسۆی وڵاتەکە دا بە ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان. 

ئەم ڕاپۆرتە دەرئەنجامی بینین و لێکدانەوەی وردی پلاسخارت و تیمە شارەزاکەی یویٔێن بوو بۆ عێراقێک کە دوای شەڕی داعش، لە تەنگژەیەکی ھەمەلایەنەی سیاسی، ئابووری، سەربازی و کۆمەڵایەتیدا بەڕێوە دەچێت.

لەو ڕاپۆرتە چڕە ١٥ خولەکییەدا، پلاسخارت باسی لەو ”دەرفەتە زۆرانە” کرد کە عێراق لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا بەفیڕۆی داون.
 باسی لە ”بەتاڵانبردنی” سەروەتی عێراق و پشتگوێخستنی داوای خەڵک و لانی کەمی خزمەتگوزاریی گشتی کرد. 
باسی قۆڵبادانی لایەنە سیاسییەکانی لە عێراقدا کرد کە ھەڵبژاردن وەک کەرەستەی درێژەپێدان بە حوکمڕانییەکی ناڕەوا بە کار دەھێنن. 
باسی خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردووعێراقی کرد کە ئەگەر چاکسازی بە دوادا نەیەت، ”درەنگ یان زوو نائارامیی کۆمەڵایەتی”ی لێ شین دەبێتەوە; کە بێگومان، لە قامووسی سیاسیدا، مەبەست لە نائارامیی کۆمەڵایەتی، شۆڕشە.

پلاسخارت بێ پەردە گوتی: ”ڕێم بدەن جەخت بکەمەوە: دۆزینەوەی ڕێچارەی جیددی و بەھێز بۆ تەنگژە ئابووری و داراییەکانی عێراق نابێ دوا بخرێت، تەنانەت بۆ ڕۆژێکیش بێت. 
حکوومەت، پەرلەمان، ھێزە سیاسییەکان و لایەنەکانی تریش ناچارن کە پێکەوە بۆ ئەم مەبەستە ھەنگاو ھەڵبگرن. 
یەک بابەت زۆر ڕوونە: بەبێ ڕێککەوتنی سیاسیی فراوان (لەنێوان لایەنەکاندا)، چاکسازییەکان تەنیا لەسەر کاغەز دەمێننەوە و ناچنە قۆناغی مەیدانییەوە.”

ھەرێمی کوردستان و پرسی فیدراڵیزم
پلاسخارت ڕەخنەی توندی ئاراستەی یاسای کورتھێنانی بودجە و ھەموارکردنەکەی پەرلەمان کرد و بە بەربەست لەبەردەم حکوومەتەکەی کازمیی لە قەڵەم دا. ئەو گوتی لە بنەڕەتدا، پرۆژەیاسای قەرز، کە وەزیری دارایی پێشنیازی کردبوو، بە دیاریکراوی بۆ ئەوە بوو کە یارمەتیی حکوومەت بدات بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەو چاکسازییانەی کە بەغدا لە ساڵی دابێ، دەبێ بەپەلە دەستیان پێ بکات. بەڵام کە یاساکە چووە پەرلەمان، لایەنە سیاسییەکان وەھا قۆڵی حکوومەتیان پێ بادا، کە نەتوانێت ئەو چاکسازییە زۆر پێویستانە بەڕێوە ببات و بەھایەکیان بۆ پرۆژەیاساکە نەھێشتەوە.
پلاسخارت لەبارەی یاسای قەرز و پەیوندیی بە ھەرێمی کوردستانەوە گوتی: ”دەبێ گومان لەسەر ئەوە نەبێت کە فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، بە تەنیا فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان نین، بەڵکوو ئەوان ھاووڵاتیی عێراقیشن. مووچەی فەرمانبەران دەبێ لە ململانێی سیاسیی لایەنەکان دوور بێت. خۆ ناکرێت فەرمانبەران بە کۆمەڵ ببنە قوربانی. بۆیە دەبێ بە خێرایی ڕێچارە بدۆزرێتەوە.”

پلاسخارت، تەنگژەی یاسای کورتھێنانی بودجەی بە پرسی فیدراڵیزمەوە لە عێراق گرێ دا و گوتی کە ”لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا، زۆر دەرفەت ھەبوون بۆ گەییشتن بە بنەما، یاسا و ڕێنوێنی ڕوون و دیار. یٔێستا دەبێ بە خێرایی ڕێککەوتنێک لەسەر چۆنیەتیی باشکردنی سیستەمی فیدراڵی ئەنجام بدرێت.”

ڕاپۆرتەکەی پلاسخارت، زەنگی مەترسییە بۆ عێراقی دوای ھەڵبژاردنەکانی مانگی شەشی ساڵی دابێ و دواتر. یٔەم ڕاپۆرتە کورتە، ڕەنگدانەوەی بۆچوونی ڕێکخراوێکی بێلایەنی وەک نەتەوە یەکگرتووەکانە کە نزیکەی سی ساڵە لە عێراق بارەگا و شارەزای ھەن و ڕێنماییەکانی لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بە ھەند وەردەگیرێن. 

دەربڕینەکانی پلاسخارت، پاڵپشتییەکی دیارە بۆ داواکارییە ڕەواکانی ھەرێمی کوردستان لەمەڕ پرسی بودجە و فیدراڵیزم لە عێراقدا. یٔەم راپۆرتە، ھاوکات، بەدەنگەوەچوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانیشە بۆ داواکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەسەر یاسای کورتھێنانی بودجە و کێشە قووڵەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر. پلاسخارت گوتی کلیلی سەقامگیریی عێراق، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و ھەولێرە.

سەرۆکی ھەرێم لە ماوەی ڕابردوودا ھەموو ھەوڵێکی خستووەتە گەڕ بۆ گەییشتن بە ڕێککەوتنێکی سەقامگیر لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و بۆ یٔەم مەبەستەیش یٔامادەیی کوردستانی بۆ ھەموو ھاوکاری و ھەماھەنگییەک دەربڕیوە. یٔەم ھەوڵانە کە ھەم لە لایەن ھەرێمی کوردستان و ھەم لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە زۆر بە ھەند وەرگیراون و بەڕێوە براون، لە قۆناغی یەکەمدا ڕێککەوتنی شنگالیان لێ کەوتەوە کە بە ھەموو پێوەرێک ڕێککەوتنێکی مێژوویی و سەرکەوتوو بووە، بە تایبەت بۆ ھاووڵاتیانی ئێزدیی ناوچەکە. 

ھەر بۆیەیشە، کاتێک پەرلەمان دەستکاری پرۆژەیاسای بودجەی کرد و قووتی فەرمانبەرانی کوردستانی بڕی، سەرۆکی ھەرێم بە ڕاشکاوی پرۆژەیاساکەی ڕیسوا کرد و کێشەکەی بە پرسی تێنەگەییشتن لە سیستەمی فیدراڵییەوە بەستەوە.

بۆیە، پێویست دەکات گوێ بۆ قسەکانی پلاسخارت زۆر شل بکرێت و تێبینییە جیددییەکانی زۆر بە ھەند وەربگیرێن.