سەردێڕ:

حکومەتی سێبەر، حکومەتی رێبەر

4/1/2020 11:10:18 AM
9429 جار خوێندراوەتەوە
سەرتیپ جەوهەر
+ -

پرسیار: ستافی یەکێتی و گۆڕان لەکوێی ئەم حکومەتەن؟

پێدەچێت ئەم حکومەتە بەمزوانە راستەڕێ نەبێت. ئەگەر تائێستا ستافێکی تاکڕەوی سێبەر لەباتی وەزیر و کاربەدەستانی دیکەی حکومەت و لەدەرەوەی حیساباتی سیاسی و ھاوسەنگی ھێز بڕیاریان دابێت، ئەوا ئەمڕۆ بەسەر ھەموو دەسەڵاتەکانی دیکەی (پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری)ش بازدەدەن و کورد وتەنی لینگیان لێ شۆڕکردووەتەوە بەسەر ملی ھەمووان بارودۆخەکەیان وەک چێشتی مجێور تێکھەڵشێلاوەو کەسیش نققەی نایەت.

وەزیری ناوخۆ وەک میر محێ لەباتی وەزارەتی تەندروستیی و وەزارەتی پێشمەرگە و لێپرسراوی یەکەکانی حەفتا و ھەشتا گشتاندن دەردەکات و ھەندێکجار چاوانیش سوردەکاتەوە. نەحیساب بۆ وەزیرەکان و بگرە پەرلەمانیش ناکات! لەباتی وەزیری تەندروستی سەردانی دەربەندیخان دەکات و لەباتی وەزیری پێشمەرگە گشتاندن بۆ پێشمەرگە دەردەکات و لەباتی ئەنجومەنی دادوەریش لیژنە بۆ ئازادکردنی حوکمدراوانی بەندیخانەکان پێکدێنێت کە ئەمە لەقەباحەت زیاتر ھیچی دیکە نییە، لەوە خراپتر ئیشی بۆ وتەبێژی حکومەت نەھێشتۆووەتەوە، لەبارەی کۆرۆنا و موچە و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و پێشمەرگە و خوێندن و پەروەردە و ھەموو ئیش و کارێکی ئەم حکومەتە قسە دەکات.

تەماشای ئەم مەھزەلەیە بکەن! لەیەک رۆژدا دوو فەرمانی جیاواز لە دوو دەسەڵاتی جیاواز بۆ یەک مەبەست دەردەکرێت. یەکەمیان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە بۆ ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی حوکمدراوان و راگیراوان بەمەبەستی دۆزینەوەی میکانزمێک بۆ ئازادکردنی بەشێک لەوانە، بێگومان لەسەرداوای سەرۆکی حکومەت. تا ئێرە ئاساییە و دەشێت سەرۆکی حکومەت لەچوارچێوەی بارودۆخێکی تایبەت تەنھا پێشنیارێک بۆ دەسەڵاتی دادوەریی بکات کە ھیچ پەیوەندییەکی بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن واتە (حکومەت)ە وە نییە، کەچی لەھەمان رۆژ واتە ٢٨ی ئادار بەپێی ھەردوو دۆکۆمێنت، وەزیری ناوخۆ کە ئێستا بووە ریش سپی ئەم حکومەتە فەرمانێکی دەرکردووە بەھەمان ناوەرۆک بۆ ئازادکردنی گیراوان!

جارێ بەر لەھەموو شتێک ھەرچی پەیوەندی بەحوکمدراوان و راگیراوانەوە ھەیە ھیچ پەیوەندییەکی بەحکومەتەوە نییە، ئەوە چ پەیوەندی بەدەسەڵاتی جێبەجێکردن و جەنابی وەزیری ناوخۆوە ھەیە؟ لەوە خراپتر لە فەرمانەکەی وەزیری ناوخۆدا نوسراوە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لە قانونی وەزارەتی ناوخۆ پێماندراوە، باشە با بپرسین ئەگەر زەحمەت نەبێت لەکام بڕگە و کام ماددەی ئەو قانونە رێگا بە وەزیری ناوخۆ یان ھەر قانونێکی دیکە رێگا بەدەسەڵاتی جێبەجێکردن واتە حکومەت دەدات دەستوەربداتە ئیش و کاری دادوەریی؟!

لەھەردوو فەرمانەکەدا ھاتووە لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت؟ باشە پێمان ناڵێن ئەم ئیشەی دەخوازرێت بکرێت لەچوارچێوەی دەسەڵات و تایبەتمەندی کام دەسەڵاتە تاوەکو دوو دەسەڵاتی جیاواز لەیەک کاتداو لەیەک رۆژدا فەرمانێک بەھەمان ناوەرۆک دەربکەن؟ 

بەپێی ئەو ھەڵسوکەوت و فەرمان و لێدوانانەی بەشێک لەکاربەدەستانی ئەم حکومەتە و ھەڵسوکەوتی بەشێک لە لێپرسراوانی بێت، قۆرخکردن و سەپاندنی ھەژموون لەشوێنێکەوە نەوەستاوە. من وەک ھاوڵاتییەک دەپرسم ستافی یەکێتی و گۆڕان لەم حکومەتە ئیش و کار و مەھامیان چییە؟

ئەگەر حکومەتێکی سێبەر لەباتی ئەوان و ھەموو وەزارەت و دامودەزگاکانی دەوڵەت فەرمان بکات، تەنانەت تەجاوز لەسەر کاروبارەکانی سەرۆکایەتیی ھەرێمیش بکەن؟

تێبینی: حکومەتی رێبەر مەبەستم وەزیری ناوخۆیە