سەردێڕ:

١٠٠ رۆژ و ١٠٠ دەرد

12/9/2019 12:09:36 PM
7252 جار خوێندراوەتەوە
سەرتیپ جەوهەر
+ -

١٠٠ رۆژ بەسەر پێکھێنانی حکومەتدا تێپەڕی، حزب ھەبوو گرەوی لەسەر دوو مانگ دەکرد بۆ چاککردنی حوکمڕانیی یان پرۆژەی چاکسازیی، کەچی ئەوە دوو مانگەکە بووە سێ و ئەگەر پەلەیان نەبێت دەبێتە چوار و پێنج و ھەورازتریش، کەچی بەشێک لە وەزیرەکانیان بوونەتە دەمڕاستی حکومەت و لەمەلیکیش مەلەکیترن.

ئەم کابینە یان خولەی حوکمڕانیی کوردستان بارودۆخێکی شێواوی پێوەدیارە، ھەر لەسەرەتاوە لەڕێچکەیەکی دروست نەھاتووە، بەدڵنیاییەوە بەھێمنی و دروستیش تێناپەڕێت! ھەروەک چۆن ئەگەر شەمەندەفەر لەسەر رێچکەی خۆی لابدات، بەر بەھەرکوێیەک بێت بەدڵنیاییەوە ھەر زیانی دەبێت.

لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان دەبینین ھێشتا یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان قسەی زۆری ھەیە، پێشبینی دەکرێت لەدوای کۆنگرەی چوارەمی کەبڕیارە لە ٢١ مانگ دەستپێبکات، لەگەڵ پارتی ساخی بکاتەوە، تا سەر لەو کابینەیە بێت یان نا، چونکە ھیچ کام لەبڕگەکانی رێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی جێبەجێنەکراوە. ھەر لەدانانی پارێزگارەوە بگرە تا دەگاتە پڕکردنەوەی پۆست و بەرکەوتەکانی و دابەشکردن و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات و پەیوەندییەکانی ھەرێم و پرسی نەوت و ..تد

بەڕوانین لە ئیشوکارەکانی ئەم کابینەیە، دەبینین بەتوندکردنی دەوامی فەرمانبەران دەستی پێکرد، کە ئەو پرس و بابەتە ھیچ لەبارودۆخی حوکمڕانیی ناگۆڕێت، چونکە خەڵک پێویستی بەچاککردنی حوکمڕانیی و باشکردنی ئابوریی و خزمەتگوزارییەکان ھەیە! کەچی دەبینین موچە مانگانە چەند رۆژێک دوادەکەوێت و کارەبا زۆر خراپتر بووە لەجاران و پرۆژەی نوێی ئابوریی پێشکەش نەکراوە. ئەوەیشی کەکراوە، ھەر پرۆژە کۆنەکان بووە جارجارە گەرمکراوەتەوە..تد

ئەگەر باسی دامەزراوەی پەیوەندییەکانی ھەرێمیش بکەین، ئەوا ھەروەکو جاران لەپەیوەندییەکانی حزب دەچێت، چ ئەوانەی دێنە کوردستان تەنھا دەستە و دایرەی یەک حزب دەبینن، چ سەرۆکی ھەرێم و سەرۆک وەزیران کە دەچنە دەرەوە دەستەو تاقمی یەک حزب لەگەڵ خۆیاندا دەبەن! خراپتر لەوە دەبینین لەگەرمەی گرژی و گرفتەکانی ناوخۆو عیراق، ھەردووک بەیەکەوە دەچنە میرنشینی عەرەبی بۆ سەیری یاری فۆرمەلەوان!

لەسەرئاستی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بەغدا پرۆژەیەکی نوێ بارودۆخێکی نوێ نەھاتۆتە پێش، بەڵکو ھەرێم ھەوڵیداوە بگەڕێتەوە بەغدا، بەڵام پێدەچێت دەرفەتی جاران بەردەست نەبێت بۆ سازان لەگەڵ کاربەدەستانی عیراق، بەتایبەت دۆخێکی گرژ ھەیەو موزایەدەی سیاسی رێگرێکی گەورەیە لەبەردەم رێککەوتنی ھەردولا، کوردیش دەڵێت ھەر ئەو ھەوارە بەڵام ئەو بوار (بەھار) نییە.

ئەگەر باسی دۆخی دامەزراوەی قانون دەرکردن (پەرلەمان)یش بکەین، ئەوا بەدۆخێکی تایبەتدا تێدەپەڕێت! لەلایەک ئەو پرۆژانەی رەھەندی نیشتیمانیان ھەیە ئەستەمە بتوانرێت رێککەوتن یان سازانی نیشتیمانیان لەسەر بکرێت، چونکە ناکۆکی و ناسازانێکی زۆر لەنێوان لایەنە سیاسییەکان ھەیە، لەلایەکی دیکە پرۆژەکانی دیکە بەھۆی موزایەدەی سیاسی و خۆ دەرخستن دۆخێکی بۆ ھۆڵی پەرلەمان دروستکردووە دەستبردن بۆ ھەر پرس و بابەتێک ببێتە دروشم و دروشمبازیی، ئەمەش وایکردووە پەرلەمانیش وەک پێویست چالاک نەبێت.