سەردێڕ:

بەغدا ئاڵۆزو کوردستان ئاڵۆزتر

11/4/2019 1:41:10 PM
6718 جار خوێندراوەتەوە
سەرتیپ جەوهەر
+ -

رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی عیراق ھەتا دێت ئاڵۆزتر دەبێت و گوشارەکانی شەقامیش زیاتر دەبێت، داواکاریی شەقامیش رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەبێت! حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش روو لەئاڵۆزییەکی نوێیە، ئەگەر چارە نەکرێت ئەوا لە داھاتوویەکی نزیکدادا زۆر ئاڵۆز دەبێت.
بەغدا لەدۆخێکی زۆر جیاوازدایە، ئەمجارە لەبری ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان، ململانێی نێوان شەقام بەھەموو پێکھاتەکانییەوە بەتایبەت سوننەو شیعە لەگەڵ دەستەبژێری سیاسییە. شەقام داواو خواستی چاککردنی حوکمڕانیی و گوزەرانیی ھەیەو دەستەبژێری سیاسیش خەمی مانەوەی خۆی و چاوبەستکردنی شەقامی ھەیە بەگۆڕینی ھەندێ لەدەموچاوەکان و چەند گۆڕانێکی دیکە کە رەنگە کاریگەری بۆسەر ژیانی خەڵک نەبێت، لەگەڵ تێکەڵکردنی ھەندێ گۆڕان بە داواو خواستی خۆپێشاندەران کە رەنگە ئەجێندای سیاسی لەپشتەوە بێت، بەتایبەت ھەموارکردنەوەی دەستور.
ھەرچۆنێک بێت گەیشتنە رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت شیعەو شیعە ئەستەم بووە. لەبنەڕەتدا ململانێیەکی دیکەی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەو لایەنە سیاسییەکانی عیراق گفتوگۆی دەکەن! کوردو سوننەش بەھۆی تێکەڵکردنی ھەمواری دەستورو پرسی دیکەوە گلاونەتە مشتومڕی گۆڕان لەحوکمڕانیی و دەسەڵات. بۆیە پێویستە کورد ھەم یەکدەنگ بێت و ھەمیش جارێ پێویستدەکات جۆرێک لەبێدەنگی ھەڵبژێرێت لەبەرامبەر دۆخی ئێستای بەغدا.
لەگەرمەی ئەو ململانێ و خۆپێشاندانانەی بەغدا، کە مەترسی لەسەر دەستکەوت و بەرکەوتەی کورد لەدەسەڵات و دەستور ھەیە، خەریکە بارودۆخ لەکوردستان گرژ دەبێت و ئەگەری لەبەریەک ھەڵوەشانەوە بەدوور نازانرێت.
بچوککردنەوەی حکومەت لەبازنەیەکی بەدیل لەناو ئەنجومەنی وەزیران بێکەڵکردنی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستانە، لەکاتێکدا نە لەھەیکەلی ئەنجومەنی وەزیران و نە لەھیچ قانونێک رێگە بەسەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران نادات پۆست داتاشێت، ئەمە جگە لەوەی خەرجییەکی زۆر لەسەر حکومەت دەکەوێت و تێکەڵیی لەدەسەڵات و تایبەتمەندیی وەزیرو وەزارەتەکان دروستدەکات.
ھەروەک ناکرێت یەکێتی (کاندید بۆ دەستەی ناوچە کێشە لەسەرەکان) پێشکەش بکات و بەبیانوی رەخنەگرتن لەپارتی رەتبکرێتەوە! کەوایە پارتی وەک چۆن لەزۆنی خۆی ئازادی بەرتەسککردۆتەوە، ئاواش دەیەوێ ئەو دونیابینیە بسەپێنێت کە نابێت ئەوەی دێتە حکومەت رەخنە لەپارتی بگرێت! کە ئەمە لەبنەڕەتدا ناکۆکە لەگەڵ تێگەیشتن و کلتوریی زۆن و ناوخۆی یەکێتی.
لەدوو رۆژی رابردوو ھەوڵێک ھەبووە لەلایەن پارتییەوە بۆ ھێورکردنەوەی دۆخەکەو دوبارە دانیشتن لەماوەی چەند رۆژی داھاتوو، ئەگەر ئەو ھەوڵانە سەرکەوتوو نەبوون، نەتوانرا لانیکەم ھێڵی سور لەبەردەم کاندیدانی یەکێتی ھەڵگیرێت، وەک زەمینەسازیی بۆ دانوستانی نوێ، ئەوا ھەنگاوەکانی داھاتووی یەکێتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە زۆر خێراو چاوەڕواننەکراو دەبێت. بەپێی زانیاریی سەقفێکی دیاریکراو لەلایەن یەکێتییەو دانراوە کە رەنگە "رۆژان" بخایەنێت نەک زیاتر، بەوپێیەی ناکرێت چیتر دەستی بەدەستی بەیەکێتی بکرێت و رێککەوتنەکە بەپێی خواست (ئینتیقائی) جێبەجێبکرێت.
ئەو دۆخەی ئێستای بەغدا، تێکەڵکردنی ئەجێندای سیاسی بەئەجێندای خۆپیشاندەران بەتایبەت مەترسی ئەگەری ھەموارکردنی دەستور کە ھەڕەشەیە بۆسەر دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان، دەبوو تەگبیری ھاوبەشی لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی بھێنایەتە گۆڕێ، کەچی ھەم لەبەغدا نەتوانراوە ھیچ دانوستانێک بکرێت و ئەو گروپەی لیستە کوردستانییەکان ھەڵوەشاوەتەوەو پارتی بەتەنھا لەدەرەوەی سازانی لایەنە کوردستانییەکان مامەڵەی کردووەو دژی ھەندێ بڕیاری ھاوبەشی لایەنە کوردستانییەکان بووە! لەکوردستانیش لەلایەن یەکێتییەوە روبەرووی رەخنەو ناڕەزایی بۆتەوەو ھیوادارین نەگاتە ئاڵۆزیی زیاتر کە رەنگە ھەموو کورد تێدا زەرەر بکات.