سەردێڕ:

ئیدی پارێزگاری کەرکوک دانانرێت

9/16/2019 6:45:11 PM
7479 جار خوێندراوەتەوە
سەرتیپ جەوهەر
+ -


پارتی شکستی بەرێککەوتنی دانانی پارێزگاری کەرکوک ھێنا.

ئەمڕۆ دوایین رۆژی ئەو ٤٥ رۆژە بوو کە بڕیاربوو لەوماوەیە پارتی و یەکێتی بەیەکەوە پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکوک ھەڵبژێرن! لەم رۆژانە لێپرسراوێکی پارتی پەیوەندیی بەیەکێتی کردووە و راگرتنی کۆبوونەوەکانی تایبەت بە دانانی پارێزگاری کەرکوکی لەگەڵ یەکێتی راگەیاندووە! ئەمەش بەمانای شکستھێنانی تەواوەتی پرسی دانانی پارێزگاری کەرکوک دێت.

لەسەرەتاوە ھەموو دەمانزانی پارتی نایەتە ژێرباری دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک! ئەگینا ھیچ پەیوەندییەک لەنێوان دانانی پارێزگاری کەرکوک و دابەشکردنی پۆستەکانی ھەڵەبجەدا نییە کە ئێستا پارتی کردویەتییە بیانوو بۆ خۆدزینەوە و شکستپێھێنانی رێککەوتنی دانانی پارێزگاری کەرکوک کە بڕیاربوو لەماوەی ٤٥ رۆژی رێککەوتنەکەی سلێمانی دەستنیشان بکرێت و لەئەنجومەنی پارێزگا دەنگی لەسەر بدرێت.

خراپتر لەوە تائێستا خالد شوانیی وەزیری ھەماھەنگیی نێوان ھەرێم و بەغدا دەستبەکارنەبووەو ھاوکات رەوەند مەلا مەحمود سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کە لەلایەن یەکێتییەوە دانراوە، فەرمانی دەستبەکاربونی بۆ دەرنەکراوە!! ھاوکات تائێستا قوباد تاڵەبانیی جێگری سەرۆک وەزیران ھیچ دەسەڵاتێکی بۆ شۆڕنەکراوەتە خوارەوە و ئەم پرسە گەیشتووەتە ئاستێک دەنگی لێوەبێت.

ئەو ئاماژانەی ئێستا بەردەستن لەبارەی جموجۆڵ و ھەڵسوکەوتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت کە تیمێکی سێبەری لەحکومەت دروستکردووە و دەستوپێی ئەم حکومەتەی گۆج و ئیفلیج کردووە لەژێر ناوی جیاجیا، ھەڵسوکەوتی پڕ نھێنی دەکات، ئەمەش بەڵگەی ئاڵۆزبوونی حوکمڕانی ھەرێمە لەماوەی نزیکی داھاتوو.

ئەم ئاڵۆزییەی ھەیە، ئەوکەسانە لێی بەرپرسن کە ٤٥ کورسی پەرلەمانییان بۆ پارتی کردە دیارییەکی بەنرخ و ئێستا دەبێ باجەکەی بدەن، پێویستە ھەموو ئەو راستیانە لەوبارەیەوە بخرێتە روو.

بڕیارە لەناوەڕاستی ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بکرێت، ئەگەر کورد نەتوانێ بەزووترین کات پارێزگارێک بۆ کەرکوک دابنێت ئەوا زیانێکی ئێجگار بەدەنگی کورد دەگات لەو پارێزگایە، بەتایبەت ئەو یاسایەی دەرکراوە بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگاکان، بەروونی رێگر دەبێت لەدەنگدانی دەیان ھەزار کوردی کەرکوک و رێخۆشکەر دەبێت بۆ دەنگدانی دەیان ھەزار عەرەبی داگیرکەر و ھاوردە.

ھەروەک ئەو ھەنگاوەی پارتی کە ئەمڕۆ کۆتاییان بەپرسی دانانی پارێزگاری کەرکوک ھێنا زیانێکی گەورەی بۆ یەکدەنگی کورد لە کەرکوک دەبێت. لەوانەیە لەم چەند رۆژەی داھاتوو یەکێتی و پارتی لەھەولێر لەبارەی ھەموو ئەو کێشانە کۆبوونەوەیەک بکەن و ئەگەر ھەیە یەکێتی ھەڵوێستی توند بەرامبەر پارتی رابگەیەنێت.