سەردێڕ:

لەژێر خۆردا شوێنێک نییە بۆ پیرەکان

5/31/2020 10:38:16 PM
4072 جار خوێندراوەتەوە
بڕوا بەرزنجی
+ -

ڕاپۆرتێک لە بارەی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە

دەڕابەکەم ھەڵدایەوە و یەکەمین تاڵی شەفەقی ئەو بەیانییە چاوەکانی پێ داخستم. خۆرێکی وا لەو مانگی یەکەدا، بەنرخترین دیاری بوو بۆ ڕۆژێکی نوێ.

وەک ھەمیشە یەکەمین دیمەن سەیری مێز و کورسییەکەی کۆستا کافێکەی بەرامبەر دوکانەکەمم کرد، ئەو مێز و کورسییەی ئەوەندە لەسەری دانیشتبووم ڕەنگی منیان گرتبوو.

ژنێکی قژ سپی، تەنورەیەکی سەوزی گوڵسوور و جووتێک قۆنەرەی سووری کلاسیک، ملبەرز و چاو مەیلەو سەوز و کڵاوێکی ڕەش لەسەر، کە زیاتر لە تابلۆیەکی مۆدیلیاتی دەچوو. ڕۆژنامەیەکی گاردیانی ئەو ڕۆژەی بە دەستەوەیە و قاوەیەک و دۆنەتێک، لەسەر مێزەکەی.

چوومە ژوورەوە، وەک ھەر بەیانییەکی تر، زۆرینەی مێزەکان پڕن لە خەڵکانێک کە زۆر بە پەلە قسە دەکەن و کۆفییەکانیان دەخۆنەوە و لەسەر لێواری کورسییەکان دانیشتوون، ئەوان دەبێت پاش کەمێکی تر لەسەر کار بن.

بە ناچاری دەبوو لەسەر کورسییە چۆڵەکەی سەر مێزەکەی خۆم، بەرامبەر ژنە تەنورە سەوزەکە دابنیشم، یارمەتیم لێی خواست و دانیشتم و کتێبی یادەوەرییەکانی چارلی چاپلنم لەسەر مێزەکە دانا.

چوومە شوێنی خزمەتگوزارییەکە و داوای چای-لاتێیەکم کرد، وەک ھەمیشە خۆیان ڕاھاتوون بە پێکەنینەوە وتیان: "سەرەکەی پڕکەین لە دارچینی." "بەڵی بە دڵنیایییەوە."

کۆفییەکم ھێنا و دانیشتم، خانمەکە سەری ھەڵبڕی و بە خەندەیەکەوە وتی: "ئەمڕۆ ڕۆژێکی خۆشە، من و تۆ بەختمان ھەیە، مێزەکەمان لە بەردەم پەنجەرەکەیە و خۆرەکە لێمان دەدات." "بەڵێ بە دڵنیایییەوە، من ھەموو بەیانییەک ئەمە شوێنمە، چونکە ئیش و ژیانم ڕێک بەرامبەر ئێرەیە، ئەو دەڕابە ڕەشەی بەرامبەرمان." ئەو پرسیی، لەوێیش دەژیت؟! بەڵێ، لەگەڵ ھاوڕێیەکم سەرقاڵی کردنەوەی ئەم دوکانەین، ئیشێکی نوێیە، کاری پەتاتە بە شێوازی بەلجیکی و ھۆڵەندی. سێ مانگە لێرەم و ئۆفیسێکمان دروستکردووە بۆ خۆمان، تا کارەکەمان تەواو دەبێت."

خانم، کارەکەی پێ سەرنجڕاکێش بوو. ھیوای سەرکەوتنی خواست و قوومێکی لە قاوەکەی دا، دواتر پرسی دەتوانم بزانم ناوت چییە؟ بۆ نا، من ناوم بڕوایە. خۆشحاڵم بەڕێز بڕوا، منیش ناوم ڕاندۆڵفە. خۆشحاڵم مادام ڕاندۆڵف چەرچڵ.

بە دەم پێکەنینەوە وتی، زۆر سەرنج ڕاکێشە مادام فەڕەنسییە، بۆ ناڵێیت لەیدی، خۆ تێدەگەم دایکی چەرچڵیش ناوی ڕاندۆڵف بووە. سوپاس بۆ زیرەکیت.

بەڵێ، شەوی پێشوو، سەیری فیلمێکم کرد لە بارەی مادام کەلێتی ڕۆماننووسی فەڕەنسی، کە من زۆر سەرسامی ژیانیم، تۆیش زۆر لەو خانمە دەچیت، ھەم ڕوخسار و ھەم ستایلە کلاسیکییەکەی جلوبەرگت، کە بۆ من سەرنجڕاکێش و جوانە.

مادام وتی: "سوپاست دەکەم، دڵخۆشت کردم. من کاتی خۆی دوو ڕۆمانیم خوێندووەتەوە، ئەوانیش (گەنمی سەوز و دەربەدەرەکە) چێژبەخشبوون. بەڵام دەبینم تۆ یادداشتەکانی چارلی دەخوێنیتەوە، ئەمەش دیسان ڕێکەوتێکی سەیرە، ئەگەر ھەندێ شت بزانیت، ئیتر پێم دەڵێیت، ھانا چاپلن!"

"چۆن؟ تێناگەم؟ تکایە بۆم ڕوون بکەرەوە." بە دەم پێکەنینێکی نەرمەوە وتی: "ھانا چاپلن، دایکی چارلی چاپلن، پوری گەورەی دایکمە، زۆرینەی کاتەکانی ھاوین ھاتوون بۆ ماڵی نەنکم لێرە، ئیتر ئەو ڕۆژگارە دایکم دەبێتە یەکەم خۆشەویستی چارلی. واتە خاتوو مارگرێت یەکەمین کچە دڵداری چارلی بووە، بەڵام دایکم زۆر منداڵتر بووە، دوو ساڵ دواتر واز لە چارلی دەھێنێت، چونکە ئەوان زۆر ھەژار بوون، بەس ھاوینان لەگەڵ ماڵەوەیان دەھات بۆ ساوس ئێند و لەگەڵ دایکم بووە. دایکم دەیوت بە سێ مانگ جارێ پارەی پۆستێکی پێ بووە تا نامەیەکم بۆ بنێرێت. ئا، بیرم ناچێت لەناو خانەوادە و ھاوڕێیانیشماندا ھەمیشە دەیان وت دەبوو تۆ کچی چارلی بیت، چاو و قژ و دەم و لوتم زۆر لەو دەچوو. ھەتا لە قوتابخانە ھەمیشە زۆر بە ئاسانی ھاوڕێکانم و مامۆستاکانم دەخستە پێکەنین، جاری وا ھەبوو بە تووڕەبوون و شەڕەکانم زیاتر پێدەکەنین، کە ئەوە منی شێت دەکرد. بۆ نا، لەوانەیە کچی ئەو بم، دایکیشم بە گومانەوە ھەمیشە وەڵامی ئەمەی دەدامەوە." خاتوو ڕاندۆڵف بە پێکەنینێکی پڕ لە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو ئەم شایەتیەییەی لەسەر خۆی دا.

بەڕاستی بەڕێز مادام چاپلنن؟ من بە دەم پێکەنینەوە پرسیم. ئەویش وتی: "بەڵێ. ئەوان زۆر ھەژار بوون، لە لەندەن دەژیان، مێردی خاتوو ھانا، باوکی چارلی، کەسێکی بەدمەست بوو، ھەروەک باپیرم، بەڵام باپیرم دەوڵەمەندیش بووە، ھەرچییەکیان ھەبوو دەیان دا بە مەشروب و قومار. لە ڕاستیدا پورە ھانا منداڵەکانی بەخێودەکرد. پارەی سەفەرکردنیان نەبوو، ھاوینان دەیھێنان بۆ ئێرە، بۆ ساوسئێند ئۆن سی، چونکە ھەم سەر دەریایە و ھەم نزیکی لەندەن و پارەیشیان نەدەدا بە ئوتێل، لە ژوورێکی ئێمەدا دەمانەوە، کە لە باخەکەماندا بوو. بەڵێ بەڕاستی دەتوانم پێت بڵێم تراژیدیای ھەژاریی خێزانەکەیان، چارلیی کرد بە ھونەرمەندێکی گەورەی کۆمیدیا. دایکم ھەمیشە وای دەوت!"

"دایکم دەیوت من منداڵتر بووم، چارلی لە من گەورەتر بوو، کە دواتر بوومە خۆشەویستی. لەگەڵ خوشک و براکەم زیاتر یاری دەکرد، خۆیان دەدزییەوە و بەرەو کەناری دەریاکە دەڕۆیشتن. چارلی زۆر حەزی لەوە بوو گوێ لە دەنگی دەریاکە بگرێت و خۆیشی ھاوار بکات، زۆر چێژی دەبینی لە ھاوارکردن لەگەڵ دەنگی شەپۆلی دەریاکە."

بە دەم گێڕانەوەی یادەوەرییەکانی دایکی، لە مۆبایلەکەیدا وێنەیەکی دایکی و چارلیی پیشان دام، لەناو کۆمەڵێک گەنجی خانەوادە و ھاوڕێیانیاندا، ھاوینێکی ساڵانی سەرەتایی سەدەی پێشو، لە کەناری دەریای ساوسئیند ئۆن سی، تۆپەکە لە ئاسمانە، زیاتر شێوەی لاکێشەیییە تا خڕ، دوو کەس خۆیان بۆ ھەڵداوە، کچەکان عەزییان لە بەردایە، کوڕەکان شۆرت و تیشێرت، ھەموو گیانیان قوڕە، کچێک کەوتووە و چارلی ھەردوو دەستی گرتووە و ھەڵیدەستێنێتەوە، خاتوو ڕاندۆڵف بە پەنجە باریک و لەرزۆکەکانی ئاماژەی کرد کە ئەوە خاتوو مارگرێتی دایکێتی، واتە یەکەمین خۆشەویستی چارلی چاپلن.

سەرم ھەڵبڕی لەسەر وێنەکە و وتم: "ئەمڕۆ ڕۆژێکی تەواو گرنگ و جوانە بۆم، خاتوو ڕاندۆڵف چاپلن، ئایا تۆ ھەر لێرە دەژیت؟ دەتوانم ھەر لێرە لەم کۆفی شۆپەدا بتبینمەوە؟" من پرسیارم کرد، چونکە دەمزانی زوو بەجێی دەھێڵم، لام گرنگ بوو ھەلێکی تر دروست بکەم بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵیدا.

"بەڵێ لێرە دەژیم، ماوەیەک لە لەندەن، بەڵام وا دە ساڵ دەبێت جارێکی تر بە یادی مناڵی و یادەوەرییەکانم لەگەڵ دایکم و خانەوادەکەم، لێرە دەژیم. زۆرینەی ڕۆژەکان دێمە ئێرە، چونکە بەیانیان ھەر خۆمم و وزە و تاقەتی نانخواردنی تەنیام نییە. و حەزم لەم جموجۆڵ و قسەکردن و سەرقاڵییەی ناو کۆفی شۆپەکانە. من بۆ خوێندنەوە حەزم لە قەرەباڵغییە نەک تەنیایی و بێدەنگی، چونکە ئێمەی پیر بۆ خۆی زۆرینەی کاتەکانمان لە تەنیایی و بێدەنگیدا دەژین." خاتو چاپلن، وای وت.

زەنگی تەلەفۆنەکەم لێی دا، ئەو کارەباچییە بوو، کە بڕیارە بێت ھەندێ کاری کارەباییم بۆ بکات. وتی پاش نیو کاتژمێری تر لای من دەبێت.

بە خاتوو ڕاندۆڵفم وت کە من دەبێت نیو کاتژمێری تر بڕۆم، بەڵام لام گرنگە زیاتر قسە بکەین، چیرۆکی ئەو بۆ من سەرنجڕاکێشە، وتم ئەگەر پێی خۆشبوو ڕاپۆرتێک لە بارەی ئەوەوە دەنووسم بۆ ڕۆژنامەکانی کوردستان. ئەو خۆشحاڵ بوو، دیار بوو تازە بە تازە لەگەڵ ناوی داعش و سەربڕیندا، ناوی کورد و ژنی کوردی وەک پاڵەوان بیستبوو.

"ئەگەر ژیان وەک خۆی مایەوە و توانیمان یەک ببینینەوە، ئەوا خۆشحاڵ دەبم گفتوگۆ بکەین، چونکە بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیانی ئەمڕۆ، حکومەت بە تەمایە لە ھەفتەی داھاتووەوە ھاتنەدەرەوە لە پیرەکان قەدەغە بکات، نەک ھەر ئەوەندە بەڵکو قاوەخانەکان دابخەن، لەوانەیە ھەر وەک ئیتاڵیا ھەموو شتێک دابخەن." ڕاندۆڵف بە دەم دواقوومی قاوەکەیەوە وای وت.

"خاتوونی بەڕێز، من ھیوادارم وا نەبێت، ئەگەر ببێت تەنھا بۆ پیرەکان نییە، پێویستە ھەموومان خۆمان بپارێزین، ھەواڵەکانی ئیتاڵیا خۆش نین و ڕۆژانە خەڵک زۆر دەمرن."

"بەڵێ ڕاست دەکەیت بەڕێز بڕوا، بەڵام بابەتی پیرەکان تەنھا ئەم ڤایرۆسە نییە، ئەم ڤایرۆسە من دوو ھەفتەیە ناویم بیستووە، بەس تۆ سەیر بکە، لەوەتەی خانەنشین بووم ھەست دەکەم پیرەکان ڕۆژ بە ڕۆژ دەبن بە بارێکی قورس بەسەر ئەم ژیانەوە، جاران خەڵک کاتی ھەبوو بۆ پشوو، پێویستی بە چیرۆک و گێڕانەوەی پیرەکان بوو، پیرەکان دەبوون بە گەرمکەرەوەی کۆبوونەوەی خێزانەکان، ئێستا خەڵک وەک برغویەک بە مەکینەیەکی گەورەوە تا ژەنگ دەکەن و فڕێ دەدرێن وەک ئێمە کار دەکەن. ئەی تۆ نەتبیستووە دەڵێن وڵاتە زلھێزەکان بە شوێن ئەستێرەیەکی بێکەڵکدا دەگەڕێن بۆ پیرەکان، یان ئەوانەی ناتوانن باش کار بکەن فڕێیان دەدەنە ئەوێ، ئەم ئەستێرەیە بووە بە کارگەیەکی گەورە، بەڵێ لەم کارگە گەورەیەدا شوێنێک نییە بۆ پیرەکان!"

قسەکەی تەواو ڕاست بوو، بەس وەک دڵدانەوەیەک بە دەم پێکەنینەوە پێم وت: "خاتوون تۆیش زۆر چەپیت، دیارە لایەنگری جێرمی کۆربنیت."

بە دەنگی بەرز پێکەنی و وتی: "بڕوام پێ بکە دەمێکە بڕوام بە چەپ و ڕاست لە شۆفێریکردنیشدا نەماوە نەک سیاسەت. ساڵانێکیشە لە ماڵەکەمدا بێجگە لە ڕادیۆیەکی کۆن تیڤیم نییە. پشیلەیەکم ھەیە زۆر سوودبەخشترە بۆ ژیانم لە بۆریس جۆنسن یان کۆربن."

بینیم لە بەردەم دوکانەکەم، کارەباچییەکە وەستاوە، بە پەلە کتێبەکەم ھەڵگرت و ڕوخسەتم لە خاتوو ڕاندۆڵف خواست. بە ھیوای یەکبینینەوەی زوو لە قاوەخانەکە چوومەدەرەوە.

دەڕابەکەم ھەڵدایەوە، بەڵام کارەباچییەکە زۆر سەرقاڵبوو، تەلەفونی زۆر بۆ دەھات و کاری زۆر بوو، پەیژەی بیرچوو بوو، داوای لێبوردنی کرد و چوو پەیژە بێنێت، دراوسێکەم دوو کوڕی میسڕی بوون، لە ئیخوانەکانی میسڕ بوون کە دوای کودەتاکەی سیسی، ھەڵاتبوون. قورئانێک بە دەنگێکی میسڕیی خۆش ئیش دەکات، لێی پرسیم: براکەم تۆ بڕوات بەم ڤایرۆس و شتە ھەیە؟ منیش وتم: زانیاریم زۆر نییە، بەڵام ئەمە شتێکی دووبارەیە و لە ژیانی مرۆڤدا چەندجارێک دروستبووە. ئەو کە ناوی ئیسام بوو، وتی: براکەم بڕوا بکە ئەمە سزای خودایە بۆ ئەم بێبڕوا پیس و چەپەڵانە، بزانە موسڵمانان دەگرێتەوە، ئەم شەمشەمەکوێرە خۆرانە دەکوژێت. من دەبوو بڕۆمە ژوورەوە. بە کورتی وەڵامم دایەوە و وتم با چاوەڕێ بین، بزانین چی ڕوودەدات!

چوومە ژوورەوە و ھاوار بەرز بووەوە، بینیم سێ کەس کە وەک ئاسایش لە کۆگای گەورەی جلوبەرگی پرای مارک کار دەکەن شوێن گەنجێکی شڕۆڵە کەوتوون، بەرەو ڕووی ئێمە. لە ھەمانکاتدا بینیم خاتو ڕاندۆڵف لە فلکەکەیدا وەستاوە بپەڕێتەوە، دەستەکانی لە گیرفانی. دوو پیاوە میسڕییەکەی دراوسێم چوونە سەر شەقامەکە تا نەھێڵن ڕابکات، بەڵام پێش ئەوەی بگەنە ئێمە یەکێک لە ئاسایشەکان خۆی کێشا بە خاتوو ڕاندۆڵفدا، بینیم کەوت و زرمەی سەری ھات، بەر ئەو ئاسنە کەوت، کە وەک ڕێگرێک دایانناوە تا ئۆتۆمبێل بەرەو خوارەوە بۆ سەر دەریاکە نەڕوات، کە بەس بۆ پێ ڕۆیشتنی گەشتیارانە. من ڕامکرد، خەڵکێکی تریش لەگەڵ من، پێکەوە گەیشتینە سەری، سێ پاڵەوانەکە تازە لە دوورەوە دەیان وت چی بووە و دەھاتن بەرەو ئێمە. کچێکی گەنج بە ملپێچەکەی خوێنی سەری دەسڕێت و خاتوون ھیچ قسەیەک ناکات، پاش کەمێک ئەمبوڵانس و پۆلیس ھاتن. پۆلیس دەستی کرد بە لێکۆڵینەوە و لە ئەمبوڵانسەکەدا سەرقاڵی چارەسەری ڕاندۆڵفن، بەڵام ھەر زوو گوێم لێبوو یەکیان وتی:" بەداخەوە بۆ ئەم ژنە، پیر بووە و بەرگەی نەگرتووە، بۆیە مردووە."

پۆلیس، ئاسایشەکانی کۆگاکەی دەستگیرکرد، یەکیان بە پۆلیسی وت: "گەنجێکی ڕۆمانی بوو، جووتێ گۆرەویی دزی." کەسێکیش وتی: "وڵاتەکەمان پڕ بووە لە دز و لە-برسا-مردوو، ئەمانە دەبێت بە زوویی دەرکرێن."

زووبەزوو، بێدەنگ گەڕامەوە ناو دوکانەکە و دەڕابەکەم دادایەوە و دەستم کرد بە گریان، زۆر گریام، تا خەوم لێ کەوت!

تێبینی: پاش ماوەیەک ھەموو شوێنێک داخرا و ھەموان کەرەنتینە کراین ھەتا ئێستایش، دوای چل ڕۆژ، وەک یادێک بۆ خاتوو ڕاندۆڵف، ئەم ڕاپۆرتەم نووسی و ناردم بۆ ڕۆژنامەیەک لە کوردستان. سەرنووسەرەکەی کە ھاوڕێمە، بە پێکەنینەوە بۆی نووسیبووم: کوڕی باش، ئەڵێیت لەوەتەی لەو وڵاتەی ڕاپۆرت و کاری میدیاییت بیرچووەتەوە. برا، تۆ خەوت بۆ ئێمە نووسیوە نەک ڕاپۆرت. خوا لەو خاتوونە خۆش بێت، بەڵام ئێمە ناتوانین لە یاساکانی نووسینی ڕۆژنامەگەری لا بدەین.