سەردێڕ:

رای گشتی دەستکردی سیاسی!

5/31/2020 10:45:07 PM
7870 جار خوێندراوەتەوە
تەنیا کوردی
+ -

ھونەری دروستکردنی رای گشتی دەستکردی سیاسی، لە جیھاندا پشت بە بواری سینەما و رۆشنبیری و، گەیاندنی تەندروست دەبەستێ، تا نمونەیەک بێ لە باوەڕھێنان بە رای گشتی سروشتی.

بەم رێگەیە وڵاتانی مۆدێرن لەسەر زەویدا کەرەستەی (ھێز و ئابووری و نفوز) وەک ھێزی ستراتیژی و، لە بواری فکریشدا کەرەستەی گەیاندن بۆ کەسبی دەروون و عەقڵ بەشێوەی تابلۆی باوەڕھێنەر دەخەنەڕوو، ھەردوو رێگەکە دەکەنە دیمەنێک تا بڕیاری سیاسی تەندروستی لێ بەرھەم بێنن، ئەمە نوێترین ھەوڵێکە کە سەنتەر و بیرمەندانی جیھانی لە ئێستادا نەخشەی چۆنیەتی مامەڵەی ستراتیژیەتی دیپلۆماسی خۆیان لە دوای قۆناغی دوای کۆڕۆنا بۆ سەرۆکەکانیان پێ نەخش دەکەن.

لە ئێستادا دەگوترێ، شێرێکی خەوتوو کە مەبەست لێی ئابووری چینە دەتوانێ لە دارستانی ئەمەریکا بە خەبەربێتەوە؟ یانیش زنجیری کۆتوبەندی ئەمەریکا لە رێگەی گەیاندنی دەستکرد وەک ھۆلیۆد و رۆشنبیری، گەیاندنی تۆڕی کۆمەڵایەتی و نفوزی ھێزی سەربازیی، جارێکی دیکە ھێڵی حەریر و رێرەوی نوێی چین لە دوای کۆڕۆنا کۆتوبەند دەکات.

پێشبینی نوێی ستراتیژیەتی گەیاندن لە بەشی توێژینەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێ، ئەمەریکا لە سێبەری گەیاندنی وەزارەتی دەرەوەیدا، وەزارەتێکی دیکەی ھەیە کە ھێزی دەستکردی وەک بواری رۆشنبیری و دیپلۆماسیەتی لۆکاڵی گەیاندووەتە ئەوپەڕی سنووری دنیا، وایکردووە تەنیا کەمتر لە ١٠٪ ھاوڵاتیانی ئەمەریکا بۆ دەرەوەی ئەمەریکا ساڵانە گەشت بکەن، کەچی لە ھەرێمی کوردستاندا کە پێنج ملیۆن کەسی ھەیە، رای گشتی دەستکرد لە ھەندێ مەوجی پەخشدا لەسەر شێوازی بەرھەمھێنانی خەتکێشان بەسەریەکتر، راوێژی سیاسی ناپێگەیشتوو و بەدەر لە لۆژیک، تازەبەتازە ئەلفوبێی بەرپاکردنی یەکترسڕینەوە و پەراوێزخستن و گەڕانەوە بۆ یەکترشکاندن و خۆسەپاندن و فەرز و تەلەفی کۆن، لولەکانی دەکرێتەوە و دەبێتە مۆدێلێک کە خەریکە جیلی تازەیشی پێ لەسەر خشتە ببرێ.

لەم ھەرێمەی ئێمەدا کێشەی جەوھەری لە تەملیکی دەستکەوتە بەشێوەی فەردی، لە تێنەگەیشتنە لە جوھدی سیاسی پێکەوەژیان، لە پێنەگیشتنی تەکمیلەی بە دامەزراوەیبوونە، بۆیە تا بەری گوتارێکی سیاسی راکێشی، وشە شاراوەکان وەک سەربازی شەڕ لە نێو دەرووندا دێنەدەر و ناخێکی پڕاوپڕ لە توندوتیژی فکری ھەیە، ئەم نیەتە لە بیرکراوە کە ئەگەر بەری رەنجی سیاسی ئەم وڵاتە بخرێتە مزایەدەی خۆخوێندنەوە و تەنیا خۆ تەفسیرکردن ئەمە دەبێتە سەرەتای سڕینەوەی ھەمووان، ئێمە ناڵێین ھەرێمی کوردستان ببێ بە دانیمارک، بەڵام دەتوانین لە ناوبانگی دانیمارک تێبگەین کە لە جیھاندا کەمترین رێژەی فەسادی لێییە! ناڵێین ببین بە سویسرا، بەڵام دەکرێ لەوە تێبگەین کە پەروەردەی سەربازیمان لانی کەم بە جۆرێک بێت کە دەست بۆ لولەی تفەنگ لەسەر ئایدۆلۆژیەتی دیاریکراو نەبرێ، چونکە وەسیلەکانی شەڕ دەبێ تەحریم بێ، ئێمە ناڵێین ببین بە تایوان، بەڵام لانی کەم دەبێ لەوە تێبگەین کە نەکەوینە نێو سێرەی جەنگی ئیقلیمی! ئێمە زۆرمان ماوە ھەنگاو بۆ جێگیرکردنی بەھای پێکەوەژیان بنێین! زۆرمان ماوە فێربین کە چۆن لە بەھاکانی دەوڵەتداری بگەین، ئێمە بە گوێرەی دەستووری عێراقی فیدراڵ ھەرێمێکی شەرعین، بۆیە دەبێ بگەڕێینەوە سەر پرەنسیپەکانی پێکەوەژیان کە لە ماوەی ساڵێکدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو راگەیاندراو و بۆنەکاندا بە کردەیی دەڵێ سەرۆکایەتی چەتری ھەمووانە بە ئۆپۆزسیۆن و حوکمڕانەوە گرنگە ئەم دەرفەتە لەدەست نەدرێ، موفرەداتی سیاسی نابێ ببێ بە تەنیا خۆخوێندنەوە، ئێمە لە ئێستادا لە بەردەم سەخترین قۆناغی مێژویداین، نئۆم چۆمسکی دەڵێ، ھیچ یارییەک ھێندەی ئێستا مەترسیدار نییە، چونکە بواری ساختەکردنی حەقیقەت سنوورەکانی تێپەڕاندون و بوون بە کەرەستەی نوێی چەواشەکاری رای گشتی و خراونەتە سەر زمان، گرنگە ئێمە بگەڕێینەوە سەر سروشتی رای گشتی، ھەر حزبێکی سیاسیش کە بیەوێ رای گشتی دەستکردی ھەبێ ئاساییە لە چوارچێوەی لۆژیک بڕیاری سیاسی لێ بەرھەم بێنێ، نەوەک بە کەرەستەی نالۆژیکی و دوور لە ململانێی دیموکراسی.

کاتی خۆی بەرلەوەی ئەمەریکا جەنگی عێراق بکات، کۆمپانیای سایک بۆ بواری جەنگی دەروونی ئامۆژگاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای کرد کە دەبێ بەر لە جەنگ رای گشتی دەستکرد دروستبکەن بۆ باوەڕی رای گشتی سروشتی ئەمەریکا، ھاوکات بەشی پلانی تاکتیکی جەنگی ئەمەریکا بەشێوەی ئەکشنی ھۆلیۆد جەنگی ئەمەریکای دژی عێراق بەرپاکرد، نیشاندانی وێنەیەک لە تەدمیری ساربازانی عێراق، نیشاندانی شکاندنی پەیکەری سەدام کاتێک تانکێکی ئەمەریکی دەچێتە بەردەمی، نیشاندانی وێنەی سەدام لە کاتی پشکنینی پزیشکی، نیشاندانی درامای کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق، ئەمانە تابلۆی ھونەری بوون ئەمەریکا بۆ ئەوەی بەرای گشتی دەستکرد بتوانێ ساڵ لە دوای ساڵ ھێزی نمایشی ئەمەریکا لە دەروون و عەقڵی نێوخۆیی و جیھاندا سەیڤ بکات، سێبەرێک ئەم کارەی بۆ ئەمەریکییەکان کرد، تازە بەتازە لە کوردستان ئێمە خەریکە لە دژی خۆمان تابلۆی جەنگی سوتانی بارەگای یەکتر بکەینە خاڵی لاوازی ھەرێم و، ئاگر لە دەستکەوتەکان بەردەین؟

ئێستاش لە کوردستان گرنگە لە مەشھدی دەستکرد دەرچین، چونکە ئێمە تابلۆی راستەقینەمان ھەن، وەک کیمیابارانی ھەڵەبجە، ئەنفال، تابلۆی خوێناویشمان ھەن وەک شەڕی نێوخۆ، بۆیە دەبێ لەوەبگەین کە بەکام تابلۆ ھێزی ھەرێم نیشاندەین وەک ئەنفال، کیمیاباران، شەڕی داعش، بەکام تابلۆی خوێناویش وەک شەڕی براکوژی خۆمان لە بارگرژی سیاسی دوورخەین، دەروونی رای گشتی زۆر ھیلاکە و دیمەنی دەستکرد و سروشتیش لەیەکدی جیادەکاتەوە، بۆیە کاتیەتی کە یەکتربخوێنرێتەوە تا چاوی رای گشتی لەسەر ئەم دیمەنە ساختانەی ھەن لابچێ و دیمەنی پێکەوەژیانی راستەقینە بگەرێتەوە سەر رێچکەی خۆی.