سەردێڕ:

زوڵم و ستەمی دەسەڵاتدارانی ھەولێر تا کەی بەردەوام دەبێ؟!

7/30/2020 10:34:26 PM
15302 جار خوێندراوەتەوە
کاروان عەلى شامار
+ -

ئەوەی ئەمرۆ لەنەخۆشخانەی رزگاری شاری ھەولێر رویدا کێماسیەکی گەورەبوو بۆ سەرشانی دەسەڵاتدارانی حکومەتی ھەرێم و ئیدارەی خۆجێی پارێزگای ھەولێر. دابینکردنی تەواوی پێداویستیە پزیشکیەکان سادەترین مافی نەخۆشە و ئەرکی سەرشانی بەرپرسانی حکومەتە کە باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە نەخۆشخانەکانی ھەرێم بکەن.
کارگەی ئۆکسجینی نەخۆشخانەی رزگاری کە چەن رۆژێکە لە کارکەوتووە تەنھا پێویستی بە (١٧) ملیۆن دینارە بووە بۆ چاکردنی، وەلێ بەھۆی کەمتەرخەمی پزیشکی و ئیدارییەوە ئەمرۆ نزیکەی (٢٠) ھاوڵاتی ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بەھۆی لێبرینی ئۆکسجینەوە لەنێو نەخۆشخانەکەدا گیانیان لەدەستدا! 
لەکاتێکدا دەتوانرا ئەوبرە پارەیە زۆر بە ئاسانی لەلایەن تەنھا بەرپرسێکی شارەکەوە دابین بکرێ، ئەمە وێرای ئەوەی حکومەتی عیراق و وڵاتانی ھاوپەیمانیش لەسەروبەندی سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تا ھەنوکە دەیان ملیار دیناریان بۆ ھەرێم ناردوە و لەو ھاوکاریانەش پشکی شێر بۆ ھەولێر براوە! دەکرا دەسەڵاتدارانی پایتەخت بەبەشێک لەو پارەیە کاری باشیان کردبایە و رێگەیان گرتبایە لە رودانی کارەساتی ھاوشێوەی ئەمڕۆ! ئەگەر بیانوشیان ھەبوبێ لەوەی کە ئەو پارەیە بۆ شتی تر خەرجکراوە ئەوا ساڵانە لە پایتەختدا میوانداری دەیان گۆرانیبێژ و پۆرن ستار دەکرێ و نەنگی و دەلاقەی گەورەی کلتوریی و کۆمەڵایەتیان بەدوای خۆیاندا ھێناوە، لێ دەکرا لەبری دابینکردنی پارە بۆ ئەو جۆرە ئاھەنگانە کار بۆ چاکردنی سێکتەری تەندروستی کرابایە!
بەھۆی ئەو دەسەڵاتە پۆلیسیەی لە ھەولێر بەسەر ھاوڵاتیاندا سەپێنراوە پزیشک و نەخۆش و ھاوڵاتیش ناتوانن وەک پێویست داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بکەن و رێگەنەدراوە ئاماری حەقیقی مردن و توشبوون بە کۆرۆنا وەک خۆی بڵاوبکرێتەوە کە ئەمە ئاکامی خراپی دەبێ و دور نییە لە داھاتوویەکی نزیکدا  کارەساتی مرۆیی لەو شارەدا دروست ببێ! 
خولاسە، لەھەرێمی کوردستاندا مرۆڤ ھێندە بێ نرخ کراوە ئاساییە رۆژانە دەیان کارەساتی ھاوشێوەی ئەمڕۆ روبدات و دواتریش بەرپرسانی پەیوەست بە روداوەکە بێ ھیچ لێپرسینەوەیەک لێی دەرباز دەبن! فاکتی روداوەکەی ئەمرۆی نەخۆشخانەی رزگاری و روداوەکانی تریش دەرخەری ئەوەن کە سەرۆکی حکومەت خۆی قەیرانسازە و ھیچ نیەتێکی جدی نییە بۆ چاکردنی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان ئەگەر نا دەیتوانی بەو داھاتە زۆرەی کە لەبەردەستیەتی خزمەتی زیاتر و باشتری خەڵکی کوردستان بکات.
لێرەدا گرنگە ئاماژە بە مەشھەدی ئەو دایکە پیرەی ئەمڕۆ بدەین کە لەناو نەخۆشخانەی رزگاری پێویستی بە ئۆکسجین بووە و کە لەسەرە مەرگدا ھاواری کردووە خودایە بۆ خاتری رۆژی موبارەکی عەڕەفەی، ئەو زوڵمە قبوڵ نەکەیت!
دەوترێ ھەموو شت لە باریکی دەپچرێ بەس تەنھا زوڵم و ستەم نەبێ کە لە ئەستوریدا دەپچرێ! کە وایە لە دوای ئەم روداوە و دەیان روداوی ناخ ھەژێنی تر، بۆ تا ئێستا ھەڵوەستەیەکی جدی نەکراوە لەوەی کە دوای سی ساڵ لە حوکمڕانی و زوڵم و ستەمی دەسەڵات لە پایتەختدا تا کەی بەردەوام دەبێ و بۆ تا ئێستا ھیچ سنورێکی بۆ دانەنراوە؟!