سەردێڕ:

کارگێڕیی کات لە ماڵەوە

3/25/2020 6:20:47 PM
7236 جار خوێندراوەتەوە
هاوکار جەلال
+ -

لە زانکۆ پێشکەوتووەکانی جیھان، یەکەم حەفتەی خوێندن پڕۆگرامێک دەخوێنن پێی دەوترێت(Orientation)واتا ڕێکخستن، مەبەست لەم پڕۆگرامە ئاشناکردنی فێرخوازەکانە بە ژیانی زانکۆیی، ژیانی زانکۆییش واتا ڕێکخستنی کاتەکانییان لە نێوان ژیانی تایبەتی و ئەرکەکانی خوێندن لە ماڵەوە و لە ناو زانکۆ، لەم پڕۆگرامەدا تیۆرییایەک جێبەجێدەکرێت لە زانستی کۆمەڵناسیدا پێیدەڵێن(Time Management)ڕێکخستنی کات، یاخود ھونەری کارگێڕی لە کاتەکانی ژیاندا، ئامانجەکەش ئەوەیە قوتابییەکان مرۆڤی سەربەخۆ و خۆبەڕێوەبەربن.

ئێمەی مرۆڤ، بۆئەوەی لە بوونەوەرەکانی دی جودابین، دەبێت لۆجیک وەگەڕخەین تا خەسڵەتێکی مرۆڤانە بنوێنین لە سوڕی ژیانماندا، بە پێچەوانەوە، ھەمان سوڕی ژیان ڕێدەکەین لەتەک بونەوەرەکانی تر گەر وانەکەین، سوڕی ژیان مەبەست شەو و ڕۆژێکی تەواو، کە دەکاتە ٢٤ کاتژمێر، لەم سوڕەدا مرۆڤ چالاکی ھەمەچەشن ئەنجامدەدات سەرەڕای خواردن و خەوتن، وەلێ بونەوەرەکانیش بەگشتی دەخۆن و دەخەون.

بێگومان مەبەستی ئەم پەڕەگرافە سەرنجێکە لەسەر ئەم دۆخەی ئێستامان، کە ھەموو جیھان ناچارە لە ماڵەوە نەچنەدەرەوە، ئەو دۆخەی ڕووی لە ھەموو مرۆڤایەتی کردووە.

چۆن سوڕێکی ژیان ڕێ بکەم و ئەرکەکانم چین؟

یەکەی یەکەم:

دەکرێت یەک سوڕی ژیان دابەشی سێ یەکە بکەین، بۆ ھەر یەکەیەک ٨ کاژێرمان ھەیە، یەکەیەکی تەواو لە نووستن ڕێدەکەین، واتا ٨ کاژێر بۆ نووستن کە بۆ ھەندێک کەس ٧ کاژێر بەسە و بۆ ھەندێک کەمە، بەڵام بەگشتی ٨ کاتژمێر خەوتن تەندروستە، نابێت زیادەڕۆیی تێدابکرێت، خەوێکی دروست سیستمی بەرگری لەش باشتردەکات و جەستە چالاک و دەرونێکی ئاسودە لە ڕۆژدا بە مرۆڤ دەبەخشێت، ئەم جۆرە زانییارییانە تەنھا بواری پزیشکەکان نییە، بەڵکو چالاکی ڕۆژانەی مرۆڤە و دەبێت ھەموان بیزانن، ھەروەھا خواردنی یەک سێو ڕۆژانە و لە ژەمی بەیانیاندا دورتدەخاتەوە لە پزیشک.

یەکەی دووەم:

گریمان بۆ چالاکییە دووبارەکان وەک خۆشوشتن، نان خواردن، چایی خواردنەوە، جل گۆڕین، ددان شوشتن و بەفیڕۆدانی کات لە خووە دووبارەکان و ھتد.

ڕێکردنی ئەم دوو یەکەیە کە باسمانکرد، بە گشتی ھاوبەشە لەنێوان مرۆڤەکان، واتا ١٦ کاتژمێری ژیانمان ھاوشێوەی بوونەوەرەکانی ترە بە کەمێک جیاوازییەوە، لێرەدا ژیریی و مرۆڤ بوونمان بە ٨ کاژێر جیاوازە لەگەڵ بوونەوەرەکانی دی.

یەکەی سێھەم:

پەیوەست بە دۆخی ئێستامان، پاش ئەوەی ١٦ کاژێر بەڕێدەکەین، ھێشتا ٨ کاژێری تەواو کاتمان دەمێنێت، گەر ئەم ماوەیە بە لۆجیک بەڕێنەکەین چ جیاوازییەکمان لەگەڵ بوونەوەرانی دی دەبێت؟!

بۆیە دەبێت بزانین ھەلێکی باشمان ھەیە بۆ ئەوەی تێبگەین لە بەرامبەر ئەو ھەموو خواردنەی دەیخۆین، دەبێت وەرزش بکەین، لە بەرامبەر ئەو پێشکەوتنەی جیھان و ئەو زانیارییەی سات بە سات بڵاودەبنەوە شتێک فێرببین، لە بەرامبەر گەورەترین سەرماییەی ژیان کە کتێبە شتێک بخوێنینەوە و تێبگەین کتێب چەند گرنگە، کاتێک نوسەر ھەموو بیرکردنەوە و ژیانی لە ئایدییایەک بەڕێکردووە و پاشان بە کتێبێک ھاتۆتەتە بەردەستی ئێمە، بۆ لەم ماوەیەدا نەیخوێنینەوە.

ھەروەھا لە بەرامبەر ئەو ئەرکەی خێزانەکانمان کێشاویانە بۆمان،  دەبێت ئێمەش خواردن دروستکردن بکەینە ئەرکێکی تری ڕۆژانەمان، کە لەم ڕێگەیەوە دەتوانین لە جیھانە پڕ میھرەبانییەکەی دایکمان یاخود خوشکمان یان ھاوسەرەکانمان زیاتر تێبگەین، وابکەین ئەم ماوەیە بۆ ئەوان ڕۆژانێکی تایبەت و گۆڕانکارییەک لە ئەرکی ڕۆژانەیاندا بکەین، نیشانیان بدەین ئێمە لە غەمی شەکەتی ئەوانداین بەڵام بوارمان نەبووە، چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئافرەتەکان زۆر ماندوون.

ئێمە ھەموومان ژن و پیاو وەک مرۆڤ لە بەرامبەر ڤایرۆسێک لە ماڵەوەین، لەم دۆخەدا جیاوازییەک نییە لە ئەرکی ژن و پیاودا، دەکرێت لەم ماوەیەدا کاتەکانی ژیانمان بە جۆرێک ڕێک بخەین کە بۆ تەواوی ژیانمان سودی ھەبێت نەک بێزاری و ترس و دڵەڕاوکێ دەرببڕین.