سەردێڕ:

نەوەی نوێ و حکومەتی سێبەر

3/25/2020 1:47:46 PM
5933 جار خوێندراوەتەوە
ئاریان تاوەگۆزى
+ -

حکومەتی سێبەر بریتییە لە حکومەتێک لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە  پێکدەھێنرێت لە ھەندێک لە وڵاتانی دیموکراسی، سەرەتا و بەتایبەتر لە بەریتانیا سیستەمی حکومەتی سێبەر پێکھێنرا، گەورەترین پارتی سیاسی لە پەرلەمانی بەریتانیا راستەوخۆ ئەرکی پێکھێنانی حکومەتی پێ دەسپێردرێت و گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنیش حکومەتی سێبەر پێکدەھێنێت، لە بەرامبەر ھەر وەزیرێکی گرنگی حکومەت ئۆپۆزسیۆنیش وەزیری سێبەر دیاری دەکات، بۆ چاودێری لە وەزیر و پێشنیاری سیاسەت و بەرنامەی ئەڵتەرناتیڤ دەکات و ھەروەھا خۆی ئامادەکات بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات لە ھەڵبژاردنی ئایندە، لە بەرئەوەی حکومەتی بەریتانی بە حکومەتی شاژنی بەریتانی دەناسرێت لەھەمانکاتدا ئۆپۆزسیۆنیش بەشێکە لە سیستەمەکە و بە ئۆپۆزسیۆنی وەفادار بە شاژن ناسراوە.

لە ھەرێمی کوردستان ئێستا سێ گەورەترین ھێزی پەرلەمانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان لە بەرەیەکدان و پێکھێنەری ئەم حکومەتەن، کەم کەس ھەیە لە کوردستان بە ئەندامان و لایەنگران و دەنگدەرانی ئەو بەرەیەشەوە گومانی ھەبێت لە شکستی ئەم حکومەتە تا ڕادەی ئیفلیج بون، بەڵێ ئەم حکومەتە درێژە پێدەری ھەموو حکومەتەکانی پێش خۆیەتی لە ٢٩ ساڵی ڕابوردودا کە پارتی و یەکێتی پێکیانھێناوە.

ئەم حکومەتە کەمترین خزمەتگوزاری بۆ ھاونیشتیمانیان پێدابین ناکرێت، بگرە خەڵک و موچەخۆران کە کاریان بۆ حکومەت کردوە چارەکێک لە موچەکانیان وەرناگرن، سیستەم و سیاسەتی ئابوری و دارایی و بانکی، خوێندن و پەروەردەیی، تەندروستی، پیشەسازی، کشتوکاڵ، نەوت و سەرچاوەی سروشتی، بازرگانی، ئاوەدانکردنەوە  نەوەک لە لێواری ڕوخاندایە، بەڵکو ھەر وجودی نیە و تەنیا ئیدارەدانی ڕۆژانەیە و ئەمڕۆ دەدرێتە دەست سبەی. 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ چی لە ناو پەرلەمان چی لە دەرەوەی پەرلەمان بەتایبەتی لە ڕێگای سەرۆکی جوڵانەوەکە شاسوار عەبدولواحیدەوە توانیویانە ڕۆڵی کاریگەریان ھەبێت و ئۆپۆزسیۆنێکی وەفاداربن بۆ گەلی کوردستان و شارەزا و ئاگادارن لە پێداویستی و داخوازییەکانیان و ڕێگا چارەکان بە بەرنامە و بە پراکتیز لە ڕێگای چەندین نمونە و سامپڵەوە سەلماندیان ئەو ھێزە ڕێکخراو و ئامادەن تاقیبکرێنەوە و دەسەڵات بگرنە دەست و کار بۆ خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان بکەن.

نەوەی نوێ ئێستا حکومەتی سێبەری ڕانەگەیەنراویان دروستکردوە و سەرۆکی ئەو حکومەتە سەرۆکی جوڵانەوەکە سەرۆکایەتی دەکات، لەوانەیە حکومەتی سێبەری نەوەی نوێ پڕاوپڕ ھەمان پێناسە بەریتانییەکە نەیگرێتەوە، بەڵام لەلایەکی ترەوە جیاوازییەکانی مۆرکی بارودۆخی کوردستانیانەی ھەڵگرتوە و تەنھا کاری ڕەخنەگرتن و پشنیازکردنی ئەڵتەرناتیڤ نیە بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بەڵکو لە بواری جیاوازدا نمونەی حکومەتداری خۆی خستوەتە بواری جبەجێکردنەوە لەوانە، پردی کلەکە سماق، چاککردنی شەقامەکان لە ھەڵەبجە، دابەشکردنی نەوت بەسەر کەمدەرامەتاندا، کردنەوەی خولی توانایی قوتابیان، بە نەخۆشخانەکردنی ئۆفیسی سەرەکی جوڵانەوەکە بۆ نەخۆشانی ڤایرۆسی کرۆنا و لە کۆتا کاریشیاندا کردنەوەی کەناڵی پەروەردەیی بۆ ئەوەی ڕەوتی خوێندن و زانست لە کوردستان لەوە زیاتر بە ھیلاک نەڕوات.

لە ھەر بوارێک نمونەیەک و بۆ ھەر وەزارەتێک کارێک، حکومەتی سێبەری نەوەی نوێ دەڵێت مشتێک نمونەی خەروارێک.