سەردێڕ:

ھەڵبژاردنی پێشوەختە و پرۆسەی تەعریب

9/21/2020 11:08:44 AM
2711 جار خوێندراوەتەوە
شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
+ -

بڕیاری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، کە بڕیارە لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە عێراق و ھەرێمی کوردستانیش بەڕێوەبچێت، وێڕای ئەو مشتومڕە زۆرەی لەسەر ئاستی ناوەندە سیاسی و میدیاییەکاندا دروستی کردووە، ھاوکات چەند رەھەند و لێکەوتەیەکی خراپیشی لێدەکەوێتەوە، بەوپێیەی ھیچ کات ھەڵبژاردنەکان لە عێراقدا نەیانتوانیوە چارەسەری کێشەکان بکەن، بگرە کێشەکانیان زیاتریش کردووە، بەدیاریکراویش لە سەروبەندی پێکھێنانی کابینەکان، ھێز و لایەنەکانی بەغدا تا ئاستی گرژیی، نێوانیان تێکدەچێت و ئەمەش کاریگەری لەسەر دۆخە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەش دەبێت، بە تایبەتی ئەو ھەڵبژاردنەی ئێستا بە ھەموو شێوەیەک بۆ کورد خراپە، چونکە بەگوێرەی یاسایەک لایەنی عەرەبی بەرژەوەندییان تێدایە، بە دیاریکراوی لە سنووری کەرکوک، کورد زیانی بەردەکەوێت.

یەکێک لە رەھەندە خراپەکانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، ئەوەیە ئیدی ئەو شێوازە لە ھەڵبژاردن، بۆی ھەیە ببێتە نەریتێک و ھێزە عێراقییەکان دوای پێکھێنانی ھەر کابینەیەک و پێش کۆتایی وادە یاسایییەکەی، بە ئەنقەست کێشە بۆ حکومەت دروست بکەن، ئەمەش لە یەککاتدا دۆخە سیاسییەکە کە کاریگەری لەسەر ھەرێمی کوردستانیش دەبێت، ئاڵۆز دەکات و خەرجییەکی زۆریش لەسەر حکومەت دەکەوێت، وێڕای ئەمە ھەر چەند ساڵەی سەدان پەرلەمانتاری تازەش دەچنە پەرلەمان و ئەوانیش موچە و بودجەیان دەوێت، جگە لەو کەشە ئاڵۆزەی لەکاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا دروست دەبێت، بەوپێیەی ھێزە عێراقییەکان ھێشتا پرۆسەی ھەڵبژاردن وەک کولتورێکی دیموکراسییانە قبووڵ ناکەن و ئەوانەی دەچنە ناو پرۆسەکەوە، وەک ئەوەی بچنە جەنگ و ھێرشکردنەسەر یەکدی، لەو رەگەزەی دیموکراسییەت دەڕوانن، جگە لەوەی عێراق ھەر خۆی دیموکراسی نییە و ناشبێت، ئاخر دیموکراسی پێش ھەر شتێک، کلتورە، ئێ عێراق ھێشتا ئەو کلتورەی نییە تا بڵێین پرۆسەیەکی رێکوپێکی ھەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت! 

ئەوەیشی پێوەندەی بە کوردەوە ھەیە، ئەو ھەڵبژاردنە لایەنی خراپەی زۆرە، وێڕای ھۆکارەکانی سەرەوە، ھاوکات ئێمە کێشەی خاک و نەتەوەییمان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستاندا ھەن، کە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ئەو ناوچانە لە پرۆسەیەکی داگیرکاریدا کەوتنەوە ژێر چنگی حەشدی شەعبی و لەوکاتەوە بەشێوەیەکی رێکخراو تەعریبی ناوچە کوردییەکان دەکرێ و رێگری لە گەڕانەوەی کوردە ڕەسەنەکان دەکرێت و ئەوانەی لەوێشن، لەژێر ترس و تۆقاندندان، رەنگە ھەر نەشوێرن دەنگن بدەن، ھەروەھا بارەگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە سنوورەکە نین، لەکاتێکدا پارتی حزبی یەکەمی ھەرێمی کوردستانە و کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی و رێژەی دەنگەکانی کورد لەو ناوچانە دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا پرۆسەیەکی چاوسوورکردنەوە لە ئارادایە بۆ ئەوەی کورد ناوچە کێشەلەسەرەکان چۆڵ بکات و لەبری کوردیش عەرەبی ھاوردە جێگیر بکرێن.

مادام پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت، ھەر ھیچ نەبێت گرنگە لەو سنوورانە کورد بە یەکگوتاری و یەکھەڵوێستی و یەکلیستی روبەڕوی ئەو پرۆسەیە ببێتەوە، پێدەچێت جۆرێک پیلان دژی کورد لە سنووری کەرکوک و ماددەی ١٤٠ لە ئارادا بێت بۆ ئەوەی بە فەرمی دەنگی کورد کەمبکەنەوە! ئەوکات مەرامی سیاسی دەپێکن و کەمبوونەوەی دەنگەکانی کوردیش وەک کارت لە دژی کورد بە کاردەھێنن و پرۆسەی تەعریبیش خێراتر دەکات. کەوایە گرنگە ھەرێمی کوردستان روئیای تایبەت و وردی بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنەکە ھەبێت، بە دیاریکراویش لە سنووری کەرکوک و ماددەی ١٤٠ی دەستووردا ئامادەسازییەکی زۆر بکات بۆ ئەوەی فەشەل بە مەرامی سیاسی بەغدا بھێنرێت.