سەردێڕ:

بە بیانوی راپەرینەوە

3/5/2021 6:34:03 PM
2596 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ عەبدولەتیف
+ -

دەسکەوتەکانی راپەرینیان قبوڵ نییە، بەڵام دەستکەوتەکانی دەسەڵاتی حەشدی ئاینی شیعە پیرۆز دەکەن.

ھەندێک گروپ کە چەمکی دەوڵەت و نەتەوەیان قبوڵ نییە و دژی سەربەخۆیی و قەوارەی ئازاد و خاوەن بڕیاری ھەرێم دەوەستنەوە. خەریکە لەیادی راپەڕینەکانی ئادار و نەورۆز و ھەڵەبجەدا ھەموو جوانییەک ناشیرین بکەن بەبیانووی گەندەڵی و فەسادی ئیداریی. ئەو تایپە سەماو ماکیاژی ساختەیان پێباشترە لە بەغداد لەبەردەم بزوتنەوەی مەزھەبیی زاڵی شیعیی بەبێ ھیچ پرێس کۆنفرانس و بیانویەک، لە کوردستانیش خەریکی گێڕانەوەی چیرۆکی بێمتمانەکردن و بێ ئینتیماکردنی خەڵکن لەخۆڕا، گوایە لەبەر شکۆی خەڵک و فەزیلەتی تاک و خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیان و موچەکانیان ھەموو ھەوڵێک دەخەنەگەڕ.

 ئەو گروپانەی کوردستانیان دابەش کردوە بۆخۆیان دەبێ ئەوە بزانن کاریگەریی خراپی دەبێ بۆ ئایندەیان، گرنگە لەبری بێئومێدکردنی خەڵک، دەنگ ھەڵبڕین و گوتاریی سیاسی و ئەجێندای خۆیان پاک بکەنەوە لە جەھل و نیفاق و لە کوردستان قسەیەک نەکەن و لە ژێر دارخورماکانیش قسەیەکی تر.

واتە ئەو گروپەی دژی مەزھەب و کەلتوری خێڵ و دەرەبەگایەتییە لە ھەرێم، ناکرێت لە ناو پەرلەمانی عێراق و بارەگای برادەران لە ناوچەی سەوز و کازمیە و ئەبونەواس بە سیاسەتی ئاینی و تەقلیدیی و نەخوێندەوارترین قەبیلەی مەزھەبی دینی و شیعی رازی بن و موبارەکە و موبادەرەی بکەن. لە بەغداد خەنی بن بە وێنەگرتن لەگەڵیان بۆ وەرگرتنی پۆست و ئیمتیاز، لێرەش کوچک لە ئاگر گەرمتر دژی دەستکەوتەکانی راپەرین بوەستنەوە. 

باشە دەکرێت بپرسین بۆچی لە عێراق ورتەیان لێوە نایەت و ڕازین لەگەڵ خانەوادە زاڵەکانی شیعە و عەمامە بەسەرەکان و سیاسەتی مەرجەعیەت و حەوزە کاربکەن، کەچی لە ھەرێم دانوویان لەگەڵ کەس ناکوڵێ و  باسی دادوەریی و سیکولاریزم و مەدەنیەت دەکەن و دەستکەوتەکانی راپەرین سوک و ڕسوا دەکەن لەبەرچاوی رای گشتی.

 بەو ھەموو فەساد و خوێنبەربوونەوە گروپگەلە مافیاکانی شیعەیان قبوڵە و دەستیان دەگرن و ڕێبەرییان دەکەن بۆ ئەوەی قەوارەی ھەرێم کۆتایی پێ بھێنن و خۆشیان دوو فلسیان دەستبکەوێت. ئەم ئاراستەیە بنەماخوازییەکی تیۆری و فیکرییشیان نییە تیۆریزەی خۆیانی پێبکەن بۆ ئایندە، بەداخەوە لەسەر دوو جوڵەو کاریتە کاردەکەن، یەکەمیان پەرچەکردارو حەماسەتە بۆ ھەڵبژاردن و گەیشتن بە چەورایی نەوت و بەرژەوەندیی حیزبیی و دژایەتی و کاردانەوە بەرامبەر دەسەڵاتەکانی ھەرێم کە ئاسان نییە کەمکردنەوەی بەپێی بنەما دەستووریەکان و یاساکانی دادگای فیدراڵی، کە نابێت ھەمواری دەسەڵاتەکانی ستاتۆی ھەرێم بکرێت. ھەرکات ئەو نیەتە شۆڤێنیستییەش ھاتە ئارا، سێ پارێزگای ھەرێم بۆیان ھەیە تانەی بکەن و دژی ئەو بریارە بوەستن. دوەمیان؛ شوێنپێ کەوتنی ژاوەژاوی سیاسی و تائیفی و مەزھەبییە کە دەوڵەتی مەزھەبی دروستی کردوە بۆ برسیکردن و نابوتکردنی کورد، کە ناشیرینترین جوڵەی ئەم تایپەی دەوڵەتی تازە و مۆدێرنی عێراقە و لەیادی ڕاپەڕیندا ھەندێک گروپ بەتایبەتی ھاوپەیمانی ھیوا مارکێتینگی شەرمنانەی بۆ دەکەن.