سەردێڕ:

چاکسازی

5/22/2020 10:16:12 PM
5821 جار خوێندراوەتەوە
نەجات ئەحمەد
+ -

چاکسازی لەو ھەرێمە پیاوی خۆی دەوێت، بەو دەسەڵاتە فاسید و فاشیلەی یەکێتی و پارتی ناکرێت، چونکە بەرپرسانی ئەو دوو حیزبە خۆیان سەرچاوەی گەندەڵیەکانی ئەو نیشتیمانە لە ئەلفیەوە تا یایی قەیران و کێشەکانی بەسەر ھاوڵاتیان داھاتووە لەو ھەرێمە تەنیا ئەوان لێی بەرپرسیارن، بۆیە دەبێت سەرەتا چاکسازی لەو دەسەڵاتە بکرێت و دوور بخرێنەوە.

چاکسازی بابەتێکی گرنگە و پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی ھەموو تاکێکی ئەو ھەرێمە ھەیە، بۆیە پێویستیشی بە ئیرادەیەکی بەھێز و خاوەن متمانە و لەخۆ بردوو ھەیە، نەک ئەو دەسەڵاتە فاسیدە کە تەنیا وەک زاراوە بە ھاوڵاتیان دەفرۆشیتەوە، خۆڵ لە چاوکردنی رای گشتی و ھاوڵاتیان بێت، ئەگینا چاکسازی زۆر ئاسانە و پێۆیستیشە سەرەتا لەخۆیانەوە و لە ترۆپکی دەسەڵاتدارەکانی ئەو ھەرێمە دەست پێبکەن، لەم ھەموو پارەییەی کە بەنا یاسایانەی بۆخۆیان و نەوەی نەوەیان کۆیان کردۆتەوە، لەو ھەموو باڵەخانەی لە شارەکانی ئەمریکا و دووبەی و ئیسپانیا و ئەڵمانیا و ووڵاتانی دیکە کڕیووییانە بە پارەی دزرایی لە میللەت.

با جورئەتی ئەوە بکەن پارەکانی ژێر زەمینەکانیان دەربھێنن، چاکسازی لەو ھەزاران ملیۆن دۆلارە دەکرێت کە بە نایاسایی لە بانکەکانی دونیا دایانناوە و ھەر رۆژێک لە وڵاتێک دەستی بەسەر دادەگیرێت، لە ووڵاتان بەپارەی میللەت کۆشک و تەلاری پێدەکرن، خەریکی کرینی باخیرو جەزیزە مولک و ماڵی دیکەن بە پارەو پوولی دزراوی ھاوڵاتیانەی ئەو ھەرێمەو مووچەخۆرانی کە بەھۆی پێنەدانی مووچە کانیان لەکاتی خۆی و چارەکە مووچەی چوارساڵی رابردوو تووشی دەیان نەھامەتی بوونەتەوە.

چاکسازی بەوە دەکرێت ھەلی کار بۆ ھەزاران گەنجی دانەمەزراو بێ کار بدۆزیتەوەو تا چیدیکە روو لە ھەندەران نەکەن و نەبنە خۆراکی ماسیەکانی دەریا، کە لەتاو زوڵم زۆری و ناعەدالەتی بەرپرسانی ئەو دەسەڵاتە سەرییان ھەڵدەگرن و بە کۆڵێک شەھادەوە و بەدڵ شکاویی و خەمباریەوە بۆ بەدیھێانی خەونەکانیان  روو لە ووڵاتان دەکەن، لە پێناو لووقمە نانێک و دابینکردنی داھاتوویەکی رووناک بۆخۆیان خانەوادەکەیان، کەچی ئەو دەسەڵاتە ھێشتا رووی ھەیە باسی چاکسازی دەکات.

چاکسازی نیەتی راستەقینە و ئیرادەی بەھێز و خەڵکی پاکی دەوێت و دەبێت دەستی حیزب لەنێو سەرجەم سێکتەرەکانی حکومڕانی ببڕێت و نەک حکومەت موفلیس بێت و نوخبەیەک لە بەرپرسانیان ھەموو شتێکیان ھەبێت و میللەتیش دۆخی ئابووریان لە ژێر سفردابێت و پێنج مووچەی ساڵی ٢٠٢٠ ھێشتا دابەش نەکرابێت و نەتوانی مووچەی مووچەخۆران دابین بکەی و نەتوانی بچووکترین خزمەتگوزاری کارەبا و ئاویشی بۆ ھاوڵاتیان دابین بکەی.

چاکسازی بە قسەی قەبە و بریقەدار نیە بەکردارە، دەبێت دادگاکان سەربەخۆ بن و لەژێر ھەژموونی حیزبیدا نەبن و کەسی شیاو لەشوننی شیاو دابێت و بتوانن دەست بۆ دۆسییە ھەستیارەکانی ئەو ھەرێمە ببرێت و بتوانن گەندەڵکاران بە بێ جیاوازی دادگایی بکرێن کەسیش نەتوانێت لەپاڵ خۆیدا داڵدەیان بدات و باس کردن لەچاکسازی لەم ھەرێمە تەنیا قسەیە و خۆ قسەش ناچێتە گیرفانی کەسەوە، ئەگەر کردەوەی لەگەڵ نەبێت. لەماوەی ٢٩ ساڵی رابردوو ھەرچی خراپە یەکێتی و پارتی بەسەر ئەو ھەرێمەیان ھێناوە و میللەتیان تووشی ھەزارو یەک نەھامەتی کرد، ھەرچی ئەو بارودۆخەی ئێستا تووشی ھاوڵاتیان و مووچەخۆرانی بووە بە دەست فەسادی و فاشلی و، نەبوونی پلان و بەرنامەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بووە کە بە بەرنامەو پلان و مووچە و خانەنشینی نایاسایی بۆ ھەزاران خەڵکی نا بەرپرسی و نامووستەھەق بڕیەوە و کردنیانن بە بارگرانی بەسەر بودجەی ھەرێم.

پرۆسەی چاکسازی راستەقینە لە بەرژەوەندی ھاوڵاتیاندایە، بەڵام  بەم دەسەڵاتە ناکرێت، چونکە خۆی ھۆکارە بۆ ھەموو ئەوانەی روودەدات، دەبێت چاکسازی لە سێکتەری نەوت بە بۆری و تەنکەرەکان بکرێت و بزاندرێت کێ دەیفرۆشێت و پارەکانی فرۆشتنی نەوت بۆ کام کۆمپانیای بنەماڵەکانی بارزانی و تاڵەبانی دەچێت و بە رێگای کام کومپانیاوە تاڵانی دەکەن، چاکسازی لە داھاتی گومرگ و خاڵە سنوورییەکان و باج و رسوماتی داھاتەکانی نێوخودا بکرێت و دەستی کومپانیا وەھمیەکانیان لێ ببڕدرێت و دەستی کە حیزبیان تێدایە، نەک لەو رێگەیەوە بەرپرسانی ئەو حکومەتە پشکی شێریان ھەبێت و لەم رێگەیەوە خەریکی کۆکردنەوەو دزینی  سەروەت سامانی ئەو ووڵاتەن و خەڵکیش نانی نەبێت بیخوات.

بۆیە پێویستە ئەو حکومەتە ئاڵای سپی بەرزکاتەوە و دەست لەکار بکێشێتەوە و بوار بۆ خەڵکی ئەکادیمی و پسپۆر و تەکنۆکرات بەرەخسێنێ تا زووە بەفریای ئەو ھەرێمە بکەون و تا ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لەوەی ھەیە زیاتر وێرانتر نەبووە و خێزان و کۆمەڵگای کوردی بەھۆی قەیران و کێشە کەڵەکەبووکانی لەبەر یەک زیاتر ھەڵنەوەشاوەتەوە و زەرەر لە نیوی بگەرێتەوە بە قازانج ھەژمار دەکرێت و میللەتیش ھەناسەیەکی ئاسوودەی ھەڵکێشێت کە دوور بێت لەو دەسەڵاتە کە ٢٩ ساڵە ھەر خەریکی گیرفانیان  بوونەو بەجۆرێکە کەوتۆتەوە میللەت لە دۆڵێکدا جێماوە و دەناڵێنێت و دەسەڵاتیش لە دۆڵێکی دیکە خەریکی کەیف و سەفای خۆیەتی.