سەردێڕ:

نامەیەک پڕ لەشەرمەزاری

2/24/2020 2:27:13 PM
23744 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حاجی ڕەشید
+ -

لەدوای خۆپێشاندانەکانی بەغداو شارەکانی خواروی عێراق و پەرەسەندنی توندوتیژییەکان وشەھیدبوون و برینداربوونی دەیان ھەزار گەنجی ئەم وڵاتە، ئاڕاستەکان گۆڕان بۆ ئەوەی بیر لە چارەسەرییەک بکرێتەوە کە چ شتێک عێراقی گەیاند بەم دۆخە، بۆ گەندەڵی بەرزبوویەوە بۆ ئاستە مەترسیدارەکانی، بۆ خزمەتگوزاریەکان نەمان بۆ و بۆ و دەیان بۆی تر .....، بۆ شیرازەی کۆمەڵگە تێکشکێنرا، بۆ بەھا ڕەوشتییەکان باویان نەما .
ھەموو ئەمانە دەرئەنجامێک بوو کە خرایە ئەستۆی حیزبە سیاسییە حکومڕانەکان لە عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، ئەم قسە تا چەند ڕاستە من ناتوانم دادگایی کەس بکەم، بەڵام دەتوانم بڵێم بەشی زۆری ڕاستە بەم بەڵگانەی خوارەوە:
کێ ھەڵبژاردنەکانی تەزویرکرد؟ کێ سیادەی عێراقی پێشێلکردو ڕێگەیدا ھێزە ئەقلیمی و نێودەوڵەتییەکان تەراتێن بکەن؟ کێ یاسای چواری تێرۆری دانا بۆ تۆڵەسەندنەوە لە بەرانبەراو ڕکەبەرەکانی؟ کێ مەلەفی سیاسی و ئەخلاقی لەسەر نەیارەکانی دروست کرد؟ کێ پشکپشکێنەوە خزمایەتی و حیزبایەتی تۆخکردەوە؟ کێ عێراقی بەشکرد لەسەر بنەمای نەتەوەو ئاین و مەزھەب؟ کێ سیستەمی دادگای لەکەدارو بێ بەھاکرد؟ کێ شکۆی پێشمەرگەو ھێزە سەربازییەکانی شکاندو لەبری ئەوان ھێزی ملیشاو لەیاسا دەرچووی حیزبی دروستکرد؟ کێ ئابوری وڵاتی تەپاند و پارەکانی ئەم وڵاتەی لەبانکەکانی دەرەوە قایم کرد؟
مەگەر ھەموو ئەمانە حیزبە سیاسییە حکومڕانەکان و ھاوکارەکانیان نەبوون، بۆیە کاتێک بیرکرایەوە باجارێک ئاڕاستەیەکی دیکە تاقیبکەینەوە لە کاری سیاسی ھەرچەندە لەھیچ شوێنێکی دونیا وا نەکراوە، بەڵام با لە عێراق تاقیبکەینەوە، بەڵک و چارەسەر بێت ئەویش حکومەتێک کە حیزبەکان دروستی نەکەن بەڵام بەھەموویان چاودێری بکەن .
ئێوە ئەگەر وەزارەت و سەفارەت و دەزگاکان بەچاوی بەرژەوەندی خۆتان سەیرناکەن خۆ دەتوانن پەرلەمان ئەوەندە بەھێزکەن، ھیچ وەزیریک یان سەفیرێک زاتی ئەوە نەکات بەقەد تاڵە مویەک کە لەپەرلەمان خۆتان یاساکانی بۆ دادەنێن بتوانێت لابدات.
ئێوە ئەگەر دەتانەوێت بڵێن ئێمە کێشەی ماددەی (۱٤٠) و پشکی بوجەی ھەرێم و بەشداری سیاسی و تەوازنی مەکەوناتیمان ھەیە، ئەوا ئەوەتان تاقیکردەوە چما وەزیرەکانتان لە سەفی پێشەوەی حیزبەکانتان و بنەماڵەکانتان نەبوو، ئەی بۆ نەتان توانی ئەو گرفتانە چارەسەر بکەن .
نەخێر، ئێوە دەتانەوێت بازرگانی سیاسی بن بەناوی نەتەوەو بەناوی ئاینەوە بەناوی مەزھەب و عەشرەت و خێڵەوە، ئێوە دەتانەوێت بڵێن: کەس لەکوردستان نیە خاوەن ئەزموون و شارەزایی بێت جگە لە ئەندامانی حیزبەکانی ئێوە، کەس لەکوردستان نییە بتوانێت نوێنەری ئەو خەڵکە بێت جگە لە ئەندامانی حیزبەکانی ئێوە.
شەرمەزاریە ئەگەر ھێزە کوردییەکان بڵێن لە ھەرێم کەسێکمان دەست ناکەوێت مەرجەکانی شارەزایی و دەستپاکی تێدا بێت، بەڵام لەدەرەوەی ھێزە سیاسیەکانمانە، شەرمەزارییە بۆ حیزبەکان کە دڵسۆزی و دەستپاکی وشارەزایی قۆرخ بکەن بۆ حیزبەکانی خۆیان
بۆیە دەبێت ئەوە ڕوونبێت لای ھەموو ھێزە سیاسییەکان کە :
بە دەیان خەڵکی دڵسۆز بەنیشتمان دڵسۆز بە خەڵک، شارەزا لە بوارە جۆراوجۆرەکان، دەستپاک و ئەمین، خاوەن عەقلی سەردەمیانە، بەرگریکارێکی ڕاستەقینە لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان بونیان ھەیە، بۆیە بەناوی ھەندی گرفتەوە ختوکەی سۆزی ھاوڵاتییانی کورد مەدەن و دوچاری کێشەی گەورەتر مەکەن .
باوەزیرەکان تەنھا نیشتمان پەروەربن یان ئینسان دۆست بن، لێگەرێن یەکجار ئەوانە نوێنەری خەڵک بن لە پۆستە جێبەجێکارەکاندا و ھەموو فراکسیۆنە پارلەمانییەکان بکەن بە سەدچاو لەسەریان بۆ ئەوەی نەتوانن بەناوی خەڵکەوە بیزنس بکەن.
لە ئێستادا لە شەقامی عێراق نامەیەکی ناشیرین گەیشتوە کە کورد پێداگری دەکات لەوەی وەزیرەکان دەبێت تەنھا سەر بە پارتە سیاسییەکانیان بن، خەڵکی کوردستان جگە لە پارتە سیاسییەکان، دڵسۆزێک شک نابەن، نیشتمان پەروەرێک شک نابەن.