سەردێڕ:

لەم رۆژانە لە ڤانکۆڤەری کەنەدا چی دەگوزەرێ

1/17/2021 9:16:38 PM
8805 جار خوێندراوەتەوە
مەسعود هاشمی بەرزنجی
+ -

ئەوانەی سکاڵا و چالاکیی کوردانی تاراوگە بۆ پشتیوانیی کوردانی ناوخۆ بە رەوا نابینن، یان ئەوانەی، کە وێردی “دەست بە کڵاوەکەی خۆتەوە بگرە،…”  ھەردەم بە بناگوێتا دەگیزێنن، با لەم ڕۆژانەدا سەردانی گەورەشاری ڤانکۆڤەری ھەرێمی بریتیش کۆلۆمبیا لە کەنەدا بکەن و چالاکیی ڕەوەندی ھیندی، بە تایبەتی سیکەکانی دانیشتووی ئەم ھەرێمە بۆ پشتیوانی جوتیارانی وڵاتەکەیان بە چاوی خۆیان ببینن و “کڵاوی خۆیان بە قازی بکەن”.

بە پێی ئاماری ٢٠١١ ژمارەی ھیندییە سیکەکان کە بە سەر کەنەدا دابەش بوون، زیاتر لە نیوملیۆن کەس دەبێت، کە دەکاتە ١.٧٢٪‏ کۆی دانیشتوانی کەنەدا، زۆرینەی ئەو ڕێژەیەش لە ڤانکۆڤەر و دەوروبەری نیشتەجێن، تەنیا لە شاری سووری ١٠٥٠٠٠ سیک ھەیە و ئەوان بەچوارەمین نەتەوە دەخەمڵێندرێن. سەرباری ئاوێتەبوونیان لەگەڵ کۆمەڵگەی کەنەدی، کەچی پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ ناوەوەی ھیندستانیش ھەیە.

بەپێچەوانەوە، بوونی ڕەوەندی کورد لە ڤانکۆڤەر، یان باکوری ئەمەریکا بە گشتی بگرە تا ئەوروپاش زۆر دەمێک نییە. مەخابن، کورد نەک تەنیا لە ڤانکۆڤەر، بەڵکو لە کەنەدا بە گشتی لە ژێر سایەی حیزبایەتیدا ئاوێنەی باڵانوێنی دەردو ئازاری پەرتەوازەیی ناوخۆی کوردستانە، ھەر چەند کەسێک پێکەوە لە ئاوازێ یان بەزمێ دەخوێنن، خۆ ئەگەر ئەو ئاوازانە پێکەوە بلکێندران، سەمفۆنیایەکی سیاسی لێ ساز دەکرا. سیکەکان لە ھاندەران، لایەنیکەم توانیویانە ئەو دەنگە یەکگرتووە دروستبکەن، سەمفونیایەکی سیاسی خۆیان لە کەنەدا ساز بکەن، بە کوردییەکەی بەرەیەک ساز بکەن تا ھیندوستانیش گوێی لێ بێ.

خۆزگا مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد گوتەنی "کورد لە ھەندەران تەنیا کوردایەتی بکردایە"، ھەڵبەت من دەڵێم چالاکی مرۆڤایەتی بکردایە، ھەتا بەڵکو بیتوانی بایە شوێندەستی لە کەنەدا دیار بێت، ‎کاتێک یەکگرتویی نەتەوەکان دەبینین، ناچارین پرسیاری شەرمەزارانە لە خۆمان دەکەین، ئایا کورد توانی دەنگی مامۆستا مانگرتووەکانی ڕۆژھەلات و باشور و کۆڵبەران وئنجا بێ موچەیی خۆی بە گوێی دونیا بگەیەنێ؟

خۆم وەک چالاکوانێک لە ژێر ئەو پرسیارە سەرم بەرز ڕاناگرم! ئەگەر لەم رۆژانە لە شەقامەکانی میترۆ ڤانکۆڤەر ‎تێپەر بووبی و سەرنجت دابێ، بە دەیان دروشم بۆ پشتیوانی لە جوتیارانی ھیندوستان دەبینی، بە دەیان بانەر لە ژێر ناوی ”جوتیار نەبێ، خۆراک نابێ”، “پشتیوانی جوتیارەکانین” لە دوای ئۆتۆمبیلەکان یان بەدەستی خەڵکانی ھیندی، کە زۆربەیان سیکن و لە کۆتایی ھەفتەدا لە سەر گۆشەی شەقامەکانی شارەکانی مێترۆڤانکۆڤەر بە تایبەتی شاری سوری خۆپیشاندان دەکەن دەبینی، ئەم خۆپیشاندانانە بۆ جوتیارانی کەنەدا نییە، بەڵکو بۆ پشتگیری لە سەدان ھەزار جوتیار و خاوەن کێلگە، کە زۆرتریان خەلکی پەنجئابی ھیندستانن و لە دەوازەی شاری دلھی دا دەستیان بە مانگرتن داوە دەکرێت.

شایانی باسە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا حکومەتی ھیندستان بڕیارێکی لە ڕێگای پەرلەمانی ئەو ولاتەوە پەسەند کرد کە خەڵک بە بڕیاری دژ بە جوتیاران ناوی دەبەن. ئەم بڕیارە تەواوی مافی بەرھەم ھێنان، کڕین و فرۆشتن بەرھەمی جوتیاران دەداتە دەست کۆمپانیا پشکدارەکان و ھەربۆیە جوتیارەکانی ھەرێمی پەنجابییەکانی ھیندستان لە ڕیزی پێشەوەی بەرەنگار بوونەوەی ئەم بڕیارە وەستان و ئەم سەرەڕۆیەی دەسەڵاتیان بە مانای قەتیسکردن ئیرادەی خۆیان ناوبرد.

بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو بڕیارە، لە پارساڵەوە مانگرتنێکی گشتییان دەست پێکردووە و دوای ماندوو بوون و پشوودرێژییەکی درێژمەودا، توانیویانە پشتگیری نزیک بە دوو سەد و پەنجا ملیۆن خەڵکی ھیندستان بە دەست بێنن. زیاتر لە سێ سەد ھەزار جوتیار سەر بە سەندیکای جوتیارانی ئەو وڵاتە، لە دەروازەی شاری دلھی دەستیان مانگرتن کردووە و تا ئێستاوە لە ژێر گوشار و زەبرو لێدانی پۆلیسدا خۆیان ڕاگرتووە.

یەکێتی جوتیاران ڕێکخەری ئەم مانگرتنە گشتیییە دەکات و ھەوڵیشیان داوە، کە ئەو جوڵانەوە بە ھیچ کلوجێک نەکەوێتە ژێر کاریگەری ھیچ لایەنێکی سیاسی و خۆیان سەرپەرەشتی مانگرتنەکە بکەن و دیسان بە کوردییەکەی “گۆڕان” ێکیان لە ناکاو لێ پەیدا نەبێ، کە سواری شەپۆلەکە ببێ، ئینجا بارە بنێشتەکەیان بشۆرێ واتە رەنج بێوەر ببن.

ھەر بۆیە تا ئێستا ھیچ پەرلەمانتار و لایەنێک ڕێگەی پێنەدراوە خۆی تێھەڵقورتێنێ. لەو پێناوەدا یەکێتی جوتیاران ئیمکانی مانەوە و خۆراکی بۆ نزیک بە سێ سەد ھەزار جوتیاری مانگرتوو فەراھەم کردووە، لە خواردن بگرە تا دەوا و دەرمان و پێویستی ڕۆژانەی بۆ چەند سەد ھەزار کەسە ئامادە کردووە. تەنانەت لە کردارێکی مرۆڤدۆستانەدا، خواردنی پۆلیسەکان، کە رۆژانە ئازاریان دەدەن ئامادە دەکەن.

لە ماوەی ئەم مانگرتنەدا، کە ھێشتا درێژەی ھەیە دەیان جوتیار بە ھۆی ڕووداوی سروشتییەوە مەخابن گیانیان لە دەست داوە، کە ژمارەیان بە حەفتا کەس دەگات، بەڵام ھێشتا خۆراگرییان کردووە. شایانی باسە ھەرچەندە زۆربەی مانگران خەڵکی ھەرێمەکانی پەنجئاب و ھەریانا و زۆربەیان سیکن، کەچی توانیویانە پشتیوانی خەڵکانی ھیندۆس و موسڵمانیش بە دەست بھێنن تا ڕۆژ بەڕۆژ جوتیاران و خەڵکی زۆرتر بەشداری ئەم مانگرتن و خۆپیشاندانە ھێمنانەیە بکەن.

ئەم خۆپیشاندانە بۆ کورد مایەی فێربوونە بۆ نموونە، ھەر چەندە حکومەتی سەرۆک وەزیران، موتی بەڵێنی چاکسازی لە یاساکەدا داوە و ھەوڵیان دا کە دووفاقی بخەنە نێو مانگران و بڵاوەیان پێبکەن، بەڵام مانگران ھەر سوورن و پێداگرییان کردووە کە ئەبێ یاساکە بە تەواوی ھەڵبوەشێتەوە. 

‎ئنجا لە کەنەدا و بریتانیا خەڵکی ھیندی بە تایبەتی پەنجئابی توانیویانە بە ھێمای تەراکتەر و دانەوێڵە، بانەر و دروشم و وێنە، سەرنجی خەڵک و حکومەتی کەنەدا و بریتانیا بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، تا گەیشتە ئەوەی، کە سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ھاتە دەنگ و گوتی "قەت حازر نابم پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی ھیندستان بکەم، ھەتا ئەو بڕیارە، کە دژ بە مافی جوتیارانی ھیندستانە ھەڵدەوەشێنێتەوە"، ھەروەھا سەرۆک وەزیرانی بریتانیا سەردانی خۆی بۆ ھیندستان دوا خست.

ڕەوەندی سیک لەکەنەدا توانیویانە بەشدارییەکی بەرچاویان لە بوارە جیاوازەکانی وەڵاتەکە، بە تایبەتی لە بەشی کشتوکاڵدا ھەبێت، ئەوان ئەگەرچی کلتوری رۆژئاوا بە ڕوویاندا کراوەیە، بەڵام کلتوری خۆیانیان پاراستووە و لە ھەمان کاتیشدا کەسوکاری خۆیان لە نیشتیمانەکەیان فەرامۆش نەکردووە، ھەروەھا ھەوڵیان داوە ئەو پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان، کە لەکەنەدا ھەیانە، بۆ دیموکراتیزەکردنی وڵاتەکەیان بە کاری بێنن.

ھەر بۆیە پتەوکردنی پێوەندی کورد لە دیاسپورا با ناوخۆی وڵاتەوە ئەرکێکی ئەخلاقییە و کەمینەی کورد لە تاراوگە ئەگەر پێکەوە تەبا نەبێت، دەنگی بە خەڵک و حکومەتی کەنەدا ناگات کە ھیچ، تەنانەت بە منداڵەکانی خۆشی ناگات.

کاتێک ئەو دیاردەیە دەبینیت، پرسیارگەلێک لە زھنی ئێمەمانان دروست دەبێت! ئایا ڕەوەندی کوردی بە بانگەشەی تەنگی حیزبایەتی ڕۆژ بە ڕۆژ لە ناو گروپی چەند کەسیدا ھەردەم قەتیس نامێنێ و وزەو ھەوڵەکانی بە فیڕۆ ناچێ؟ ئایا جیلی دووەم و سێیەم کورد لەم چەند فاقییەی، کە خۆمان بەشێکین لێی، ھەڵنایەت؟

ئایا حیزبەکان لە ناوخۆ چەندە سەری خەڵکیان بەرز ڕاگرتووە تا لە ھەندەرانێش یەخەی خۆمانیان بۆ بدڕێنین؟

با ئێمەی ڕەوەندی کورد بەرەو یەکڕەنگی و یەکدەنگی زۆرتر ھەنگاو بنێین. ھەرچەندە گەلی سیک زۆربەیان ڕیش و مێزەریان ھەیە، بەڵام دلنیام ڕازەکە لەوەدایە کە بە ڕیش نییە بە ئیشە. ئەوان بەڕیش و بێڕیشەکانیان ئیش بۆ داھاتوو دەکەن!.