سەردێڕ:

سەعاتی سفر

11/8/2019 11:46:51 AM
6624 جار خوێندراوەتەوە
ئارام عەلی عەزیز
+ -

خۆپیشاندانەکانی عیراق وەکو لوبنان، سەرھەڵدانی خۆڕسک و راستەقینەن،  دەستی کەسیان لە پشتەوە نیە. نموونەیان لە مێژووی نوێ و کۆنى ھەردوو وڵاتدا نابینرێت. ھەردوو راپەڕینەکە، دوای کەڵەکەبوونی ئێش و ئازارونەھامەتی ساڵانێکی زۆری حوکمرانی سیستەمی  موحاسەسەی تایەفی دێن.
وەکو لە مەعنەویات وئیرادەی گەنجانی شۆڕشگێرو گەورە بوونی خۆپیشاندانەکاندا دیارە، سەرەڕای رووبەڕووبوونەوەی وەحشیانەی حەشدو حکومەتەکەی عەبدولمەھدی و، سەدان شەھیدو ھەزاران بریندار، ئەگەری پاشداکشان و دامرکاندنەوەی سەرھەڵدانەکە مەحاڵە. گەنجان بەراستی بەرەوپیلی مەرگ دەڕۆن و ھیچ باکیان بە شەھیدبوون نیە. 
ئێران و بەرەی شیعە و حزبوڵا سەرھەڵدانی بەغدادو بەیروت بە موئامەرەی ئەمریکاو ئیسرائیل و سعودیە دادەنێن، لەبەرئەوەی چاوەڕواندەکرێت خۆپیشاندانەکانی عیراق دەسەڵاتی شیعەو تایەفی لە عیراق کۆتایی پێبھێنێت و، لە  لوبنانیش پەڕوباڵی حزبوڵا بکات،  ئەمەیش لەروی جیۆپۆلیتیکیەوە واتای شکستی پرۆژەی ھیلالی شیعی دەگەیەنێت.
 ئیسرائیل بەو خۆپیشاندانانە مەترسی جیۆپۆلیتیکی گەورەی لە دەریاوە ھەتا زێ دەکەوێتەسەر. چونکە لاوازبوونی شیعە لە لوبنان و عیراق زیانی گەورە بە ئیسرائیل دەگەیەنێت، لەبەرئەوەی  ئەوان ھەرگیز مەترسیان بۆسەر ئیسرائیل نەبوە.
ئەو سەرھەڵدانانە، کە دەکەونە خانەی شۆڕشەوە، مەترسین بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی خۆرئاوا، نەک ئێران و حزبوڵاو حەشدی شەعبی. لەبەرئەوە دوای ئەوەی ھەموولایەک بە گرتنەبەری شێوازی توندوتیژیی و شەڕی ناوخۆ بێ ئومێد دەبن لە کۆتایی پێھێنانی ، ھەوڵی بەلارێدابردنی دەدەن بە ئاقاری بەرژەوەندیەکانی خۆیان..  
یەکێک لە سیناریۆکانی ھەوڵی دەستبەسەرداگرتن و بەلاڕیدابردنی خۆپیشاندانەکان بە ئاراستەی بەرژەوەندی ئەمریکاو ئێران، سیناریۆی کودەتای سەربازییە. کە لەوانەیە وەکو سیناریۆی  دوا فرسەت بە ھاوکاری ھەندێک لایەن و بە ھێنانەپێشی کەسایەتیەکی سەربازی بگیرێتەبەر. چونکە سروشتی کۆمەڵگای عیراقی بە کوردیشەوە سروشتێکی گەرمەو حەزی بە پاڵەوانێتیی و شەڕو جەنگە، ھەر لەبەرئەوەیش مناڵەکانمان لە جیاتی حەلواو نوقڵ لە دوکانەکاندا (تەقە) دەکڕن. ئەو گەلە بە فیترە جەنگاوەری خودایە. لەو روانگەیەوە گەلی عیراق حەزی بەسەرۆکێکی فەرماندەیە، نەک سەرۆکێکی ئەفەندیی و کڕو بێ دەنگ.
  سەرھەڵدانەکانی عیراق و لوبنان و، گۆڕانکاریە چاوەڕوانکراوەکانی ناوچەکە لە سوریاو لیبیاو یەمەن وگشت دەوروبەرەکە، مەترسی جیۆپۆلیتیکی گەورە بۆ سەر تەواوی بەرژەوەندیەکانی خۆرئاواو ئیسرائیل و تەواوی سیستمی جیھانی و ئیقلیمی دروستدەکەن، بە تایبەت دوای ئەوەی ئەم بووژانەوە شارستانیە سەرکردەی راستەقینەی خۆی وەکو زەرورەتێکی بابەتی لێ بەرجەستە دەبێت، ئەو کاتە کار لەکار دەترازێت. لەبەر ئەوە چاوەڕواندەکرێت بە ھەموان جەنگێکی گەورە ھەر لە فوراتەوە ھەتا نیل  لە ناوچەکەماندا ھەڵبگیرسێنن، دوور نیە سەعاتی سفریشیان بۆ دیاری کردبێت.