سەردێڕ:

ئابڕووچونێکی تر لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و کۆمپانیای کار گروپدا

9/26/2020 4:46:36 PM
5592 جار خوێندراوەتەوە
سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی
+ -

حکومەتی ھەرێم بڕی  ٥٢٤ ملیۆن دۆلاری بۆ کۆمپانیای کار گروپ خەرج دەکات، کە کۆمپانیاکە تەنھا لە لە پاڵاوتنی نەوتدا ٤ ملیار و ٩٦٤ ملیۆن دۆلاری قازانجکردووە.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان دوای پێدانی لەسەدا سەدی ٪١٠٠پشکەکانی کێڵگەی خورمەڵە بە کار گروپ بۆ ئەوەی پەرەپێدان و گەشپێدان وەبەرھێنان و دەرھێنانی کرود و پاڵاوتن و فرۆشتنی نەوتی تێدا بکات، ئەمەش بۆ بەدەستھێنانی داھاتی زۆر بۆ ھەرێمی کوردستان .

بەڵام لە ئابڕووچونێکی بێ وێنەدا حکومەتی ھەرێم لە ماوەکانی پێشودا بڕی ٥٢٤.٠٠٠،٠٠٠ پێنج سەد و بیست و چوار ملیۆن دۆلار دەدات بە کار گروپ بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدان لە کێڵگەی خورمەڵە لە ھیچ یاسایەکدا نیە کە کێڵگەیەک بدەیت بە پشکی لە سەدا سەد بە کۆمپانیایەکی بواری نەوت حکومەت بێت و پارەیەکی وا زەبەلاح بدات بە کۆمپانیاکە، بەڵام ئەمە ڕویدا لە ھەرێمی کوردستان، بۆ بەرقەرارکردنی شەفافیەت و چاکسازی لە بواری نەوت دا ھەر لایەنێک دەیەوێت بەدواداچوون بکات بۆ ئەم ئابڕووچوون و بەھەدەردانە، من ئامادەم ھەموو بەڵگەکان لە ناو قاعەی پەرلەمان لە بەرچاوی خەڵکی کوردستانەوە ڕادەستی بکەم .

جگە لەم ئابڕووچونە لێرەوە تیشک دەخەینە سەر داھاتی پاڵاوگەی کەلەک بۆ ئەوەی ھەموو لایەک بزانێت تەنھا لە ڕێگەی ئەم پاڵاوگەیەوە کار گروپ چەند ملیار دۆلاری قازانج کردوە لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ھەرێمی کوردستان.

کاتێک کۆمپانیای کار گروپ پاڵاوگەی کەلک (خەبات) دروست دەکات، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان گرێبەستێکی کرد لەگەڵ کار گروپ بۆ پاڵاوتنی نەوتی خام بۆ دروستکردنی موشتەقاتی نەوتیی وەک بەنزین و گازویل و نەوتی سپی و نەفتا ھتد، بۆ پاڵاوتنی ھەر بەرمیلێک نەوت وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بڕی ١٧ دۆلار دەدات بە کار گروپ .

ئەمە لەکاتێکدا کار گروپ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستی کردوە بۆ پاڵاوتنی یەک بەرمیل نەوت بە ١٠ دۆلار .

بەچەند قۆناغێک بە بڕی جیاواز و کاتی جیاواز داھاتی پاڵاوگەکە بەمشێوەیەی لای خوارەوە ڕووندەکەینەوە :-

قۆناغی یەکەم:

لەسەرەتای دەستبەکاربونی پاڵاوگەی کار گروپ توانای پاڵاوتنی  ٢٠،٠٠٠ بیست ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، گرێبەستەکەی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەستی پێکرد لە مانگی ٧ی ساڵی ٢٠٠٩ بۆ سەرەتای ساڵی ٢٠١٠ .

قۆناغی دووەم :

بەپێ بەڵگەنامەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کار گروپ توانای پاڵاوگەی کەلەک بەرزکردووەتەوە بۆ ٤٠،٠٠٠ چل ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. لە سەرەتای ساڵی٢٠١٠ بۆ ساڵی ٢٠١٢ لە ڕۆژێکدا بڕی ٤٠،٠٠٠ ھەزار بەرمیل پاڵاوتوە.

قۆناغی سێیەم:

کار گروپ بەردەوام بووە لە بەرزکردنەوە ئاستی پاڵاوتن لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٢ بۆ ساڵی ٢٠١٤ ڕێژەی پاڵاوتنی بۆ ھەشتا ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا .

قۆناغی چوارەم:

لە ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ دەستپێدەکات کە بەرھەمھێنانی پاڵاوتن بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز دەبیتەوە بۆ سەد و ھەشتا ھەزار، بەڵام سەد ھەزاری بۆ حکومەتی ھەرێم پاڵاوتوە ئەو بڕەی تر بۆ پاڵاوتن بوە لە کێڵگەکانی کەرکوک .

بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی و ھەندێ کێشەوە ناردنی پاڵاوتن لە ساڵی ٢٠١٧ وەستا

قۆناغی پێنجەم:

ئەم قۆناغە پشتی بە کۆتا ڕاپۆرتی دیلۆیتی ساڵی ٢٠١٩ بەستوە، لە ڕاپۆرەتەکەدا ھاتووە بۆ پاڵاوتنی ٨.٧٣٧،٤٤٤ ھەشت ملیۆن و حەوسەد و سی و حەوت ھەزار و چوار سەد و چل و چوار بەرمیل بوە داھاتەکەی دەکاتە ١٨٦،٦٢٩،٣٥٥ سەد و ھەشتاو شەش ملیۆن و شەش سەد و بیست و نۆ ھەزار و سێ سەد و پەنجا و پێنج دۆلار بوە.

کۆی گشتی داھاتی بەدەستھاتوو و قازانجی کار گروپ لە پاڵاوتنی نەوت لەو ساڵانەی ئاماژەم پێکرد کە بە پێنج قۆناغ ڕوونم کردووەتەوە بریتیە بوە لە (٤،٩٦٤،٠٠٠،٠٠٠ )چوار ملیار و نۆسەد و شەست و چوار ملیۆن دۆلار بوە، لێرەوە دەبینین بەمجۆرە گرێبەستانە حکومەت داپۆشراوە بۆ کۆمپانیەکی حیزبی ناوخۆی لە بواری نەوتدا، ڕووندەبێتەوە سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ تەنھا بۆ قازانجکردن و دەوڵەمەندکردنی کۆمپانیا حیزبیەکانە نەک ئامانج بۆ زیادکردنی داھاتی حکومەت و ژیانێکی شایستە بێت، بەڵکو لە واقیعدا دەبینین پارەی زەبەلاح بۆ کۆمپانیای حیزبی ھەیە، بەڵام موچەی موچەخۆران نیە ..

لێرەدا باسی ئەوە ناکەین کە بەرھەمھێنانی نەوتی ڕۆژانە لە خورمەڵە ١٧٠،٠٠٠ سەد و حەفتا ھەزار بەرمیلە لەم دەرھێنانە چەندی دەست دەکەوێت و چەند پارە لە خزمەتگوزاری وەردەگرێت.

یەکێکی تر لە گەندەڵیەکانی پاڵاوتنی نەوت ئەوەیە دوای پاڵاوتن کە دەبوو ئەو بەرھەمە نەوتیانەی وەک گازویل و نەوتی سپی و دیزل و بەنزین و کیرۆسین و نەوتی ڕەشی پاشماوە، دەبوایە بدرایتەوە بە حکومەت، بەڵام لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بە بازرگانی دەفرۆشرێت ھەر پێ دەڵین نەوت و بەنزینی کار گروپ .