سەردێڕ:

نەوت و ناڕوونی داھات بەردەوامە

2/18/2020 1:13:17 PM
5316 جار خوێندراوەتەوە
سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی
+ -

‎لە سەرەتایی دروستبونی کابینەی نۆیەمی  حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرۆکەکەی وەک فریادڕەس و ھەڵگری عەسایی پڕ سیحری چاکسازی وێناکرا لە لایەن لەشکرێک لە میدیاکاران و نوسەران و زۆرینەی پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی کوردستان و داوتر لە کاتی متمانەدان بە کابینەی نوێ لە پەرلەمان سەرۆکی حکومەت ھێڵە گشتیەکانی چوار ساڵی حکومەتەکەی خوێندەوە کە بریتیبوو لە ٥٢ خاڵ لە بوارە جیاوازەکان.

لە بواری چاکسازیشدا سیانزە خاڵی خوێندەوە، من قسەم تەنھا لە سەر خاڵی شەشەمە کە دەڵێیت" کاردەکەین بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لە گشت بوارە داراییەکانی ھەرێمدا، بە تایبەت لە بواری داھاتە نەوتییەکانی ھەرێم و داھاتە ناوخۆییەکان" بۆ ئەم مەبەستەی سەرەوە کاردەکەین بۆ دامەزراندنی سندوقی داھاتە نەوتییەکان بە پێی یاسای پەیوەندیدا.

‎لێرەوە دەڵێین دوای ھەشت مانگ داھاتی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەر وەک سێ ساڵی ڕابردوە و ھەر ٣٠٠ ملیۆن دۆلار دەدرێیت بە وەزارەتی دارایی لە کاتێکدا بە پێ ڕاپۆرتی کۆمپانیای سۆمۆ  ڕۆژانە ٤٤١ ھەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت تەنھا بە بۆری جگە لە تانکەر و فرۆشی ناوخۆی ئەگەر ئەو بڕەیە بە ٥٢ دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک بفرۆشرێت ئەوا دەکاتە ٦٨٧ ملیۆن دۆلار، بەڵام ئەم داھاتە ئەگەر نرخ ھەرچەندە زیاد بکات ھەر وەک گیسکەکەی ھەیاس نە زیاد دەکات نە کەم.

کامەیە چەسپاندنی شەفافیەت ؟

‎خەڵکی کوردستان دەبیستێت لە وەزیری وەزەی ئەمریکا کە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بارتەقایی لیبیایە، بەڵام نە لە مشتاقاتەکەی توانرا نەوتی سپی لەم زستانە بۆ نیوەی خەڵکی کوردستان دابینبکرێیت کە پێشتر بڕیارتان لێدابوو، بەڵام  حکومەتی بەغداد لە پاڵاوگەکانی ھەرێمەوە نەوتی سپی بەرھەم دەھێنێیت و دەینێریت بۆ خەڵکی بەسرە و ئوم قەسر!.

‎‎نە داھاتی نەوت و گازی سروشتی خەمی درەنگ کەوتنی موچەی لای موچە خۆرانی ئەم حکومەتە ڕەواندووەتەوە، وا دیسان دەردی دواکەوتنی موچە  دەستی پێکردۆتەوە و وا ١٤ ی مانگە  دێلۆیت ھیچ راپۆرتێکی نەخستۆتە ڕوو نازانرێ تا چەندی تر ڕاپۆرتێک حازر دەکەن، وا نزیکیش دەبینەوە لە تێپەراندنی ٢٥٠ ڕۆژ بە سەر کابینەکەدا.

‎‎نەک سندوقی داھاتە نەوتیەکان دانەمەزرا، بەڵکو تا ئێستا وەزیرێک دانەنراوە و نازانرێت کەی کێشەکانی ئەو مەلەفە چارەسەر دەبێت و دێتە پەرلەمان و متمانە وەردەگرێیت، ھەرچەندە ڕووبەڕو ئەو پرسیارەم ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کرد، بەڵام کاتەکەی نەووت، بەڵکو تەنھا ووتی " من وەزیری سامانەسروشتیەکانم و لە خزمەتاندام "،بەڵام بە داخەوە.

‎پێچەوانەی خاڵی دەیەمی کارنامەی حکومەت کە دەڵێیت" پشتیوانی کاری چاودێریی پەرلەمانی دەکەین و بۆ ئەم مەبەستەش پابەند دەبین بە ھەموو رێکارەکانی چاودێری لە پەرلەمانی کوردستان بە پێی یاساو پەیڕەوی ناوخۆ و بنەماکانی کاری پەرلەمانی"  بۆیە من بە خەڵکی کوردستان دەڵێم تا ئێستا لیژنەی سامانە سروشتیەکان نە لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و وەزیری وەکالەت کۆبوەتەوە بۆ پرسی نەوت و شەفافیەت و ھیچ زانیاریەکیشمان نادەنێ لەو بوارەدا تا بتوانین چاودێری بکەین و بە ئەرکی خۆمان ھەستین تەنانەت لە چەند ڕۆژی رابردوودا لیژنەکە داوایکرد ئەنجومەنی ھەرێمی بۆ نەوت گاز لە لیژنە ئامادەبن، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوی فەرمی داوای دواخستنی کردووە بۆ کاتێکی نادیار.

‎بۆیە وەک نوێنەری گەل داواکارین بە زوترین کات شەفافیەت لە داھات و خەرجی  بچەسپێنرێت و چاکسازی  گشتگیری تێدا ئەنجامبدرێت، بەڵگەکان بخرێتە بەردەم پەرلەمان سەبارەت بە ئەم ھەموو ساڵەی کە نەوت فرۆشراوە لەبەرچی و بۆچی  و بۆ کێ بەشێکی زۆری ئەم داھاتانە وا بە ناڕوونی مامەڵەی لە گەڵ کراوە.

‎وە ھۆکاری داھاتی نەگۆڕی وەزارتی سامانەسروشتیەکان بخرێتە ڕوو بۆ پەرلەمان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بەرنامەی درێژخایەنی حکومەت لە بواری نەوت چییە و چۆنە و ئایا سیاسەتی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت بەردەوام دەبێت یان رادەستی بەغدای دەکات.