سەردێڕ:

خۆپیشاندانە چاوەڕوانکراوەکانی عێراق و تەواوکردنی پیلانگێڕییە ھەرێمایەتیەکە دژ بە کورد؟

10/20/2019 4:34:04 PM
15358 جار خوێندراوەتەوە
ئەبوبەکر کاروانى
+ -

سەرەڕای ناھەمواری و تەنانەت داڕووخانی دۆخی خزمەتگوزاری و بێکاری زۆر و گەندەڵی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات، ئەوەی لە عێراقدا روودەدات ، لە کارنامە و ململانێی سیاسیە نێوخۆیی و دەرەکیەکان بەدوور نیە. بەڵکو لە رەھەندێکی گرنگیدا بەکارھێنانی ئازارو نەھامەتیەکانی خەڵکە بۆ ھەندی ئامانجی سیاسی کە پەیوەندییان بەو ئازارانەوە نیە. ھەرئەوانەشی لە پشتە کە لە قۆناغی رابردوودا لەپشت دروسنکردنی بێ بەشی و ئازار چەشتنی ھاوڵاتیان و  داڕووخانی ئەخلاقی حوکمڕانین لە عێراقدا. ئەوەی لێرەشدا و لە چوارچێوەی ئەم بابەتەدا و لە پەیوەندی بە ئێمەی کوردەوە دەمانەوێت ئاماژەی پێ بکەین، ئەوەی داواکارگۆڕینی دەستووری عێراق و سستمی سیاسیە لە پەرلەمانیەوە بۆ کۆماری. بۆ ئەوەی خۆبەخاوەنزانانی مەزھەبی و سیاسی عێراقی دوای (٢٠٠٣), دوای لاچوونی لەمپەرەکانی بەردەمیان لەڕێی تیکشکاندنی سوننە و کردنەدەرەوەی لە گۆڕەپانەکە و لاوازکردنی کورد. بتوانن ئانجە ستراتیژەکانیان بەدی بێنن.

ھەڵگرانی دروشمی بەسەرۆکایەتی کردنی سیستم و ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان، دەخوازن ئەو واقیعە و زاڵبوونە سیاسی و سەربازی و ئیداریەی دوای ئەو تێکشکاندن و لاوازکردنە ھاتوونە دی، لە دەستووردا جێی بکەنەوە ، بەوەش لە واقیعێکی کاتیەوە بیکەن بە دۆخیکی ھەمیشەیی و رەوایەتی دەستووری و یاسایشی پێ ببەخشن ئامانج لەم کارەش چەندین شتە لەوانەش :

لابردنی بەربەستە پەرلەمانیەکان و کۆتایھێنان بە ناچاربوون بۆ رازیکردنی ھەندێ فرکسۆن وپێکھاتەو لایەن و ئەو پەراویزە لە توانای مانۆڕی سیاسی کە سیستمی پەرلەمانی دەیخاتە بەردەم ھەندێ لە پێکھاتە و ھێزەکانی دەرەوەی زۆرینەی مەزھەبی و سیاسی.

خێراکردنی دەرکردنی بڕیارو کۆنترۆڵکردنی جومگەکانی دەسەڵات و ھەوڵدان بۆ لە ناوە ڕێکخستنەوەیەکی زۆرەملێیانەی عیراق و تەواوکردنی پرۆسەی بە ئامرازکردنێکی کاریگەری لە ملمڵانێ نێوخۆیی و دەرەکیەکاندا.

دووبارە پێناسەکردنەوەی عێراق و عێراقی بوون و خۆکردن بە نوینەری ناسنامە و ناسیونالیزمی عێراقی لەم قۆناغەدا.

بە حوکمی ئەوەی لە دەرەوەی  ماڵی زۆرینەی مەزھەبی و سیاسی لە نێو سوننەکانیشدا خەڵکانێک ھەن، ھەڵگری ئەم دروشمە و گەڕانەوەن بۆ فۆرمە کۆنەکەی سیستمی کۆماری بە ھەندێ دەستکاری  ڕووکەشەوە ، بەشێ لەم پێکھاتەش لە چوارچێوەی ئەو ئەجیندایەدا بەکاربھێنرێت و تەنانەت بەرامبەر بە کوردیش سوودی لێوەربگیرێت. لەکاتێکدا لە ئێستادا ڕوونبۆتەوە لاوازی ھەریەک لە سوننە و کورد لە سایەی ئەم واقیعەدا، یەکسانە بەلاوازبوونی ئەوی دی و نەخشەکەش لەسەر بناغەی ئەو ھاوکێشە پیادەکراوە و تاڕادەیەکیش سەرکەوتوو بوو.

ئەگەر لەچوارچێوەی ئەوەی لەڕۆژئاوا ڕودەداو پێشتریش لەھاتنەناوەوەی سوپای تورکیا بۆ قوڵایی (٤٥کم)ی خاکی کوردستانی باشوور ڕوویداوە  سەیر بکەین و بخوێنینەوە، دەبێت بترسین و ھۆشیاربین لەوەی ، وروژاندنی گۆڕینی دەستوور و سیستم لە عێراقدا، ئامانج لێی یاخود یەکی لە ئامانجەکانی، تەنگ کردنەوەی ئەڵقەکانی گەمارۆیەکی ھەرێمایەتی بێت بەسەر کوردا و ھەوڵدان بێت بۆ زەبردان لە قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان  یاخود لە قاڵبدانی.،ئەگەروەک قەوارەیەکیش بمێنێتەوە . بە حوکمی یەکسان بوونی بانگەشەکە بە گێڕاندنەوەی ناوەندگەراییەکی توند و کۆتایی ھێنان بە پرسی بەفیداڵیکردنی دەوڵەتی عێراق و تەنانەت لامەرکەزیەتی ئیداریش.

دۆخەکە ھەستیارە و دەبێت حساب بۆ کودەتای سەربازی ساختەش بکەین بۆ ئەوەی بەو ناوەوە ، دەستوور وەلابنرێت و جاڕی ڕوخانی سیستمی پاش (٢٠٠٣) بدرێت و ھەوڵیش بدرێت ئێمە بۆ قۆناغی (١١)ی ئازار بگێڕنەوە  ..

ئەوەی وتمان تاکە سیناریۆ نیە، بەڵام سیاسەتمەدار و سەرکردایەتی سیاسی دەبێت حساب بۆ سیناریۆ خراپترینەکان بکات، تاکو ڕووبە ڕووبوونەوەی ئەوانی دی زۆر زەحمەت نەبێ .