سەردێڕ:

پەیامەکەی ئەمەریکا بۆ بەرپرسانی ھەرێم

2/25/2021 9:52:59 AM
9944 جار خوێندراوەتەوە
هیوا سەید سەلیم
+ -

دوای ھەڵبژاردنی جۆ بایدن بە سەرۆکی ئەمەریکا و دەستبەکاربوونی ئیدارەی تازە لە کۆشکی سپی  و خوولی تازەی حوکمی دیموکراتەکان لەو وڵاتە، پرسی سیاسەتی دەرەوە بەگشتی  و لە ناویشیاندا چاودێری کردنی مافی مرۆڤ و ئازادی بیرورا لە جیھان و وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست،  بە تایبەتی بابەتی  ئازادی بیروڕا و ئازادی کاری راگەیاندن بۆتە رۆژەڤ دیموکراتەکان.

لەو بارەیەوە، لە ماوەی تەنیا دوو مانگی دەسەڵاتی دیموکراتەکان، ئەمەریکا زیاترلە پەیامێکیان بۆ دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان ناردووە،  کە ئەوان لە نزیکەوە چاودێری بابەتی ئازادی بیروڕا و رەوشی کاری رۆژنامەنووسی لە ھەرێمی کوردستان دەکەن.

شایانی باسە، پەیامەکانی ئەمەریکا لە رێگەی دیداری ڕاستەوخۆی نێردە دبلۆماسیەکانی ئەو وڵاتە گەیەندراوەتە بەرپرسە باڵاکانی ھەرێمی کوردستان، جارجاریش بە تەلەفۆن و نووسراو بووە. ھەموو ئەو پەیامانەش  دوای ئەوەھات کە ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەنووس لە بادیانان دەستگیرکران و تۆمەتی جۆراوجۆریان ئاڕاستەکرا و بەشێکیان حوکمی دادگایان بەسەر سەپێندرا.

 دوایین پەیامیش کە میدیای نزیک لە حکومەتی ھەرێم تەنیا ئەو بەشەی لێ بڵاوکردەوە کە لە بەرژەوەندیەتی، ئەو ڕاگەیەندراوە بوو کە کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا لە ھەولێر رۆژی ٢٤ شوبات دوای دیداری باڵوێزی گشتی ولاتەکەیان (ماسیۆ تۆلەر) بڵاویکردەوە.  کە ناوەڕۆکەکەی بریتی بوو لەو تەوەرانەی کە باڵوێز لەگەڵ ھەریەک لە سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆ باسی لێوەکردووە.

ئەگەر بەوردی لە راگەیەندراوەکەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ھەولێر بڕوانین، تێدەگەین کە ئەمەریکا پەیامێکی روونی بۆ بەرپرسانی ھەڕێمی کوردستان  ناردووە. کە لە پاڵ پشتیوانیان بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، داخوازیان بۆ  یەکڕیزی نێوان پارتی و یەکێتی. ھەروەھا ئەمەریکا جارێکی دیکە جەغت لە لە ئازادی بیروڕا و ڕاگەیاندن لە ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە.

ئەم پەیامەی باڵوێزی ئەمەریکا  لە کاتێک دایە کە پرسی داگاییکردنی رۆژنامەنووس و چالاکوانانی بادینان نەک ھەر پێکھێنەرە سەرەکیەکانی کابینەی نۆی (پارتی –یەکێتی- گۆڕان) بەسەر دوو بۆچوونی جیاواز دابەشکردووە،  بگرە لە نێوان سێ سەرۆکایەتیەکەش (ھەرێم، حکومەت، پەرلەمان) و ناوخۆی پارتی، ھەروەھا دەسەڵات و شەقامیش  خوێندنەوەی جیاجیا بۆ پرۆسەی دەستگیرکردن و دادگایکردنی ئەو رۆژنامەنووس و چالاکوانانە دەکرێت. 

شایانی باسە پێشتریش نووسینگەی راگەیەندنی بالوێزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، لە راگەیەندراوێکیان باسیان لەوەکردبوو کە (ئەوان لە نزیکەوە چاودێری پرسی دەستگیرکردن و دواتر دادگایکردنی رۆژنامنەنووس و چالاکوانانیان کردووە و ئەو بابەتەشیان لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێم باس کردووە).

 ئەگەرچی بابەتی ئازادی بیروڕا و کاری راگەیاندن لە ھەرێمی کوردستان بۆتە جێگای تێبینی، بەتایبەت  لە لایەن وڵاتانی پەیوەندار بە پرسی عێراق و کوردستان و ناوچەکە، لەو چەند رۆژەی دوایدا،  کۆبونەوەی نێردەی وڵاتانی ئەورپی لەگەڵ دەستەی مافی مرۆڤی ھەرێمی کوردستان،  تایبەت بەو پرسانە،  بەشێکن لەو فشارانە بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ھەرێم دەنرێن تا رێز لە ئازادی بیروڕا بگیرێت.


ھەروەھا  لە پاڵ ھەموو ئەو ھەوڵە دەرەکیەکانەدا  بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵاتدارانی ھەرێم، پرسی دادگایکردنی رۆژنامەنووس و چالاکوانانی بادیانان  لە ئاستی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش زۆرترین رەخنە و ناڕەزایی لێکەوتۆتەوە، ،  بەڵام ھێشتان بەرپرسان لە ھەرێمی کوردستان نەک دان بەو کێماسیانە نانێن، بگرە نکۆڵی لەوە دەکەن کە ئەوانەی دەستگیرکراون لە بادینان رۆژنامەنووس و چالاکوان بن.

دواجار دەڵێین دەبێت بەرپراسانی بڕیار بەدەست لە ھەڕێمی کوردستان،  تێبینی و پەیامەکانی وڵاتان بە تایبەت پەیامی ئەمەریکا بەھەند وەربگرن، تا لەوە زیاتر ناو و ناوبانگی ئەو ھەرێمە نەکەوێتە ژێر پرسیاری ئەو وڵاتانە و رای گشتی،  بە تایبەت لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا و ئازادی کاری راگەیاندن.