سەردێڕ:

کات لە بەرژەوەندیمان نییە

10/25/2020 7:01:36 PM
3507 جار خوێندراوەتەوە
یادگار سدیق گڵاڵی
+ -

بەھۆی ھەڵکشانی رێژەی توشبونی کورۆنا لە ئەوروپا و ئەمەریکا و زۆر وڵاتی ئەمەریکای لاتین و ھیندستان و نەدۆزینەوەی پێکوتە تا ئێستا، دڵەڕاوکێ و نیگەرانی ھەیە لەسەر ئایندەی نرخی نەوت، بە تایبەت لە ساڵی نوێدا. چونکە بەپێی رێکەوتنەکەی وڵاتانی ئۆپیک پلەس بڕیارە لە سەرەتای کانونی دووەمی ٢٠٢١ وە بڕی ٢ ملیۆن بەرمیل نەوت زیاتر بخەنە بازاڕەوە، ھەروەھا بەھۆی ئاگربەستی نێوان لایەنە شەڕکەرەکانی لیبیا بەرھەمی لیبیا بوژاوەتەوە لە ٧٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانەوە ئێستا بۆ نزیکەی ٥٨٠ بۆ ٦٠٠ ھەزار بەرمیل. چاوەڕێش دەکرێت لە چەند ھەفتەی داھاتودا بەرز ببێتەوە بۆ یەک ملیۆن بەرمیل. ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی ڕێکەوتنەکەی ئۆپیک پلەس لیبیا پابەند نییە بە کەمکردنەوەی بەرھەمەوە.

ئەوەمان بیرنەچێت تا ئێستا بوژانەوەی ئابوری جیھان زۆر سستە و پێشبینیەکان و چاوەڕیانیەکانی رابردوو بۆ بازاڕ تا ئێستا وەکو خۆی دەرنەچوون، چەندین پاڵاوگە داخراون و زۆرێکی تریش مەترسی داخستنیان لەسەرە بەھۆی کەمی خواست لەسەر بەروبومە نەوتییەکان.
ھەر بۆیە لەھەموو کات زیاتر ئۆپیک پلەس پێویستی بە چاوپێداخشاندنەوەیە بە رێکەوتنەکەیدا، بەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ جێبەجێکردنی قۆناغی سێھەمی رێکەوتنەکەی دەکات. دەبێت ھەڵسەنگاندن بۆ ئاستی خواست و رێژەی خستنەڕووی نەوت بکرێت و وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە کە ئایا پێویست دەکات قۆناغی سێھەمی رێکەوتنەکە بۆ سێ مانگ دوابخرێت یان زیاتر، چونکە زۆری بەرھەم و کەمی خواست جارێکی تر روبەڕوی دابەزینی نرخی نەوتمان دەکاتەوە.

زیاتر لە دە مانگە ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەڕەشەیە لەسەر جیھان و بەو ھۆیەوە  ٧ مانگە نرخی نەوت زۆر نزمە و ئابوری جیھان لە کێشەی قوڵدایە و ئەگەری ئەوەش ھەیە لەساڵی ٢٠٢١و تەنانەت تا دوای ٢٠٢٢ ش کاریگەری ئەم قەیرانە بمێنێتەوە.

کاریگەری ئەم قەیرانە لەسەر عێراق و ھەرێمی کوردستان زۆرە، بەوپێیەی متمانەی سەرەکییان لەسەر فرۆشی نەوتە بۆ دابینکردنی داھات. رۆژ دوای رۆژ کاریگەری قەیرانەکە زیاتر بەدەردەکەوێت و قوڵتر دەبێتەوە و رەنگدانەوەی لە گیرفانی ھاوڵاتیدا بەدەردەکەوێت بەتایبەت کاتێک گەندەڵی و بەھەدەردانی زۆر ھەموو پنتێکی حکومڕانیی گرتووەتەوە. چاککردنی بارودۆخەکە بەرگەی دواخستن ناگرێت و کات لەبەرژەوەندی کەسدا نیە.

ئێستا لە عێراق پلانی چارەسەری قەیرانەکە بەناوی "پەڕەی سپی" خراوەتەڕوو. بەپێی پەڕە سپییەکە بڕیارە لە سێ بۆ پێنج ساڵ بەڕێژەیەکی باش چارەی کێشە کەڵەکەبووەکان بکات.  


پرسیارە جەوھەرییەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئێمە لە ھەرێم چیمان کردووە چ ھەنگاوێکمان ناوە لەسەر ئەرز و لە مەیداندا بۆ:
نەھێشتنی قۆرغکاری، سنوردارکردنی  گەندەڵی، فرەکردنی سەرچاوەکانی داھات و بوژانەوەی سەکتەرە جیاجیاکانی ئابوری و ھەروەھا باشکردنی کەرتی تەندروستی و خوێندن و کەرتە خزمەتگوزارییەکانی تر؟


کە باسی ھەنگاو دەکەین مەبەست ھەنگاوی کردارییە کە جێکەوتەی راستەوخۆ و ئەنجامی بینراوی ھەبێت.
ئایا بەم  ئالیەت و ئامڕازانەی دەتوانرێت گۆڕانکاریی و چاکسازیی بکرێت؟ کە تاوەکو ئێستا نەمان توانیوە لیستی موچەخۆران پاک بکەینەوە لە موچەخۆری وەھمی و چەند موچە، یان کۆنترۆڵنەکردنی دەروازە سنورییەکان، بە رۆژی رووناک ھێزی چەکدار نەک بڕیاری حکومەت جێبەجێ ناکات، بەڵکو دژایەتیشی دەکات.


دەزگای ئاسایش، دژە تیرۆر، پاراستن و زانیاری ناتوانن کۆنترۆڵی دەروازەکان بکەن ، یان نایانەوێت؟
ئایا بارودۆخەکە ھێندە ئاساییە کە چاکسازیی لەسەر پشتی کیسەڵ بڕوات؟


ئایا بەڕاست سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی کە ھەرچی ھێزی چەکدارە لای ئەوان و حیزبەکەیانە و گۆڕان کە تیمی لە حکومەتە و بەڕێوەبردن یان بەر پرسیارێتی لە چەند دەروازەیەکی سنور ھەیە ناتوانن ھیچ بکەن و سنورێک بۆ ئەم فەوزایە دابنێن؟  
کاتێک ئەوانیش ھەروەک من و تۆ دەڵێن گەندەڵی و قاچاغی و ئیستغلال و چی و چی ھەیە! ئەوکات ھیوای چاکسازیی لەگۆڕ نانرێت و ئەو وتەیەی دەڵێت، "چاکسازیی جگە لە دروشمێکی بریقەدار ھیچی تر نییە" زیاتر ناچەسپێت؟