سەردێڕ:

مەسەلەکە چیە؟

5/12/2021 3:13:02 PM
11503 جار خوێندراوەتەوە
ئاری هەرسین
+ -

لە ئێستادا مەسەلەی دەستگیرکراوانی بادینان ھەواڵی گەرم و مانشێتی سەرەکی ڕاگەیاندنەکان و، بازاڕی زبڵدانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیشی پێوە گەرمە. 

بێگومان ھەموو داکۆکیکردنێک لە مافە سەرەتاییەکانی ئینسان لە کۆمەڵگەدا، ئەرکێکی ئەخلاقی ھەموو تاکێکی نیشتیمانپەروەرو بە ئاگایە، بەڵام بە مەرجێک ئەو داکۆکیکردنە لەسەر مەبدەئی ئینسان دۆستی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و سەروەری قانون بێت.

ھەندێک لە کەوادری پێشکەوتووی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (بە ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیشیانەوە)، ھەندێک لە ڕوناکبیران، ھەندێک لە ڕۆژنامەنوسان قسەی خۆیان لەسەر ئەم بابەتە کردوە. لێرەدا بە ھیچ جۆرێک ھیچ کۆمێنتێکم لە سەر بیروڕای ئەو دە ستە ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوسانە نیە کە نیگەرانی خۆیان لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی ئەو دەستگیرکراوانە دەربڕیوە و، ھیچ پیلان و پلانێک لە پشت بیرو ڕایانەوە نیە جگە لە ھەست و بیری مرۆڤدۆستانە. 

قسە لە سەر دەربڕینەکانی سەرکردایەتی یەکێتی و کوڕی دادوەری بەڕێز کاک موسڵیح گەیلانیە.

ئەو ھەندە لە یەکێتیەکان، لە نیگەرانی ئەوروپا، ڕێکخراوی بەناو نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمەریکا لەسەر کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان زۆر نیگەرانن. 

لە میانمار و کامبۆجیا گردۆڵکە لە کەلەسەری مناڵ، ژن، پیر و گەنجی بێتاوان دروست ئەکرێت… مناڵانی غەززە لەسەر سفرەی نانخواردن و لە شیرینەخەودا بۆمباباران ئەکرێن… کۆماری ئیسلامی ئێران ھەفتانە پەتی قەنارە ئەکاتە ملی خەڵکی کورد… نرخی نەوت و ئەڵماسی نیجێریا خوێنی ڕەشپێستەکانە لە پێناو قازانجی کۆمپانیا قۆرخکاریەکانی خۆر ئاوا… کەچی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوی بەناو نەتەوە یاکگرتوەکان و پارلەمانەکانی ئەوروپاو ئەمەریکا بەو ھەموو ھێزە ئابوری و سەربازیانەیانەوە مێش میوانیان نیە…! 

ئەرێ ئەم برادەرانە لە چی نیگەرانن؟… لە پێشێلکردنی مافەکانی ئینسان لە ھەرێمی کوردستانی عێراق؟… یان لە بەرتەسک بوونەوەی فەزای ئازادی ڕادەربڕین؟… یانیش ھەڵبژاردن نزیک ئەبێتەوە و برادەران بانگەشەی پێشوەختیان ڕاگەیاندوە؟… مەسەلەکە چیە؟

لای ئەم برادەرانە دوو جۆر پارتی ھەیە. پارتیەک کە دیموکراتخوازە، مەدەنیە، ڕێز لە ئازادیەکانی ئینسان لە کۆمەڵگەکەماندا دەگرێت و معامەلەی خۆشە. پارتیەکەیتر عەقڵیەتی موخابەراتی ھەیە، توندڕە وە و معامەلەی ناخۆشە. دیسانە وە ئەپرسین: بەڕاست مەسەلە چیە؟… ئەم تەحلیل و دەستەبە ندیەی ئەم برادەرانە بۆ پارتی ئەکەن، لە خۆشەویستی پارتیە؟… یان دەربڕینێکی ڕاستگۆیانەی خەو و ئارەزوی خۆیانە؟… ئایا برادەران، بەڕاستی ئەندامێکی بنەماڵەی بارزانیان پێ مەدەنیتر و میانڕەوترە لەوانیتریان؟… یان مەسەلە ھەوڵێکی گشتگیر و (مەدروسە) بۆ شەق کردنی بنەماڵەی بارزانی (فرق تسد)؟… وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ خەڵکی کوردستان دەھێڵمەوە کە زۆر باش ئەزانن ئێمەش و یەکێتیش و ھەموو حیزبەکانی تری کوردستان (بە کۆن و نوێمانەوە) نەخێری زیندەین و نەفریشتەین و، ھەر یەکەمان کەموکوڕی و ھەڵەی خۆمان ھەیە. 

دواجار ئومێدەکەی برادەران لەسەر ئینشیقاقی ناو بنەماڵەی بارزانی ھەڵچنراوە، چونکە لەتبوونی بنەماڵەی بارزانی واتە مەرگی پارتی.  بنەماڵەی بارزانیش ئەبێت پاش زیاد لە ١٠٠ ساڵ خەبات و تێکۆشان، قسەی خێر و شەڕ لێک جیا بکەنەوە و، لەو ڕاستیە ش تێگەیشتبن کە شەق بوونیان یەکسانە بە سڕینەوەیان لە مەیدانی سیاسی کوردستان بۆ ھەتا ھەتای! 

ئەمڕۆ نوسراوێکم بەرچاو کەوت کە لەلایەنی کوڕی کاک موسڵیح گەیلانی، یەکێک لە دادوەرەکانی کەیسی دادگایی کردنی دەستگیرکراوانی بادینانەوە نوسراوە (بە پێی ھەواڵە کەی کە بڵاو بۆتەوە). دیسان پرسیار: مەعقولە کەسێک کوڕی دادوەر بێت و قسەی لەسەر حوکمی دادگا ھەبێت؟… بە چ حەقێک کوڕی دادوەر حوکمی ئیعدام بۆ گومانلێکراو یان تاوانبارێک دەر ئەکات؟… عەجەبا ئەگەر کوڕی دادوە ر بەم زمانە شڕە جنێوفرۆشە داکۆکی لە باوکی بکات، ئەبێت لە ماڵەوە چ پەروەردەیەک درابێت…؟ عەجەبا ئینسانی بە ئەدەب لاسایی کردار و گوتاری کەسانی بێ ئەدەب ئەکاتەوە؟… مەسەلەکە چیە؟… ئەم پرسیارانەش با بەرەوڕوی دادوەری بەڕێز کاک موسڵیح گەیلانی ببێتەوە.