سەردێڕ:

لە نۆیەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان دا

5/5/2019 9:20:46 PM
2297 جار خوێندراوەتەوە
بەکر عوسمان
+ -

لە نۆھەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشتدا، یادکردنەوەی ئەو تاوانە ئازارێکی بەسوێیە. نۆ ساڵە بکوژان بە ئازادی دەسوڕێنەوە و بەردەوامن لە ستەمکاریی. لەم نۆسالەدا تیرۆری سەردەشتەکان ھەروا بەردەوامە. ئەم دەسەڵاتە ھەڕەشەیە لەسەر سادەترین ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان ئەوانەی گولـلە دەنێن بە دەمی گەنجان ‌و ڕۆژنامەوانی کوردستانەوە، ئەوانەی ھەڕەشەی ڕاستەقینەن لەسەر سادەترین ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان، مافیاکانی ڕفاندن ‌و شوێن بزرکردن، تاوانبارانی تیرۆرکردنی سەردەشت و سۆران و کاوە و ویداد و ئەوانیتر چەکدار و چەک بەدەست و ئامادەباشن بۆ ئەنجامدانی تاوانی گەورەتر بەرامبەر ھەرکەسێک وشەی ڕاستی و حەق بەرامبەر بەو دەسەڵاتە خێلەکی و مافیاییە بڵێت.

سوێی ئازاری لەدەستدانی سەردەشت قووڵتر دەبێتەوە، کاتێک دەبینین تەنانەت ئەو ھێزە سیاسیانەی سەردەمانێک بەرژەوەندییان وایدەخواست دۆسیەی تیرۆری دەنگە ئازادەکان بەدەستەوەبگرن، ئەمڕۆ بەرژەوەندیان وا دەخوازێت ببنە پاشکۆی سەرقافڵەی تیرۆریزمی دەسەڵاتدار. ئەو لایەنانەی سەردەمانێک بەرژەوەندییان وای دەخواست بەڕواڵەت ھەڵوێستی توند دژی تیرۆری دەنگە ئازادەکان بنوێنن، ئەمڕۆ بەرژەوەندییان جۆرێکی تر دەخوازێت، بۆیە لەگەڵ بکوژان دەبن بە ھاوپەیمان و شەریکە دەسەڵات.  خەڵکی کوردستان دەمێکە حوکمی خۆیان لەدژی دەسەڵاتدارانی ستەمکار و بکوژی رۆژنامەنووسان و دەنگەناڕازییەکان دەرکردووە، بێگومان حوکمی شایستە بەسەر ئەو ھێزانەشدا دەدەن کە ئەمڕۆ پێدەنێن بەسەر ئاوات ‌و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستاندا و سەودا بە چارەنووسی ئەم خەڵکەوە دەکەن.

جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان!

بەڵێ، بکوژانی سەردەشت و سۆران ‌و کاوە و ویداد و دەنگە ئازاد و عەدالەتخوازەکان، لە ھەڕەمی سەرەوەی دەسەڵاتی کوردی ڕاوەستاون. چەند رۆژی تر لە پەرلەمانی کوردستان ‌و لە نێو سەما و چەپڵەڕێزانی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی کە گوایە لە چەند ساڵی ئایندەدا نوێنەرایەتی ئێوە دەکەن، دەبنە دەسەڵاتدار بەسەر ھەمووتانەوە. ھەر ئەمە بۆخۆی راشکاوترین بەڵگەی پڕوپوچی ئەو فڕوفیشاڵەیە کە گوایە ئەوانەی لە ھۆڵی پەرلەمان دانیشتوون نوێنەری خەڵک و ئاوات و ئامانجەکانیانن.

ئەو لایەنانەی کە کوشتن و دەم بە فیشەک داخستنیان کردووە بە پیشەی سیاسیان، پێکھێنەرانی حکومەتن لە کوردستاندا. ئەمە ناوەڕۆکی راستەقینەی ئەو گاڵتەجاڕییەیە کە ناویانناوە دیموکراسی و پەرلەمانتاریزم، ئەمە بەڵگەی ریسوایی ھەموو ئەوانەیە کە ناویانناوە یاسا و دادگا و پۆلیس و ئاسایش. لەڕاستیدا ھەموو ئەمانە لەگەل پەرلەمانەکەشیاندا، دەزگای داسەپاندنی ئەم تیرۆریزم و ستەمکارییەن. دەنگدانیش جگە لە پرۆسەی بەگاڵتەجاڕیکردن و بێنرخکردنی ژیانی چەند ملیۆن ئینسان ھیچی تر نیە. ئایا ئەوە یاسای جەنگڵستان نییە کە ھەرکەس بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان بڵێت پشتی چاوتان برۆیە، فیشەک دەخەنە دەمیەوە؟ ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە کە بە مەنتقی ئەم بنەماڵانە، ھەرکەس و لایەنێک دڕندانەتر ڕۆڵەکانی خەڵک بکوژێت لە ھەمووان شیاوترە بۆ چوونە سەر کورسی دەسەڵات؟

کاتێک دەیان تاوانی ئاشکرای کوشتن ئەنجامدەدرێت، تۆمەتباران بەبەڵگەی ڕوون لەلای سەرجەم خەڵک دیار و ئاشکران. کەچی دۆسیەکان دەکرێنە سیناریۆ، لەسەر داوای دادگایکردنی تۆمەتباران تەنانەت پەلاماری قەبری قوربانیش دەدرێت. لەسەر داواکردنی مافەکان شەو و ڕۆژت لێ دەگۆڕن. لەسەر خۆپیشاندان ‌و داوای مافی خۆ، گەنجان ‌و ئازادیخوازان لە بادینان زیندانی و بێسەروشوێن دەکرێن. کێ باوەڕ دەکات خوێنی بێتاوانەکان لە دادگاکانی کوردستاندا داد و مافی دەسەنرێت؟

نۆ ساڵ بەسەر تیرۆری سەردەشت تێدەپەڕێت، نۆ ساڵە ئێمە لە خوێنی جەستەی سەردەشت گیان ‌و ڕوح ‌و دڵمان خوێناوی لێ دەچۆڕێت، نۆ ساڵە ئازاردان و سزادانی ڕۆحی ‌و جەستەیی سەردەشت ‌و ئێمە درێژەی ھەیە. نۆ ساڵە ھەرچی دڵڕەقی ‌و دڕندەییە لەسەرمان تاقی دەکرێتەوە و ژیان ‌و بونمانی ھەنجن ھەنجن دەکات و دەمانھاڕێت. ئێستا بەدوای نۆ ساڵ لە تیرۆری سەردەشتی ئازیز، کارنامەی ڕەشی تاوانکاریی ئەو دەسەڵاتە جەلاد و مافیاییە بووە بە کێوێکی ڕەش. لەم نۆساڵەدا تیرۆری سەردەشتەکان ھەروا بەردەوام بووە و ئەمە بووەتە دیوەزمەی سەر دڵی ھەرکەسێک کە بیەوێت وشەی حەق بەم دەسەڵاتە زاڵم ‌و سەرکوتگەرە خێڵەکیە بڵێت. ھەربۆیە ئەمڕۆ وەک یەکەمین ڕۆژەکانی تیرۆری سەردەشت پێداگرین لەسەر داواکاری و مافەکانمان بۆ بەسزاگەیاندنی تاونباران و بکوژانی ئەو.  تاکو بەسزا گەیاندنی تاوانباران ‌و بکوژان، ئەم دۆسیە لەلایەن ئێمە و ئازادیخوازانی کوردستان بە کراوەیی ماوەتەوە و بە کراوەیی دەمێنێتەوە.

ئەمڕۆ دەبوو بکوژانی سەردەشت و سۆران ‌و کاوە و ویداد و ئەوانیتر جورئەت نەکەن لە ھیچ کون ‌و کەلەبەرێک بێنە بەردەم خەڵک. پەنادانی تاوانباران چ جای دەنگپێدان و تەسلیم کردنی ئایندەمان پێیان بە ئەندازەی تاوانەکانیان بە ئازارە، بەڵام ئازارەکانمان ڕق ‌و نەفرەتەمان ئەستورتر و باوەڕی قووڵمان بە مافەکانمان و عەدالەتی کێشەکەمان، ھەروەھا ئۆمێدەکانمان گەورەتر دەکەن. ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە زووبێت یان درەنگ، دەبێت باجی کارە تیرۆریسیتەکانی ‌و تیرۆری سەردەشت ‌و ئەوانی دیکەش بداتەوە، باجی ستەمکارییە بێسنورەکانی بداتەوە، رۆژێک دەبێت لە دادگای عادیلانەی خەڵکدا وەکو سەرانی رژێمە دیکتاتۆر و سەرکوتکەرەکانی تر سزای عادیلانەی خۆیان وەربگرنەوە. 

ئێمە ئیتر تاکە ھەڵبژاردەمان، تاکە ڕێگامان ئەوەیە کە دەعوای خۆمان لەگەڵ دەعواکانی سەرجەم خەڵکی ستەمدیدەی کوردستاندا لە دژی دەسەڵاتی ستەمکاری ئێستا بکەین بەیەک، بۆ ھەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە تیرۆریست ‌و سەرکوتکەرە و دادگایی کردنی سەرانی تاوانکاریی. 

بەرز و بەڕێز بێت یادی سەردەشت عوسمان.

بەرز و بەڕێز بێت یادی ھەموو ئەو مرۆڤانەی لە پێناو ژیان و عەدالەت و ئازادیدا گیانیان بەخشی.