سەردێڕ:

​ دەستور بەرامبەر پۆست!

5/4/2021 11:26:58 AM
8145 جار خوێندراوەتەوە
هۆشیار عەبدوڵا
+ -

( ئامانجی سەرەکی جموجۆڵە سیاسیەکانی ئەم دواییە چین؟!)

هۆشدارییەک بۆ مێژوو..

ھیچ کات دژی یەکڕیزی نیشتیمانی نین بەو مەرجەی لەسەر بنەمای کۆمەلێک ئامانجی نیشتیمانیی بێت و لەبەرژەوەندی و سودی ھاوڵاتیاندا بێت، ئەمما ئەگەر ئەم  جموجۆڵە سیاسییەی ئێستا ناونیشانەکەی یەکڕیزی و ناوەرۆکەکەی دابەشکاری پۆستەکانی خولی داھاتوی پەرلەمان و حکومەت بێ لە بەغدا، کارەساتە.

چارەسەر لە گۆڕینی ریشەیی سیستمی سیاسی ھەرێمدایە نەک باوەشکردنەوەیەکی نوێ بەیەکتریدا لەسەر حسابی خەڵک و ھاوڵاتیان.

چارەسەری نەخۆشیەکانی حوکمڕانی ھەرێم بە جارێکی تر گەڕانەوە بۆ سەردەمی رێکەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی نابێ، دەبێ ستراتیژ گۆڕینی ریشەیی فەلسەفەی حوکمڕانی بێت لە ھەرێمدا، لە سیسمتێکی سیاسی حزبی و عایٔیلیەوە بۆ حکومەتی ھاوڵاتی و حوکمڕانیەکی رەشید و  یاسا سەروەر.

ھیوادارم سیاسیەکانی کورد بە تایبەتی بکەرە سەرەکیەکانی بە فعلی لەوە تێگەیشت بن کە چیتر ناتوانن بەم ھەمو گەندەڵی و بەدکاری و عەقڵیەتە دواکەوتوە حزبی و عائیلیەوە حوکمڕانی بکەن.

ھیوادارم تێگەیشتبن خەڵک لێیان بێزارە بەڵام ناچارە. تێگەیشتبن حیکایەتێکیان نەماوە خەڵک متمانەی پێ بکا، دروشمێکیان نەماوە نەسوابێ. ھیوادارم تێبگەن کە بێ گۆڕینێکی ریشەیی لە فکر و بەرنامە و کاریاندا خۆشیان و ھەرێمەکەش دەدەنە دەست ئایندەیەکی نادیار و تاریک.

ھیوادارم کۆی پرۆسەی ئەم سەردان و ھاتوچۆ و دیدار و کۆبونەوانەی کە دەکرێن لە ھەرێم بۆ گۆڕانکاری ریشەیی بن نەک پرۆسە و سەفقەی (دەستور لە ھەرێم بۆ پارتی بەرامبەر پۆست لە بەغدا بۆ یەکێتی).

یەکێتی ئەمە بکا، ھەمان ھەڵەی ستراتیژی ساڵی ۲٠٠٥ دوبارە دەکاتەوە، کاتێک بەرامبەر پۆستی سەرۆک کۆمار ھەرێمی لەسەر سینیەکی ئاڵتونی رادەستی پارتی کرد.

مافی خۆمانە گومان بکەین کە بۆچی لەئێستادا پرسی دەستور ھاوزەمانی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دێتەوە سەر ساحەی سیاسی، ئایا لەئێستادا دەستور زەرورە یا گۆڕینی ئەم حکومەتە شکستخواردوە وئەم پەرلەمانە پەککەوتوە؟!

کامیان زەرورترن دەستور یان چارەسەری موچە؟! کامیان ئەولەویەتیان ھەیە دەستور یا بژێوی و ژیانی رۆژانەی گەنج و خەڵکی بێکار و بێدەرامەت؟!

 پرسی دەستوری ھەرێم لەو سەردەمەدا کە نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی گۆڕان بوو یەکێک بو لە پرسە ھەستیار و نیشتیمانییە پڕ بایەخەکان و لە ژێر ھیچ فشار و دەسکەوتێکی حزبیدائامادەنەبو بچێتە ژیر باری رازیبون بە دەستورێکی حزبی و کەسی و عایٔیلی، دەبێ ئێستاش ھەمان نەفەس بەردەوام بێ نەک بێ ھیچ گرەنتیەک (بەڵێ) بۆ دەستورێکی خراپ بکرێ ھاوشیوەی زۆر (بەڵێ) ی تری پێشو.

دەستور؛ وەک مەرجەعی باڵای یاسایی و دایکی یاساکان و چەتری سیستمی سیاسیی ھەرێم رەھەندێکی نیشتیمانی گەورە و باڵای ھەیە و دەبێ دەستورێکی دیموکراتی پڕ لە ماف وئازادی بێ و بە باڵای گەل بنوسرێ نەک بە باڵای خێزان و بتە سیاسییەکان.

دەستور؛ دەبێ بەرێکەوتن و سازانی تێکرای چین و توێژ و ھێز و لایەنە سیاسیەکان بنوسرێ نەک بە سەفقەی سیاسی. دستورێکی خراپ دەبێتە ئەو مڵۆزم و بەڵایەی بۆ دەیان ساڵی تر حوکمڕانی چەتەیی و بەدکار بەسەر خەڵکدا بسەپێنێ. بۆیە دەبێ ھەمو تاکێک لە مەترسیەکانی پرسی دەستور وەک خۆی تێبگا.

کات وەڵامی ھەموئەو گومان و پرسیارانە ڕون دەکاتەوە.