سەردێڕ:

دوای وتارەکەی سەرۆکی حکومەت

5/24/2020 10:20:05 AM
11658 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

راشکاویی و شەفافیەت خاڵی ھەرە بەھێزی وتارەکەی سەرۆکی حکومەت بوون، ئەو دوو خاڵە بیست و ھەشت ساڵە داواکاری ھەمووان بووە، بە خەڵک و ھێزە سیاسیەکانەوە، ھەر ئەوەشە کە بە ھەنگاوی جدی و کاریگەر دادەندرێت لە روبەڕوبوونەوەی ئەو دۆخە خراپە داراییەی توشمان بووە.

ئەوانەی دڵخۆشن بەو قسانەی مەسرور بارزانی زۆرینەی خەڵکن، کە بەدوای ئایندەیەکی باشتر بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دەگەڕێن لە دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ دەربازکردنی ئەو قۆناغە ھەستیارە، ئەوانەش کە بە قسەکانی قەڵس بوون و ناتوانن قبوڵی بکەن دوو جۆرن:

-  ئەو سیاسیانەی کە دەستیان لە بینا قاقای ئابوری و دارایی کوردستان ناوە و لەو رێگایەوە خەڵکیان لەخۆکۆکردووەتەوە و پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیان بەھێزترکردوە، ئەوانە دەزانن ئەو وتانەی سەرۆکی حکومەت دەستپێکن بۆ کارکردن بە ئاڕاستەی لێک ھاوێرکردنی کاری حیزبی و سیاسی لەگەڵ کاری حوکمەتداری و ئابوری و پێشکەشکردنی خزمەت بە خاک و خەڵک.

-  جۆری دووەمی، ئەوانەی سیاسەتی راشکاو و راستگۆیانەی سەرۆکی حکومەتیان پێ ناخۆشە ژمارەیەکن لە قەڵەم بەدەستان و خاوەن پێگە و ماڵپەڕ و پەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، کە دەزانن داھات و قازانجیان روو لە کەمبوونە و ئەو کاسپیەیان بەرەو نەمان دەچێت، چونکە ستراتیژیەتی سەرۆکی حکومەت ئەوەیە وەک لە گوتارەکە نیشانیدا کەلێنک و گۆشەیەکی شاراوەی حکومەت لە خەڵک نەمێنێت تا ئەو جۆرە کەسانە لەو کەلێن و گۆشانە چیڕۆک نەھۆننەوە و رای گشتی بە ئاڕاستەی نادروست نەبەن.

ئەوانەی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەت بە نائومێدکەر لێکدەدەنەوە لەو دوو جۆرەی سەرەوەن کە ھێز و ستراتیژیەتی دەرەکیان لە پشتەوەیە بۆ زیاتر بێ ئومێدکردنی خەڵکی کوردستان و ھاندانیان بە ئاڕاستەی پشتکردن لە خەبات و قوربانیدانی زیاتر لە سەد ساڵی گەلی کوردستان لە پێناو و ئازادی و سەربەخۆیی.

وتارەکەی سەرۆکی حکومەت زانیاری و ژمارەی ترسێنەری تێدابوون کە ھەموو لایەنەکان ناچار دەکات لە بەردەمیان ھەڵوێستە بکەن و بیرێکی جدی لە ئایندەی ئەو وڵاتە و خەڵکەکەی بکەنەوە، ئایا دەستبەرداری مێژو و قوربانیەکانی خەڵکی کوردستان دەبن و دەبنە ھۆکاری زیاتر قوڵکردنەوەی کێشەکان و زەحمەتکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک،یان پێچەوانەکەی ھەڵدەبژێرن و دەبنە بەشێک لە چارەسەر و پاڵپشتی دامەزراوە یاساییەکانی قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان.

وتارەکەی مەسرور بارزانی، ھەر چۆن لێکدانەوەی بۆ بکرێت قۆناغێکی نوێی لە کار و سیاسەت ھێناوە و جدیترین پرسیار ئەوەیە دوای ئەو وتارە چی دەکرێت و چی بکرێت؟ بە بۆچوونی من باشترین دەستپێک بۆ دەربازکردنی ئەو قۆناغە:

- جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و کارکردن بۆ ھەموارکردنەوەی ئەو خاڵەی پەیوەندی بە یاسای خانەنشینی پەڕلەمانتارانەوە ھەیە، کە یان بە تەواوی ھەڵبوەشێتەوە یان لەگەڵ یاسای گشتی خانەنشینی رێکبخرێت.

- ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو ئەو خانەنشینیانەی بۆ کادیرانی سەرجەم حیزبەکان کراون لە ژێر ھەر ناو و ناونیشانێک، ھەروەھا بڕینی ئەو پارەیەی لە حکومەتەوە بۆ دەزگاکانی حیزبی بە تایبەتی راگەیاندن دەچێت.

- پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی نەوت و ھەقدەستی کۆمپانیاکان و دوورخستنەوەی کۆمپانیای حیزبەکان و سەرکردە سیاسیەکان لە کۆنتڕۆلکردنی بازرگانی نەوت و سووتەمەنی.

- ھەوڵدان بۆ گەیشتن بە چارەسەریەک لە چوارچێوەی دەستووری عێڕاقی لە گەل حکومەتی بەغدا.

- کەمکردنەوەی موچە و شایستەی دارایی ھەموو پلە تایبەتەکان، کەمکردنەوەی خەرجیەکانی ھەموو دامەزراوەکان.

- رەوانەکردنەوەی ھەموو ئەو فەرمانبەرانەی زیادەن و بەھۆی ململانێی حیزبی دامەزراون بۆ ماڵەوە و پێدانی نیوەی موچەکانیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو.

- وەرگرتنەوەی قەرزەکانی حکومەت کە لەلای خەڵکە بە تایبەتی بازرگانان.