سەردێڕ:

کورد بە رێگای بەغدا

2/27/2020 10:30:35 AM
6977 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

بەغدا ھەرگیز و ھەمیشە جگە لە دەردەسەری و نەھامەتی زیاتری بۆ کوردستانیان پێ نەبووە، مێژووی نزیکەی سەت ساڵی دەوڵەتی بەناو عێڕاق ئەوەی سەلماندووە، بەغدا لە سەت ساڵی رابردوودا ناوەندی داگیرکاری و بەرھەمھێنانی بیری دژە کورد و ھەوڵی سڕینەوەی ناسنامەیە، بەغدا نە پایتەختی وەدیھێنانی خۆزگەکانی کوردستانیانە و نە رێگای گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانە، بەڵکو مەیدانێکە کورد نا بەڵکو داگیرکەر بۆ یەکلاییکردنەوەی شەڕەکە ھەڵیبژاردووە.

دیارترین بەرھەمی بەغدا لە رووی فکری و دەسەڵاتدارتەوە سەدام حوسێنە کە نوێنەرایەتی راستەقینەی سەت ساڵی حوکمی عەقڵیەتی زاڵی عەرەبی شۆڤینی دەکات لەو وڵاتە دروستکراوەدا، ھەموو ئەوانەی حوکمی عێڕاقیان کردووە سەدامێک بوونە لە گۆڕ دۆخ و شیانی خۆیان بۆیەشە کەمتر لە دەساڵ لە دوای دروستکردنی دەوڵەتی بەناو عێڕاق پرۆسەی بەعەرەب کردنی کوردستان لە کەرکوک و گەرمەسێر و شنگال دەست پێدەکات و ئەمڕۆش بەھەمان ئامانج و نەفسیەت بەردەوامە ئەگەرچی زۆر ناو و نازناو لە ناوەندی بڕیاری بەغدا گۆڕان، ئەوەش سەلمێنەری یەک راستەقینەیە کە کێشەی کورد لەگەڵ عەقڵیەتی زاڵی عەرەبی شۆڤینیە لە حوکمڕانی عێڕاقدا.

لەبەرامبەر ئەو عەقڵیەتە کورد و کوردستانیان بزاڤی رزگاریخوازیان دەستپێکرد و ئێستاش رێگایەکی دیکەیان نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا لە رێگای رزگاربوون لێیان، ئەو بزاڤەی چەندینجار لە مێژووی شەست ساڵی رابردوودا چۆکی بە دەسەڵاتدارانی بەغدا داھێناوە و بە مەجبوری ملیان بۆ مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی گەلی کوردستان داوە، ئەگەر ئەو ملدان و قبوڵکردنە کاتیش بووبێ و ئەوان وەک تاکتیک مامەڵەیان لەگەڵ کردبێت، تا خۆیان دەگرنەوە و ھێز پەیدا دەکەنەوە ئینجا دووبارە بەرببنەوە گیانی کوردستانیان و دیسان گەڕانەوە بۆ ھەمان رێبازی جاران و درێژەدان بە عەقڵیەتی شۆڤینی و ھەوڵدان بۆ لەناوبردنی کورد، بەڵام ناتوانن راستەقینەیەک بزر بکەن و بیشارنەوە کە کوردستانیان ھەر کاتێک یەکگرتوو و یەک ھەڵوێست بووینە، ئەوە بەھێزبووینە و سەرکەوتوون، پێچەوانەکەشی راستە.

ھەندێک بۆرە کورد لە بەغدا لە باوەشی داگیرکەران خۆیان گەرمۆڵە کردوە و لەسەر بەرژەوەندیە کەسیەکانیان ترەکینە، بووینە بڵندگۆی دوژمنان و بە ھەموو ھێزەوە ھاوکاری داگیرکەرن کە ھەمان وێنە و چوارچێوەی سەردەمی بەعس بۆ کوردستان و خەڵکەکەی دروستبکەنەوە کە نوێنەرایەیی کوردستانیان لە کۆمەڵێک جاش و کرێگرتە کورت بکەنەوە و لە بەغدا سەردەمی تەھا محیەدین مەعروف و تەھا یاسین رەمەزان بژیێنەوە و لە کوردستانیش سەردەمی تەنفیزی و تەشریعی.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٦٩دا کاتێک دانووستانی نێوان شۆڕش و حکومەتی عێڕاقی دەستیپێکرد مەکتەبی سیاسی پارتی بە مستەفا بارزانیان گوت پێویستە شاندێکمان بچنە بەغدا و جەنابت دەستنیشانیان بکە ئەو کەسانە کێ بن، مەلا مستەفا گوتی ھەر کێ دەبن با ببن تەنھا ئەو کەسانە مەنێرن کە چاویان لەوەیە لە بەغدا پۆست وەرگرن، ھێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئەمڕۆ لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بەوەیە دەست بەو رێبازەوە بگرن و شوێنپێی مەزنێکی وەک مستەفا بارزانی بکەون تا بتوانن بەسەر دوژمن سەربکەون.

دوای سەت ساڵ لە ئەزموون لەگەڵ ئەو عەقڵیەتەی تەنھا لەناوچوون بە شایەنی کورد دەبینێت، پێویستە کورد لەو راستەقینەوە تەماشای بەغدا بکا و لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ ئەو عەقلیەتە بکات کە بەرھەمی سەت ساڵی بەزۆر و زۆردارەکی پێکەوە ژیانمان تەنھا خوێن رشتن و ماڵوێرانی بووە بۆ خەڵکی کوردستان.