سەردێڕ:

ھەژمونی دەسەڵاتی زۆربە لە دەوڵەتی نەتەوەیی ھاوچەرخدا

3/3/2021 9:47:40 AM
3923 جار خوێندراوەتەوە
کاوە مەحمود
+ -

تا ئێستا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە سەر دەستەواژەیەکی یەکگرتوو سەبارەت بە مافی پێکھاتە کۆمەڵایەتییەکانی دەرەوەی بازنەی زۆربەی حوکمران لە دەوڵەتی نەتەوەییدا رێک نەکەوتووە. بەشێک لە نەبوونی ئەو رێکەوتنە بۆ فرەبوونی ئەو پێکھاتانە لە بواری چەندایەتی، و چلۆنایەتی و شوناسدا دەگەرێتەوە. 

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە دەستنیشانکردنی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا تا ئێستا بەرجەستەبوونی رێکەوتن و سازشی دیاردەی درووستبوون و بەردەوامبوونی مۆدیلی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی دوای رێکەوتننامەی ویستفاڵیایە کە لە ساڵی ١٦٤٨ دا کۆتایی بە شەڕی نێوان ئاینزا کرستیانییەکان لە ئەوروپا و بە ڕۆڵی سیاسیی کەنیسە ھێنا، و پرنسیپی سەروەری دەوڵەتی نەتەوەیی و دەستێوەرنەدان لە کاروباری سنوری دەوڵەتانی ئۆروپای درووست کرد.

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھاوچەرخ و دەوڵەتی نەتەوەیی بەردەوام کاری کردوە بۆ سنووردانان و دەستنیشانکردنی ئاست و ناوەڕۆکی داواکاری ئەو پێکھاتانە لە رێگای ئەوەی کە چەمکی مافی مرۆڤ  و تاکەکەس لە جیاتی مافی تاکە کەسێکی ئەندامی پێکھاتەیەکی کۆمەڵایەتیی خاوەن کەلتوری تایبەت دا بێت، و جێبەجێکردنی مافی ئەو پێکھاتانەی بە ھەڕەشە لە سەر بوون و بەردەوامبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی داناوە. 
لە بواری فرەکەلتوریدا کە لەم بابەتەدا لە جیاتی دەستەواژەی "میڵتی کەلتوری لیبراڵی" بەکاری دەھێنم، ژمارەیەک پێکھاتە لەو بازنەیەدا واتە فرە کەلتوری کۆدەبنەوە کە کۆمەڵگای فەرمی نێودەوڵەتی بە مافی کەمایەتی ناوی دەبات.

ھەر لە بازنەی پێکھاتە کۆمەڵایەتییە کەلتورییەکانی بەدەر لە پێکھاتەی کۆمەڵایەتی زۆربەی حوکمران لە دەوڵەتی نەتەوەییدا، کۆمەڵێک دەستەواژەی دیکە بەکاردێت و ھەر یەک لەوانە ئاستەمە لە نێو مافی کەمایەتییەکان کۆبکرێتەوە لە کاتێکدا پێکھاتەی کۆمەڵایەتی زۆربە بەردەام بە ژمارە دەستنیشان کراوە و ھەندێ جاریش کەمایەتییەک بە ژمارە ڕۆڵی زۆربەی بینیوە، وەک حوکمی سپی پێستەکان لە ئەفەریقیای باشور لە سەردەمی سیستمی ئەپارتاید، و حوکمی کشتالییەکان لە ئیسپانیا کە خۆیان بە سەر دەوڵەتدا سەپاند، و لە عێراقیشدا حوکمی سوننە لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێڕاق تا ساڵی ٢٠٠٣دا.

ھەرچەندە کارکراوە کە دەستەواژەی "مافی فرەکەلتوری" بە فراوانی بۆ داڕشتنی جۆرە سیاسەتێک بەکار بێت کە ئاستێک لە دانپێدانانی گشتی و پشتگیریکردنی ناوەندێکی بەرفراوانی کۆمەڵگە ڕەگەزییە کەلتورییەکانی دەرەوەی بازنەی پێکھاتەی کۆمەڵایەتی دەسەڵاتدار، و مافەکانیان دابین بکات، بەڵام ھەر جۆرە پێکھاتەیەک لەو ناوەندە فراوانە شوناس و تایبەتمەندی خۆی ھەیە و ئەندازەی داواکارییەکانیشیان لە یەک ئاستدا نین.
لە چوارچێوەی پێکھاتەکانی دەرەوەی پێکھاتەی کۆمەڵایەتی ناوەندی دەسەڵات لە دەوڵەتی نەتەوەییدا ڕچاوی دەستەواژەی کەمایەتییە کۆنەکان.. کەمایەتییە نوێکان وەک پەناھندە و کۆچبەرەکان .. کەمایەتییە سەقامگیرەکان و دانیشتوانی ڕەسەن، دەکرێت.

ھەڵبەتە ھەر یەک لەو دەستەواژانە پێناسەی خۆی ھەیە و ئەندامانی ئەو پێکھاتانە بەوە قایل نابن کە ھەر ھەموویان بە کەمایەتی بناسرێن. بەشێکی فراوان لە تاکە کەسی ئەو گروپانە نایانەوێت تەنھا لە چوارچێوەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و تاکە کەسیدا تەماشای مافەکانیان بکرێت، بەڵکو لە ھەمان کاتدا وەک تاکە کەسێک و مرۆڤێک کە بەشێکن لە چوارچێوەی و لە نێوەندی شوناسێکی ھاوبەش و تێکەڵاو لە گەڵ پێکھاتەیەکی کۆمەڵگایی، و کاردەکەن کە لە چوارچێوەی ئەو پێکھاتەیە مافەکانیان دابین بکرێت و خۆیان بە بەش و نوێنەری ئەو پێکھاتە کۆمەڵایەتییە دەزانن و مافە ڕەواکانیان وەک تاکە کەس بە بەشێکی جیانەکراوە لە مافی بە کۆمەڵی پێکھاتەکە دەزانن.

بە شێوەیکی کردەیی ناکۆکی لەسەر پێناسەکردنی دەستەواژەی کەمایەتی و مافەکانی ھەیە. بۆ نموونە لە بەریتانیا دەستەواژەی کەمایەتییەکان تەنھا بۆ ئەو پێکھاتانە بەکار دێت کە بە نوێی کۆچیان بۆ ئەو وڵاتە کردوە، و بەتایبەتی ئەگەر ئۆسکوتڵەندا و ویلز بە نموونە بھێنینەوە دەستەواژەی کەمایەتی بە ئەو پێکھاتە کۆمەڵایەتییانەی کە میژووی دێرینیان لە دەوڵەتدا ھەیە، ناوترێت، بەڵام لە ئۆتریش پێکھاتەی دێرینی وەک سلۆفینستەکان بە کەمایەتی دادەنرێن. لە ھەمان کاتدا دانشیتوانی ڕەسەن لە زۆربەی وڵاتان بە دەستەواژەی کەمایەتی قایل نین، و ئەگەر بڕوانینە ئۆسکوتڵەندا و ویلز ئەوا خۆیان بە گەل یان نەتەوە دادەنێن.

سەبارەت بە دابینکردنی مافەکانی ئەو پێکھاتانە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا کۆمەڵێک دەستەواژەی جیاواز بەکار دەھێنرێت، لەوانە: مافی کەمایەتییەکان، سیاسەتی ھەمەچەشنی، ڵێکۆلینەوەی کەلتوری، مافی کەلتوری، تێکەڵبوونی کەلتوری، خۆگونجاندن..ھتد.

لە گوتاری نێودەوڵەتی ھاوچەرخدا ناڕوونییەک نێوان مافی دانیشتوانی ڕەسەن و مافی کەمە نەتەوەییەکان درووست بوو. بەشێک لە ھۆکاری ئەم ناڕوونییە بۆ ئەو ڕەفتارە نامرۆیانە و بەدڕەوشتانە دەگەرێتەوە کە کۆلۆنیالیستە ئۆروپییەکان دژ بە دانیشتوانی ڕەسەن لە ئەمەریکا و ئۆستراڵیا و نیوزلەندا، و ئەمەریکای باشور ئەنجامیان دا، و لە ئاکامدا دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو ناوچانە زۆر چەوسانەوە و بە لاوازی دەرکەوتن و زیاتر پێویستییان بە پاراستن ھەبوو.

جیاوازی نێوان داواکاریی کەمە نەتەوەییەکان و داواکاری دانیشتوانی ڕەسەن لە بواری مافەکاندا لە چەند خاڵێکدا بە دی دەکرێت لەوانە:
ـ ئاراستەی زۆربەی کەمایەتییەکان خۆگونجاندنە و کار بۆ خۆتێکەڵکردنە نێو دامەزراوەکانی دەوڵەتە، لە کاتێکدا دانیشتوانی ڕەسەن  کار بۆ سەربەخۆیی دامەزراوەکانی خۆیان لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەکەن.

ـ کەمایەتییەکان جەخت لە سەر مافە تاکە کەسێکان و چوارچێوەی مافی مرۆڤ دەکەنەوە، لە کاتێکدا دانیشتوانی ڕەسەن دەڕواننە پەیڕەوکردنی بە کۆمەڵی مافی پێکھاتەکەیان.
ـ ڕۆڵە و ئەندامانی کەمایەتییەکان ناڕواننە جیاکاری و جوداخوازی لە گەڵ  پێکاتەی زۆربە و دەسەڵاتدار لە دەوڵەتدا، بەڵام ئەندامانی دانیشتوانی ڕەسەن خولیایان بۆ خودموختارییە.
یەکێک لەو پرسیارانەی کە لەم ستونەدا بە گرنگی دەزانم پەیوەندی بە دەستنیشانکردنی شوناسی دۆزی ڕەوای مەسەلەی کوردستانە لە نێو سەرجەم ئەو پێناسانەی دەخرێنە ڕوو.
ئەوەی لە سەد ساڵەی تێکۆشانی ڕەوای بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستانی ڕچاو دەکرێت، کارکردنی نەیارانی کوردستان و تەنانەت تا ڕادەیەکی بەرچاو کارکردنی سیاسەتی نێودەوڵەتییە بۆ ئەوەی مامەڵە لە گەڵ بابەتی کوردستان وەک کێشە و  گرفت بکرێت، و ھەندێ جاریش بە مەسەلە و دۆز ناوبراوە کە پەیوەندی بە کوردەوە ھەبێت وەک پێکھاتەیەکی کۆمەڵایەتی یان وەک نەتەوەیەک، نەک دۆزێک پەیوەندی بە کوردستانەوە ھەبێت وەک نیشتمان. ئەم ئاراستەیە لە دەستوری عێڕاقی ساڵی ٢٠٠٥دا ڕەنگی دایەوە کە سەرجەم گروپە کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەتی عێڕاقی بە ئاستی جیاوازی شوناسەوە بە پیکھاتە دادەنێت و وشە و دەستەواژەی کەمایەتی بۆ ھیچ گروپێک بەکار ناھێنێت، و دانەرانی دەستور پێیان وا بووە بەم جۆرە زۆربەی گرۆپە ئەتنی و نەتەوەییەکان ڕازی دەکەن و بەم جۆرەش بانگەشەی ڕووکەشی بۆ فۆرمێک لە چەمکی فرەکەلتوری لیبراڵی دەکەن.

ڕەنگدانەوەی ئەم ئاراستەیە لە دەستوردا ئەوەبوو کە پەیوەندی کوردستان بە عێڕاقەوە لە چوارچێوەی فیدڕاڵی دەستنیشان بکرێت و ئەمەش بەردەوامبوونی ئەم بۆچونەیە کە مامەڵە لە گەڵ مەسەلەی ڕەوای گەلەکەمان وەک پێکھاتەیەکی کۆمەڵایەتی لە نێو دەوڵەتی نەتەوەیی عێڕاقدا دەکات نەک ئەوەی کە خودی کوردستان نیشتمانە و مافی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی ھەیە. 

بەشی یەکەم

‌بەپەلە