سەردێڕ:

لە جوغزی سەربەخۆییدا، چەپبوون و ئەرکە هەنوکەییەکان

11/11/2019 10:38:41 PM
2490 جار خوێندراوەتەوە
کاوە مەحمود
+ -

لە 9ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا حەوت لایەنی چەپی کوردستانی لە باکور و باشور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە ژێر ناونیشانی (کاراکردنی ڕۆڵی هێزە چەپەکانی کوردستان لە تێکۆشانی نیشتمانی و چینایەتیدا)، لە شاری هەولیر یەکەمین کۆڕبەندی هێزە چەپەکانی کوردستانیان بەست. پانێلەکانی کۆڕبەندەکە بریتی بوون لە ڕوانگەی ئەو هێزانە بۆ کێَشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و ململانێی هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کارتێکردنی لەسەر پرسی کوردستان، و هاوکات لە گەڵ هەلومەرجی ئەمڕۆی کوردستان و بابەتی بنەمای گوتاری هێزەکانی چەپی کوردستان و دەرفەتی کاری هاوبەش و ئاستەنگەکان.مەبەستی سەرەکی کۆبونەوەکە جەختکردن لەسەر بنیاتنانی مەعرفی و زانستی هزری چەپی کوردستانی بوو بۆ خوێندنەوەی ڕەوشی سیاسی بە شێوەیەکی گشتی، و دانانی میکانیزمی گونجاوی کاری هاوبەشی چەپ لە هەر بەشێکی کوردستان و لە کوردستانی گەورە بە گشتی.یەکێک لە  بابەتە هزرییەکان کە بێگومان ڕووبەڕووی ئەو هێزانە دەبێتەوە و هەندێ جاریش لێکدانەوەی تەمومژاوی بۆ دەکرێت، بابەتی تێکۆشانی نیشتمانی و تێکۆشانی چینایەتی و خەبات لە پێناوی ئازادییەکانی بە گشتی و مافەکانی ژنان و ناوەندەکانی زەحمەتکێشانە، کە هەندێ جار لە بواری مامەڵەکردن لە گەڵ هەر بەشێکی ئەم تێکۆشانانە، بە میتۆد و عەقلیەتی ناکۆک دانان نێوانیان ڕەفتار دەکرێت و داوای هەڵوێست وەرگرتن دەکرێت کە گوایە تێکۆشانی نیشتمانی لە پێش تێکۆشانی چینایەتی و داکۆکی لە ئازادییەکان دێت، یان بە پێچەوانەوە تێکۆشانی چینایەتی بە پلەی یەکەم دێت و دەبێ بە پلەی سەرەکی جەختی لەسەر بکەینەوە و ئەگەر وا نەکەین شوناسی چینایەتییمان وەکو چەپ دەدۆرێنین؟

هەڵبەتە باسکردنی ئەم بابەتە لە بزوتنەوەی چەپ و سوشیالیتی و کۆمۆنیستی دا نوێ نییە، و گرنگە لەم بوارەدا بگەرێنەوە بۆ بنەماکانی مارکسیزم و شاکارەکانی بیرمەندە مارکسیستەکان سەبارەت بە دوو بابەتی گرنگ کە یەکەمیان سرۆشت و شوناسی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە کە پەیوەندی بە یاسای سەرەکی پەرەسەندنی مێژووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە، و دووەمیان چەمکی ناکۆکی و ململانییەکان و خوێندنەوەی واقیعی بەرجەستەکراو لە هەر کۆمەڵگایەکی مرۆڤایەتی کە لە لینین لە تیۆری (یاسای پەرەسەندنی نا هاوتا) دەستنیشانی دەکات، و قۆناغی پەرەسەندن و ئەرکی هێزە کۆمەڵایەتییەکان دیاری دەکات.سەبارەت بە یەکەمین بابەت مارکسیستەکان تیۆرێکی نوێیان جیا لە تیۆری مارکس کە لە مانفێستدا ئاماژەی پێکردوە سەبارەت بە مێژووی پەرەسەندنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، پەسەند نەکردوە و نەیانکردۆتە میتۆدی هزر و رێبازی بیرکردنەوەیان. میتۆدی مارکس لەم بوارە بریتییە کە سروشت و وشوناسی سەرجەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئەوەیە کە کۆمەڵگایەکی چینایەتییە، و ئەمڕوش سەڕەڕای تێکۆشانی شۆڕشگیران و پێشکەوتنخوازان و ویستەگەکانی هەوڵدان بۆ بنیاتنانی ئەلتەرناتیف بۆ سەرمایەداری لە سەر ئاستی جیهانیدا، بەڵام تا ئێستا گەیشتن بەو کۆمەڵگا ئەلتەرناتیفە بۆ سەرمایەداری کە ئاستێکی جیهانی وەرگرتوە لە جیهاندا ڕانەگەینراوە. بۆیە ئەمڕۆ چەپ و کۆمۆنیستەکان ناکری گومانیان لەسەر چینایەتیببونی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەبێ کە بیری سۆسیۆلۆجی سەرمایەداری کار بۆ ئەوە دەکەن شوناسی پێکدادانی شارستانییەکان بکەنە بنەمای فاکتەرەکانی کاریگەر لە سەر  یاسای پەرەسەندی مێژووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی.

بابەتی دووەم پەیوەندی بە خوێندنەوەی واقعی ناکۆکی و پێکدادان و ململانییەکانەوە هەیە کە لە هەر کۆمەڵگایەکی دیاریکراو جیاوازی و تایبەتمەندی لە گەڵ ئەوەی دیکەدا هەیە و ئەمەش بە هۆی (یاسای پەرەسەندنی نا هاوتا) کە یەکیکە لە بەرهەمە داهێنەرەکانی لینین بە پشت بەستن بەو ڕاستییە کە سەرجەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە یەک ئاستی پەرەسەندن و گۆڕانکاریدا نین، جکە لەوەی ماو تسی تونگ لە شاکاری (ناکۆکیی) ئاماژەی پێکردوە.

بە پشت بەستن بەو سەرچاوانە، چەمکی ناکۆکی و ململانییەکان لە هەر کۆمەڵگایەکی مرۆڤایەتی بە پێی واقیعی بەرجەسەتکراو لەهەر کۆمەڵگایەکدا دەست نیشان دەکرێ، و ئەمەش بنەمایەک بوو کە مارکس باس لە تەرزی بەرهەمهێنانی ئاسیەوەی دەکات کە جیاوازە لە تەرزی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری کە مارکس لە شاکاری (کەپیتاڵ) باسی دەکات.لە ڕوانگەی ئەم ئاراستەیەوە بۆمان دەردەکەوێ کە هێز و چینە کۆمەڵایەتییەکان لە هەلومەرج و ڕەوشی جیاوازدا و لە ژێر کارتێکردنی پەیوەندی بەرهەمهێنانی جیاوازدا ڕووبەڕووی ئەرکی جیاواز دەبنەوە، و بنەمای سەرەکی هەڵوێستی کۆمۆنیستەکان گەڕانەوەیە بۆ بۆچونی مارکس کە خەڵکی ئازاد بەرپرسن سەبارەت بە دەستنیشانکردنی چارەنوسی ژیانیان بەڵام لە ژێر کارتێکردنی هەلومەرجێکی بابەتی دیاریکراوی جیاوازدا.

لەم ڕوانگەیەوە ململانییەکانی هەر کۆمەڵگایەک دوور لە خولیای ئارەزوومەندی بە پێی ناکۆکییە بەرجەستەکراوەکاندا دەستنیشان دەکرێت، و لەم بۆچونەوە بە شێوەیەکی مێژووی لە هزری مارکسیزمدا باس لە ململانێی نیشتمانی و چینایەتی و ململانێ لە پێناوی ئازادی و مافە دیموکراسییەکان بەو پێیەی کە واقیع بەسەر ریتمی تێکۆشاندا سەپاندویەتی، دەکرێت، دوور لەوەی کە بە زۆر گۆی واقیع بادەین بۆ ئەوەی لە گەڵ کۆمەڵێک بنەمای ئایدیۆلۆجی پێشوەخت بگونجێت، و بەم جۆرەش خۆمان دەخەینە بازنەی دوگمای هزرییەوە کە لەگەڵ بنەماکانی هزری مارکسیزم و بانگەشەکردنی بۆ گەراِنەوە بۆ واقیع لە داڕشتنی ئەرکی تێکۆشاندا، ناگونجێت.

هێزی چەپی کوردستان لە سەرجەم پارچەکانی کوردستاندا ڕووبەڕووی ئەرکی نیشتمانی و چینایەتی و دابینکردنی ئازادییە دیموکراسییەکان دەبێتەوە، کە ئەم ئەرکانەش واقیعی کوردستان و مێژووی پەرەسەندنی ڕەوشی مەسەلەی کوردستان بە شێوەیکی مێژووی فەرزی کردوە. لە گەڵ ڕچاوکردنی تایبەتمەندی هەر پارچەیەکی کوردستان لە کڕۆکی ئەرکی نیشتمانیی و چینایەتیدا کە واقیعی ئەمڕۆی جیهان و ناوچەکە و خودی کوردستان سەپاندوویەتی، ئەرکی نیشتمانی هاوبەش سەرجەم هێزە چەپەکانی کوردستان کۆدەکاتەوە کە خۆی لە مافی بریا.